کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەكێتی نیشتمان كوردستان رۆڵی كەنەكە لە كاری پێكەوەیی بەرز دەنرخێنێت

.

06:31 PM - 02/12/2022

یەكێتی نیشتمان كوردستان رۆڵی كەنەكە لە كاری پێكەوەیی بەرز دەنرخێنێت

• وتاری یەكێتی لە كۆنگرەی كەنەكە: با بە هەمووانەوە هەوڵی پاراستنی  هەرێمی كوردستان بدەین كە دوژمن و ناحەزی زۆرە و بە خوێن و خەباتێكی زۆر دروست بووە

• وتاری یەكێتی لە كۆنگرەی كەنەكە: داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە دەكەین كە كوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، تێگەیشتنیان هەبێ بۆ گۆڕانی بارودۆخەكە و، پرسی رەوای كورد بە هەند وەربگرن


هەڤاڵان، ئامادەبوانی هێژای  (٢١) هەمین كۆبونەوەی گشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان
ئەم كاتەتان شاد  ..
سەرەتا پیرۆزبایی سازدانی كۆبوونەوەی ئەمساڵتان لێ دەكەین و، هیوای سەركەوتن و پێكاندنی ئامانجەكانی كۆنگرە بۆ هەمووان دەخوازین.

خوازیارین ئەم كۆنگرەیە هەنگاوێك زیاتر  نزیكمان بكاتەوە بەئاراستەی گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانیی و سیاسیەكانی گەلەكەمان.
جەخت لەو راستیە دەكەینەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان  لە پێناو پرسی نیشتمانیی و گەیشتن بەمافە ڕەواكانی گەلەكەمان دروست بووەو، لە رۆژی دەستپێكی خەباتیەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە لەقوربانیدان و تێكۆشانی بێوچان لە هەموو بوارەكان و مەیدانەكانی خەباتدا.
لەو پێناو گەیشتن بە ئازادی و سەقامگیریی و ئارامی و خۆشگوزەرانی قوربانی زۆری داوە و دەدات.
لە هەمان كاتدا شانازی گەورەی سەركەوتنەكان بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوبەشەكانی دەكەوێت. لەسەر ئەم رەوت و رێبازەش بەردەوام دەبین.

بێگومان هەر حزب و لایەنێك كە سیاسەت دەكات كەموكوڕییشی دەبێت، ئێمەش بێ كەموكوڕی نین، بەڵام  لەسەر شا ڕێگای نەتەوەیی لامان نەداوەو، ئاڵا هەڵگری پرسی نیشتمانی بووین و  دەبین.
هەمیشە هەماهەنگ و هاوكاری هێزە كوردستانیەكانمان بە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان زانیوە.
ئێستا كە جیهان و كوردستان بەرەو چوونە ناو قۆناغێكی نوێوە هەنگاو دەنێت، دەرفەت و ئاستەنگی زۆرمان لە رێگایە.
لەم ساتەوەختەشدا ستراتیجیەتی یەكێتیەكەمان وەك حزبێكی نیشتمانی، پشتگیری بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنی هەموو بەشەكانی كوردستان دووپات دەكەینەوە.
پاڵپشتی تێكۆشانی سیاسی و نەتەوەیی گەلەكەمانین لەهەموو بەشەكانی كوردستان، لەهەمان كاتدا دەستوەردان لە كاروباریان و فۆرمی كاركردنیان بۆ خۆیان بەجێ دێڵین و دەستوەردان رەت دەكەینەوە.
یەكێتی نیشتمان كوردستان رۆڵی كەنەكە لە كاری پێكەوەیی بەرز دەنرخێنێت و، پاڵپشت دەبین لەسەر رێبازی یەكێتی نەتەوەیی و دروستكردنی تێگەیشتنی هاوبەش لەخەباتدا لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە باڵاكانی گەلەكەمان.
پاڵپشتتان دەبین بۆ پاراستنی سەربەخۆیی كاركردنتان دوور لە هەژموونی حزبی و ئایدۆلۆجیایەكی تایبەتی لایەنێك.

هەڤاڵانی بەڕێز:
لەم كاتەی ئێمە لێرەدا كۆدەبینەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان  ناڕەزایی خەڵك بەگشتی و گەلەكەشمان بەتایبەتی بەردەوامە، ئێمە پشتگیری مافە رەواكانیان دەكەین.
داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە دەكەین كە كوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، تێگەیشتنیان هەبێ بۆ گۆڕانی بارودۆخەكە و، پرسی رەوای كورد بە هەند وەربگرن و بە شێوەیەكی مەدەنیانە و، دوور لە توندوتیژی چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
لەگەڵ پێكەوە ژیانی هەموو نەتەوەكانین لەسەر بنەمای هاوبەش و یەكتر قبوڵكردن.
لەلایەكی ترەوە دەستدرێژیە بەردەوامەكانی وڵاتی توركیا بۆ سەرهەرێمی كوردستان و شەهیدكردنی هاوڵاتیانی بێتاوان مەحكوم دەكەین.
داوا لە حكومەتی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكەین، ئەو پێشێلكاریە بەردەوامانەی دەوڵەتی توركیا رابگرن و سەروەری خاكی عێراق بپارێزن.
پەیاممان بۆ هەموو پارت و لایەنە كوردستانیەكان هەیە كە تایبەتمەندی هەرێمی كوردستان رەچاو بكەن.
با بە هەمووانەوە هەوڵی پاراستنی  هەرێمی كوردستان بدەین كە دوژمن و ناحەزی زۆرەو بە خوێن و خەباتێكی زۆر دروست بووە.
پشتگیری ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان بوین و دەبین. چارەسەری پرسی رۆژئاڤا لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریا بە گونجاو دەزانین و هەموو جۆرە دەستوەردانێك لەكاروباریان بە باش نازانین.

جارێكی تر پشتگیری خۆمان بۆ كارو هەوڵەكانی كەنەكە دوپات دەكەینەوەو، داوا لە هەموو لایەن و رێكخراوەكان دەكەین ناكۆكی و جیاوازیە لاوەكیەكان، وەلاوە بنێین و لەسەر ئەو ئامانجە پیرۆزەی كەهەموومانی لێرە كۆكردۆتەوە تەباو كۆكبین و خەبات بكەین بۆ چارەسەری دۆزی نەتەوەی كورد تا گەلەكەمان بە سەرفرازی هاوشێوەی گەلانی ناوچەكە بژی.

بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش هاوكار دەبین و كاری هاوبەش و خەباتی پێكەوەیی، دوور لە سەپاندی ئایدولوژیاو هەژموونی لایەنێك بە ئەركێكی هەنوكەیی و نیشتمانی  دەزانین.

ئاكام سەركەوتن هەر بۆ ئیرادەی گەلەكەمانە.
لێرەشەوە سڵاو و پشتیوانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانتان پێ رادەگەیەنم.

سوپاس بۆ گوێبیست بوونتان و هەمیشە هەر شادو سەركەوتوو بن.

وتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان
لە (٢١) كۆبوونەوەی گشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان  KNK
٢٠٢٢/١٢/٢

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە