کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆك بافڵ: مەگەر بەسەر تەرمی مندا شەڕی ناوخۆ رووبدات

.

07:59 PM - 02/12/2022

سەرۆك بافڵ: مەگەر بەسەر تەرمی مندا شەڕی ناوخۆ رووبدات

دیمانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
بەشی دووەم
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لە گەڵ پێگەی ئەلیكترۆنی ( Iraq oil report) باس لە حكومەتی هەرێم دەكات كە چۆن بە سیاسی كراوە و دەڵێت: تۆ بەیانییەك لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت چالاكترین، پیشەییترین، باشترین یەكەی هێزی تایبەتی ڕاهێنراو لە سەرتاسەری عێراقدا، كە هێشتا لە دژی داعش شەڕ دەكەن، رووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوە، بەیانییەك لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت بودجەكەیان بڕاوە.
سەرۆك بافڵ دەشڵێت: هەر لەم ماڵەدا، بیرمە لەگەڵ مام جەلال و كاك مەسعوود و جەنابی كاك كۆسرەت دانیشتبووم. بیرمە مام جەلال بە كاك مەسعوودی گوت، دەبێت كارێك بكەین كە هەولێر وەك سلێمانی لێ‌ بكەین، بەڵام سەرنج بدە چۆن بارۆمەترەكە تا ئێستا بە یەك ئاراستەدا ڕۆیشتووە. من گاڵتە لەگەڵ قوباد دەكەم، كە ئێمە هێشتا لە چاوەڕوانیی جادەیەكداین، هەولێریش خەریكە ئەركێكی مرۆیی دەنێرێت بۆ مەریخ.   

سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاندووە: ئەزانی من خوازیاری ئەوەم كوردێك ببێتە كەشتیوانی فەزایی، بەڵام تكایە رێگەكەی منیش دروست بكەن، باخوێندكارەكانیشم یارمەتییەكانیان وەرگرن ؟

ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات: بە ڕوونی ئێستا لە حكومەتدا چەقبەستوویەك هەیە، قوبادیش یەك دوو هەفتەیە ناچێتە كۆبوونەوەكانی حكومەت، منیش بە تەواوی پشتگیریی دەكەم. ئێمە خەڵك دەنێرین بۆ كۆبوونەوەكان، تەنها بۆ چاودێریكردن و دڵنیابوون لەوەی ئەگەر هەر بڕیارێكی شێتانە درا، لانیكەم زانیارییەكمان هەبێت. ئەو كەسانە هەموو هەفتەیەك لەلایەن كاك قوبادەوە دەستنیشان دەكرێن. بەڵام قوباد ناگەڕێتەوە بۆ ئەم كۆبوونەوانە تا ئەو كاتەی جۆرێك لە دادپەروەری فەراهەم دەبێت.

سەرۆك بافڵ دەشڵێت: هەروەها دەزانن یەكێتی بەڕاستی بێزارە لە دۆخی ئەمنیی هەولێر. دەزانی كاتێك كەسێكی دەركراو لە خاكی یەكێتی دەسەڵاتی كۆكردنەوەی هێز دەدات بەخۆی لە دووریی 200 مەتر لە ماڵی براكەمەوە. ئەمە قبوڵ ناكرێت. ئەمە سەلمێنەری پشوودرێژیی یەكێتییە، ئامادەیی ئێمە پیشان دەدات كە تەنها بیر لە تۆڵە نەكەینەوە، و نەچینە ناو ئەو هەڵە گەمژانەیەوە.

لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە تیرۆركردنی هاوكار جاف و هاتنی  وەهاب هەڵەبجەیی بۆ هەولێر، لە كاتێكدا لە هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد: سەبارەت بە پرسی هاوكار - ئێمە بە تەواوی ڕەتمان كردۆتەوە و داوای لێكۆڵینەوەی هاوبەشمان كردووە، ئێمە هێشتا داوای لێكۆڵینەوەی هاوبەش دەكەین، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت ئەو كارە بكات، بەڵكو خۆیان بە فیلمێكی گاڵتەجاڕانەی بۆلیوودەوە سەرقاڵ كردووە، كە ئێمە هەموو هەڵەكانی ئەو فیلمەمان ئاشكرا كردووە.

سەرۆك بافڵ دەڵێت: سەبارەت بە وەهاب هەڵەبجەییش ئەو  لەگەڵ من چووە بۆ هەولێر بۆ سەردانی خێزانی یەكێك لە پێشمەرگە بریندارەكانمان، ئێمە هەرگیز فەرمانی دەستگیركردنی سیاسی، بە جددی وەرناگرین، وەهاب لە فڕۆكەخانەوە هات، بە رەسمی، لەگەڵ مندا هات، بە قاچاخ نەهێنرایە ناو هەولێر، من بە بازگەكاندا نەمبرد، دەمتوانی بە یەكێك لە فڕۆكە جەنگییەكانم بێم و لەگەڵ وەهابدا لە ناو  مەكتەبی سیاسیدا بنیشێمەوە و كەسیش پێی نەدەزانی.

سەرۆك بافڵ ئاشكراشیكردووە: سەبارەت بە فەرمانی گرتن، من هەمان فەرمانی دەستگیركردنم هەیە، قوبادیش هەروەها، كەواتە پرسیارەكە ئەمەیە كە ئاخۆ یاسا هەیە ؟ یاخود  یاسا نییە؟ چونكە ئەگەر یاسایەك هەبێت ئەوا نەدەبوو منیش بچمە كۆبوونەوەی هەولێر و قوباد دەوام بكات، من پێم خۆشە خەڵك لە دادگا دادگایی بكرێن، نەك لە تەلەفزیۆن، ئەگەر وابڕوات سەرەنجام  بەم نزیكانە  لە تیك تۆكیشدا تاقی دەكەینەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات: با لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەش بە ئەنجام بگەیەنین، من هەرگیز ناپاكی لە هەڤاڵەكانم ناكەم، دەرهەق بە قارەمانەكانی كوردستان بێ وەفا نابم، تەنها لەبەر ئەوەی كەسێك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەیانییەك لە خەو هەڵدەستێ‌ و بڕیار دەدات چەند تۆمەتێك بخاتە پاڵمان كە ئێمە بە تەواوی لێی بێبەرین.

سەرۆكی یەكێتی روونشیدەكاتەوە: ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هەموو ئەوانەی قسەم لەگەڵ كردوون، تەنانەت لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا، یەك كەس ناتوانێت پاساوی ئەوەمان پێبدات كە بۆچی پێیان وایە ئێمە ئەو كارەمان كردووە، یان سوودی بۆ یەكێتی چی بووە، سوودی بۆ پارتی چی بووە، سوودی بۆ دژەتیرۆر چی بووە.

لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە یەدەگی گازی كێڵگەكانی  كۆرمۆر  كە لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندان، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: لە ڕاستیدا ئەو كێڵگانە لە ژێر كۆنترۆڵی یەكێتیدا نین، بەڵكو كەوتوونەتە ناو جوگرافیای یەكێتییەوە، دەنا بەڕاستی، یەكێتی دەستی لە هیچ كام لە گریبەستەكانی گازدا نییە، من زۆر نائومێدم لە سیاسەتی نەوت، سیاسەتی نەوتم بەدڵ نییە، پێموانییە سیاسەتێكی كاریگەر بێت لە بواری نەوتدا، من لەوەش تێناگەم كە بۆچی ئامادە نین لەگەڵ بەغدا كاربكەن.

سەرۆك بافڵ زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت: من پسپۆڕی دارایی نیم، بەڵام دەزانم بەسرە هەزار جار لە هەموو كوردستان دەوڵەمەندترە،بە تەنها بەسرە. ئەگەر سەرۆك وەزیران بێت بۆ لام و بڵێ‌ ئای بافڵ ئەم قۆریە بچوكەی خۆت بخەرە سەر ئەم مێزە، و دوای ئەوە دەتوانیت بێیت لەم مێزە گەورەیەدا هاوبەش بیت، بە بەسرەشەوە، ئەوە بۆمن دەستكەوتێكی گەورەیە، ئەمە خراپ بەڕێوەبردنە، گرێبەستەكان تەنها بە ئارەزووی خۆیان واژۆ دەكرێن، سەرنج لەو ژمارانە بدەن كە دكتۆر ئاشتی چەند ساڵێك لەمەوبەر خستوونیەتەروو، ئەوەی بەڵێنی پێداوین لە كوردستان بێتەدی، بەراوردی بكە لەگەڵ واقیعدا.

سەرۆكی یەكێتیی دەشڵێت: تاكە كێشەی ئێمە لەگەڵ پرسی گازدا ئەوەیە، نامانەوێت بەو شێوەیە خراپ بەڕێوەببرێت، ئەوە تاكە كێشەی ئێمەیە لەگەڵ گازدا. چونكە تاكە سەرچاوەیە كە ماوە، و  ئەگەر ئەم كەرتە خراپ بەڕێوە ببرێت بۆ هەرێم كارەساتبار دەبێت.

سەرۆك بافڵ زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت: من شتێكت پێ دەڵێم كە پێشتر بە كەسم نەگوتووە، چەند مانگێك لەمەوبەر بە ئەنقەست لێدوانێكی توندمدا بۆ ئەوەی كاردانەوەكان بزانم، ئەو ئەنجامەی بەدەستهێنا كە من ویستم. وەفدێك لە هەولێرەوە هاتن وتیان: با باسی گاز بكەین، زۆر دڵخۆش بووم.

سەرۆك راشیگەیاندووە: ئەزانیت، حەز دەكەم بیر بكەمەوە لەوەی كە ڕەنگە سەرەتا بتوانین كار لەسەر بازرگانی ناوخۆیی بكەین، و كارەبای ٢٤ كاتژمێری و پاشان  دەتوانین بیر لە هەناردەكردنی بكەینەوە، لە كوێ هەناردەی دەكەیت ؟ باشە بەغدا پێویستی بە كارەبا و گاز هەیە، ئەوروپا پێویستی پێیەتی، توركیا پێویستی پێیەتی، ڕەنگە بتوانین شتێك بكەین، من پێم وابوو قسەوباس لەسەر ئەم پرسانە دەكەین، بەڵام وا نەبوو، لەبری ئەوە قسە هاتە سەر ئەوەی پشكی یەكێتی چەندە و پشكی پارتی چەند دەبێت، راشكاوانە بڵیێم، پێم وتن بۆ دەرەوە، من بۆ قسەكردن لەسەر ئەمانە نەهاتووم. ئەو گازە موڵكی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، گازی یەكێتی نییە، گاز هی خەڵكی كوردستان و عێراقە، من خاوەنی نیم، دەسەڵاتم بەسەریدا نییە، ئەم عەقڵیەتە دەبێت بگۆڕێت، ئەوە نەبوونی دامەزراوەكانە كە ڕێگە بەم شتانە دەدات، نەبوونی دامەزراوەی ڕاستەقینە،  كاتێكیش سەروەریی یاسا  نەبێت ئەمە  بەردەوام دەبێت.

سەرۆك بافڵ دەڵێت: با چیرۆكێكی ترتان بۆ بگێڕمەوە، كە لەلایەن ئاسایشەوە بە ڤیدیۆ بەڵگەی لەسەر گیراوە، بەڕێزێك هەیە بە ناوی عەبدولڵا موبارەك لە چەمچەماڵ، هەندێك لە خزمەكانی، یا كەسێكی نزیك لێی، دەستی هەبووە لە كوشتنی ئەفسەرێكی ئاساییشدا، و بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە، باشە فەرمانی دەستگیركردنەكەی چی بەسەر هات ؟ بۆچی دەستگیر نەكرا؟ پێت دەڵێم فەرمانی دەستگیركردنی بەكوێ‌ گەیشتووە، كەیسەكەی گواسترایەوە بۆ هەولێر و پاشان بە شێوەیەكی سەیر چارەسەرێكی خێڵەكیانەی بۆكرا، هەر ئەوەش نا، بۆ بەیانی كرا بە جەنەڕاڵ، شەو  كابرا خێڵەكی بوو، تۆ بڵێ‌  رێگرێك بوو، بەیانی بوو بە ژەنەڕاڵ و میلیشیاكەشی بە رەسمی بوون بە بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم، ئەمە شێتییە، ڕاستگۆیانە بڵێم شێتییەكی تەواوە. سەرەتا ئەوە شەرمەزارییە بۆ پێكهاتەی سەربازیمان، ئەگەر ئازان سەبارەت چاكسازیی پێشمەرگە  قسەم لەگەڵ بكەن؟ ئەمەیە چاكسازی لە ریزەكانی پێشمەرگەدا ؟ رێگرێك  لە شەو و رۆژێكدا  بكرێتە ژەنەڕاڵ.

لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەدا سەرۆك بافڵ دەڵێت: ئەو دەمەی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی لە بەغدا ناكۆك بووین و نێوانی من و كاك مەسعوود گرژ بوو، كێشەیەكی ئەمنی لە دەڤەرەكەی ئەوان دروست بوو، منیش تەلەفۆنم بۆ كاك مەسعوود كرد، و گوتم: پێم خۆشە لەگەڵ دژەتیرۆردا بچین ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین، چونكە نامەوێت وا بیربكەنەوە كە كورد یەكگرتوو نییە.

سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت: بە گەمژەیی وەڵامی گەمژەیی نادەینەوە. من ئەو یارییە ناكەم و پێم وایە یارییەكی خراپە، پێموایە پارتی سەرەنجام درك بەوە دەكات كە ئەمە پێشینەیەكی باش نانێت.

لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وتی: مەگەر  بەسەر تەرمی مندا ئەوە رووبدات.

لە وەڵامی پرسیارێكی تردا سەبارەت بەو گرێبەستەی كە لەگەڵ كۆمپانیای كار بۆ راكێشانی بۆریی گواستنەوەی گاز كراوە، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی راكێشانی ئەو تۆڕەی بە كۆمپانیای كار رەوا بینی، كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نزیكە، هێزە ئەمنیەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێگرییان لەو كۆمپانیایە كرد و بە كردەوە پڕۆژەكەیان پەكخست.

سەرۆك تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد: كە ئەو خۆی دژی ئەو پڕۆژەیە بووە، و باسی لەوەشكرد كە كۆمپانیاكە بەبێ‌ تەندەرین ئەو گرێبەستەی پێ‌ رەوا بینراوە، وتیشی: لە راستیدا گروپی كۆمپانیاكانی كار ئەو گرێبەستەی پێ‌ بەخشراوە، ئەوەش سوكایەتیكردنە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراقیش.
هەر سەبارەت بە پرسی پەرەپێدانی كێڵگەكانی گاز و لە وەڵامی پرسیارێكدا كە لە واقیعی جوگرافیدا زۆربەی كێڵگە گازیەكان لە دەڤەری یەكێتین، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد:  ڕەنگە ئەمە ببێتە مایەی سەرسامی، پێم باشە حكومەت ئەو كارە بكات، بەڵام دەبێت هەست بكەم حكومەت حكومەتی منیشە، نەك تەنها حكومەتی هەندێك كەس، هەرچەندە ئەمە ئێستا ئاڵۆزە، بەهۆی بڕیارەكەی  دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە، دەبێت ئاگاداری ئەم شتانە بین، كەواتە یەكەم شت بنەمای یاسایە، سەرەتا دەبێت بزانین لە كوێ وەستاوین، كاتێك زانیمان لە كوێ وەستاوین، ئەوا ڕەنگە بتوانین بڕیارێكی دروست بدەین.

سەرۆكی یەكێتی روونیشیكردۆتەوە: ئەوەی من لێی دڵنیام ئەوەیە ئەگەر سەرمان بخەینە ناو لمەوە و بڵێین نا، ئەمە لە بەغدا ڕووی نەداوە، هەموو شتێك باشە، با هەر بەردەوام بین، من زۆر دڵنیام كە ئەوە سەرەنجامی باش نابێت، سەرەتا با حكومەتی هەرێم ڕزگار بكەین، با ئەم حكومەتە ڕزگار بكەین، بەم دواییانەش تۆمەتبار كرام بەوەی دەمەوێت حكومەت لەناو ببەم، دەمتوانی لە پێنج خولەكدا حكومەت لەناوببەم تەنها بە وتنی (یەكێتی وەرە دەرەوە). ئەوە بە هیچ شێوەیەك ئامانجی من نییە، ئەو پشوودرێژییەی كە یەكێتی پیشانی داوە، جێی شانازییە. ئێستا كەسانێ هەن لەناو حكومەتدا كاری باش دەكەن بۆ  لەناوبردنی حكومەتەكەی خۆیان و پێویستیان بە ئێمە نییە كە یارمەتیان بدەین، ئەوان بەبێ ئێمەش ئەو كارە دەكەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە