کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پسپۆڕێكی پزیشكی دادوەریی بەسەرهاتی دەستدرێژیی سێكسی بۆسەر منداڵێك لە هەولێر دەگێڕێتەوە

.

12:32 PM - 21/01/2023

پسپۆرێكی پزیشكی دادوەری بەسەرهاتی رووداوێكی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵێك لە هەولێر دەگێڕێتەوە، هەروەها رێگاكانی رێگری لە رووداوی لەو جۆرە و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی دەخاتەڕوو.

 

د. دیلمان ئازاد، پسپۆری پزیشکی دادوەری لە هەولێر و مامۆستای زانكۆ لە نووسینێكدا كە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، "بە پەشۆکاوییەکی زۆرەوە هاتە راویژکاریی ئێواران لە سەروسیمایەوە دیاربوو کە بەتەواوی شۆک بووە، دەزانێت ئەو کارەساتەی بەسەر کچەکەیەوە هاتووە لە داهاتوو دەبێت باجێکی قورس بدات، ئەو دایکێک بوو، کچێکی بچووکی لەگەڵدا بوو، بەر لە سڵاو کردن، هاواری بۆ ئەوە دەکرد ماڵی وێران بووە و فریای بکەوم، هەر چۆنێک بوو کەمێک ئارامم کردەوە و پێموت چی روویداوە؟ وتی دکتۆر پشکنینێکم پێویستە، بەڵام تکایە پێم مەڵێ بڕۆ بۆ پزیشکی دادوەری، چونکە بابەتەکانت دەخوێنمەوە و بەردەوام لەو جۆرە رووداوانەدا رێنمایی خەڵک دەکەیت بچنە لای پزیشکی دادوەری، بەڵام من نامەوێت کێشەی گەورەتر بۆ خۆم و کچەکەشم دروست بکەم.

 

باسی لەوەشكردووە، كاتێك ئەو، "کە سەیری کچەکەیم دەکرد، تەمەنی زۆر منداڵ بوو، نامەوێت لێرە تەمەنەکەی یا وەسفێکی بنوسم ببێتە هۆی ناسرانەوەی ئەو کچە، بەڵام هەرچیم کرد ئەو منداڵە هێشتا تێنەدەگەیشت چی روویداوە و چی بووە؟

 

دەشڵێت، "ئەمجارەیان رووم لە دایکی کرد، پێموت چی روویداوە؟ ئەویش وتی وەک هەموو جارێک کچەکەمم ناردە دوکانێک کە زۆر دوور نەبوو لە ماڵەوەمان، کە هەندێک کەلوپەلم پێویست بوو بۆمی بکڕێت، بەڵام ئەمجارەیان زۆر دواکەوت و هەر نەهاتەوە". 

 

"دایکەکە بەدڵێکی پڕەوە بەردەوامبوو لە گێڕانەوەی قسەکانی و وتی، “دوای دواکەوتنێکی زۆر کچەکەم هاتەوە بە گریان و وتی دایە پیاوێکی بە تەمەن، ئۆتۆمبێلەکەی راگرت و پێیوتم دایکت ئیشی پێتە وەرە با بتبەمەوە ماڵەوە، منیش کە وتی دایکت ئیشی پێتە خێرا لەگەڵیدا سەرکەوتم، بەڵام لە رێگە باڵەخانەیەکی تەواونەکراو هەیە کە شوێنەکەی چۆڵە. لەو باڵەخانەیە منی هێنایە خوارەوە و منی رووتکردەوە و پەنجەی خستە جەستەم و خوێنم لێهات. کچەکەم وتی دوای ئەوە منی بردەوە ناو ئۆتۆمبێلەکەی و پێوتم بە دایکت بڵێ بزانە چی دەکەم و چیتان بەسەر دێنم. سەرەڕای ئەو کارە قێزەونە هەڕەشەش دەکات". وەك ئەوەی ئەو پسپۆڕە لە زاری دایكی منداڵەكەوە دەیگێڕێتەو

 

ئەوەشدەخاتەڕوو، "دوای قسەکانی دایکەکە، لەگەڵ منداڵەکە کەوتمە گفتوگۆ و پێموت: کچی ئاقڵ، لەو کاتەی ئەو پیاوە ئەم کارەی بەرامبەرتکرد تۆ هیچ هاوارت نەکرد؟ ئەویش وتی، “نەخێر، نەمتوانی چونکە دەستی لەسەر زارم دانابوو".

 

لە دوایدا بە دایکەکەم گوت ”هیچ گومانی تێدانیە ئەو منداڵە تا زووە دەبێت ببردرێتە پزیشکی دادوەری و ڕاپۆرتی بۆ بکرێت و پۆلیس ئاگادار بکرێتەوە. دوای ئەوەش دەبێت پزیشکی دەروونی ئەو منداڵە ببینێت”.

 

د. دیلمان ئازاد هانی دایكان و باوكانیش دەدات كە منداڵەكانیان فێربكەن کە نابێت بچنە ناو ئوتومبێلی کەسانی نەناسراو و هیچ شتێک لە کەسی بێگانە لە دەرەوە وەرنەگرن، هەروەها نابێت بە تەنها بچنە كۆڵان و ماركێتەكان.

 

هەروەها كاریگەرییە نەرێنییەكان بەهۆی دەستدرێژیی سێکسی ئاشكرادەكات لەسەر ئەو کەسانە دەردەکەوێت و بریتین لە:

1- ترس لە هەموو شتێک لە دەوروبەری.

2- ئازاردانی خۆی، بەتایبەت بیری خۆکوشتنیان دەبێت.

3- توشی دڵەڕاوکی و کێشە دروست بوون دەبێت لە خواردن، هەست بەشەرم و بە تاوان دەکات.

4- دواکەوتنی گەشەی مێشك بە بەراورد لەگەڵ تەمەنی خۆی.

5- تووشی جۆرەها نەخۆشی گوازراوە دەبێت، ئەگەر هەرزەکار بێت لەوانەیە تووشی دووگیانی بێت.

6- زۆربەی توێژینەوەکان دەریدەخەن ئەوەی تووشی دەستدرێژیی سێکسی دەبێت لە کۆتاییدا ئازاری منداڵی تر دەدات.

7- باوەڕبەکەس ناکات، لە ژیانیدا کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست دەبێت.

8- توشی خەمۆکی دەبن یان جۆرە کێشەیەکی دەروونی پیی دەڵێن post traumatic stress disorder.

 

لە كۆتاییشدا جەختی كردووەتەوە، "زۆر گرنگە منداڵەکانمان فێری خۆپارێزی بکەین و ئەگەر روویدا پێویستە چارەسەری دەروونی وەرگرن و خێزانەکان نابێت بێدەنگ بن لە مافی منداڵەکانیان".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە