کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمین بابەشێخ لە گەڵ وەفدێكی ڕەوتی ئازادی کوردستان كۆبۆوە

.

05:50 PM - 27/11/2022

ئەمین بابەشێخ : سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان  یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی نێوان  لایەنە سیاسەکانە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گشت ئەو هەڕەشانەی کە مەترسیان لەسەر ئەو ناوچەیە دروستکردوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی، هەڤاڵ ئەمین بابەشێخ  ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی هەڤالان سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەب، پێشوازیکرد لەبەرێزان سیامەند حاجۆ سەرۆکی ڕەوتی ئازادی کوردستانێ و دکتۆر تارق جێگری ڕەوت.   
لەکۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ ئەمین بابەشێخ بە وەفدی میوانی ڕاگەیاند: ئێمە بارودۆخی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد لە رۆژئاوا بەرز  دەنرخێنین و هیواخوازین زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەو پارچەیەی کوردستان پەرەی پێبدرێت و هەمووان کار بۆ پتەوکردنی بنەمای  کاری پێکەوەیی بکەن تاکو بتوانرێت لە ئاست ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی کە لە سەر ناوچەکە هەیە یەک دەنگ و یەک  هەڵوێست بن. لەبەشێکی تری وتەکانیدا لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی: یەکێتی هەمیشە ویستویەتی هاریکاربین بۆ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی کە لەبەرژەوەندی گەلەکەمان بێت لەو بەشەی کوردستان و هەموو ئومێدێکمان پارێزگاریکردنە لەو قەوارەیەکە بەڕێککەوتن و هەماهەنگیی لایەن و پێکهاتەکان دێنە دی.
ئەمین بابەشێخ  بۆ وەفدی میوانی دووپاتکردەوە وەک چۆن لەسەرەتای ڕوداوەکانی سوریا و ڕۆژئاوا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕووی مرۆییەوە دەرگای ئاوەڵا بوە بۆ هاریکاریی و بەدەنگەوە هاتنی ئاوارە و لێقەوماوەکان، ئاوهاش لەم قۆناغ و بارودۆخەدا هەڵوێستمان بەو جۆرەیە و بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەوەدا نین کوردی هیچ پارچەیەک لە پارچەیەکی تر لەناکۆکی نێوان لایەنەکان بەکاربهێنرێن.
هەر لەکۆبونەوەکەدا سیامەند حاجۆسەرۆکی ڕەوتی ئازادی کوردستانێ ئاماژەی دا بەوەی کە لەسەرەتای دامەزراندنی ڕەوتەکەیانەوە کاریان بۆ خەباتی پێکەوەیی کردوە لە رۆژئاوای کوردستان و بەرژەوەندی گەلی کوردیان لەسەروو هەموو بەرژەوەندیەکەوە داناوە و هەمیشە بڕوایان بەوە بوە کە دانوساندنی ( کوردی – کوردی) ئامانجێکی لە پێشینەو گرنگیان بوە بۆ رۆشنکردنەوەی ئەو ئایندە ناڕوونەی کە ڕوی لە رۆژئاوا کردوە.
سەرۆکی ڕەوتی ئازادی کوردستانێ ئەوەی راگەیاند: دابەش بوونی سیاسی لە رۆژئاوا کێشەو گرفتێکە و پێویستی بەچارەسەرێکی  یەکلاکەرەوەیە ئەگەر هەنگاوی جدی بۆ ئەو پرسە نەنرێت هەموان زەرەمەند دەبن، بۆیە ڕەوتەکەیان گشت هەوڵێکی لە پێناوی یەکڕیزی لە رۆژئاوای کوردستاندا خستۆتەگەڕ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە