کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سۆمۆ: بڕیارەكەی ئۆپێك پڵەس هەناردەی نەوتی عیراقی كەم نەكردۆتەوە

.

05:01 PM - 27/11/2022

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) دووپاتیكردەوە: بڕیارەكەی ئۆپێك پڵەس هەناردەی نەوتی عیراقی كەم نەكردۆتەوە، هەروەك پێشبینی كردوە نرخی یەك بەرمیل نەوت لەساڵی داهاتوودا ٨٥ بۆ ٩٥ دۆلار بێت.  
سەعدون موحسن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند: بڕیارەكەی ئۆپێك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە سەقامگیركردنی بازاڕەكانی جیهان.
ڕاشیگەیاند: ئۆپێك پڵەس ڕۆژانە 43 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، كۆی بەرهەمی عیراقیش لەسەدا یانزەی ئەو بڕە پێكدەهێنێت، هەر بڕیارێكیش لە داهاتوو بدرێت سەبارەت بە كەمكردنەوە یاخود زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت، ڕەچاوی دۆخی بازاڕ دەكات و ئامانج لێی دروستكردنی هاوسەنگییە.  
وتیشی: عیراق هەناردەی نەوتی كەم نەكردۆتەوە، بەڵكو بەرهەمی ناوخۆی كەمكردەوە و وەبەرهێنانی لە بەرزبوونەوەی نرخەكان كرد بە سەقامگیركردنی ڕێژەی هەناردەكردن، ئەم ستراتیژەش سەركەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی زۆرترین داهات.
جێگری بەرێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ سەبارەت بە نرخی نەوتیش ئاماژەی بەوەكرد: تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت لە ئەمساڵدا گەیشتۆتە 97 دۆلار، ئەمەش نرخێكی باشە، بەپێی خەمڵاندنی شارەزایانیش نرخی نەوت لەساڵی داهاتوودا لەنێوان 85 بۆ 95 دۆلار دەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە