کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خانمی یەکەمی عیراق : دەبێت میدیاکاران بەدووربن لە ململانێی سیاسی

.

08:53 PM - 25/01/2023

 

 شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق ڕایگەیاند "بێلایەنی و راستگۆیی و سەرچاوە، بۆ كاری میدیایی و رۆژنامەنووسان گرنگە، پێویستە میدیا و میدیاكار لە ململانێ سیاسییەكان بەدوور بن"

 

خانمی یەكەمی عیراق لە هۆڵی خاك لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و میدیاكار لە سلێمانی كۆبووە و تێیدا باسی ئازادی رۆژنامەنوسیی و كاركردنی میدیا و چەند پرسێکی ڕۆژنامەوانی خرایە ڕوو، باسی ئەوەش کرا کە كاری هەمووانە رێز لە ئازادی و پیشەی رۆژنامەنووسی بگیرێت.

خانمی یەكەمی عیراق، رۆڵی رۆژنامەنووس و میدكارانی بەگرنگ زانی لە گەیاندنی راستی و دروستی زانیارییەكان و وتی "هەقە رۆژنامەنووس و كەناڵەكان راستگۆبن لە گەیاندنی زانیاری و هەواڵەكان و پشت بەڕاستی و سەرچاوەی باوەڕپێكراو ببەستن" وتیشی "بۆ میدیای سەنگین و پڕۆفیشناڵ گرنگە لە ململانێ سیاسییەكان بەدووربن و بێلایەن بن، متمانەی خۆیان بەتەواوی بپارێزن، بەوپێیەی كێشە و ململانێ سیاسییەكان كۆتاییان دێت، بەڵام باجی هەڵەكان بۆ میدیا و راگەیاندن دەمێنێتەوە"

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد چەند نموونەیەكی لەسەر لایەنداری و بێسەرچاوەیی خستەڕوو، وتی"سەرچاوەی نادیاری هەواڵ خراپە و زیانی بۆ متمانە و راستگۆیی هەیە و ناكرێت گرنگی كاریی میدیایی بەهەند وەرنەگیرێت وەك پیشەیەكی كاریگەر و بوارێكی گرنگ كە ئەوەش پێویستی بە بەرپرسیارێتییە"

سەبارەت بە كاری ئازادی رۆژنامەنووسی خانمی یەكەمی عیراق، پشتیوانی خۆی دووپاتكردەوە بۆ ئازادی كاری رۆژنامەنووسی و رایگەیاند  "پشتیوانی لە هەر پڕۆژەیەكی یاسایی دەكەین كە ئازادی كاركردن بۆ میدیاكاران لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات و زانیارییەكان بخاتە بەردەستیان" بە زەرورەتێکی حەتمی زانی کە "سایت و پەیجەكانیش ببنە سەرچاوەی راستی و دروستی گەیاندنی زانیاریی نەك چەواشەكاری و تۆمەتهەڵبەستن"

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە