کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ماڵی مام و شەڕی کۆشکەکانی پارتی

.

03:02 PM - 26/11/2022

ماڵی مام و شەڕی کۆشکەکانی پارتی
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لە واقیعدا وەهایە، کاتێک تەنێکی گەورە فڕێ دەدرێتەنێو گۆمێکی مەنگەوە، ئیدی شەپۆل دروست دەبێت و دەشڵەقێت و باری وەستاوی تێکدەچێت.

ئەگەر ئەو واقیعە بگوازینەوە بۆ دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان، دەمێک ساڵە لەغیابی نەخێرێکی جدیدا، گۆمی سیاسی کوردستان بەدڵی حزبێکی دیاریکراو مەنگ و بێشەپۆل و بێ سەرئێشە بووە، بەڵام کاتێک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (بافڵ جەلال تاڵەبانی) گۆمە مەنگەکەی شڵەقاندووە بە تەنێکی گەورەی جوڵە و پێداگرییەکانی و لەگەڵ ویست و حەزی پارتی و هاوئاوازەکانی پارتی و قەڵەم بەدەستەکانی لەناوەوەی هەرێم و دەرەوەش یەکناگرێتەوە، بێگومان دژی دەوەستنەوە و بەڕاست و چەپدا تۆمەت دەبەخشنەوە.

چەندە تۆمەت دروست بکەن و چەندە شین و شۆڕ بکەن، ئیدی واقیعێک هاتۆتەپێش و دەبێت پارتی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەویش سیاسەتی ورد و لێزانانەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانییە. یان بەمانایەکی دیکە، مادام هێز و لایەنەکانی عێراق بەشیعە و سوننەوە، هەرزوو لای ڕاست و چەپی سەرۆکی یەکێتییان گرت و ڕێگای ماڵی مام جەلال دیسان جموجۆڵ و گەرموگوڕی تێدا دەبینرێتەوە، ئیدی چەندە تیرەکەی دۆنگیشۆت لە ئاسماندا ڕاستی پێکابێت!، ئەوەندەش تیرەکانی پارتی توانیویەتی لەگەورەیی و لێزانی سیاسەتەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی کەم بکاتەوە.

دیارە دووبارە گەڕانەوەی بڕیاردان بۆ ماڵەکانی مام لە دەباشان و قەڵاچوالان و دوکان و بەغدا، بۆ پارتی مانای مەرگی سیاسی و کۆتایی تاک بڕیاری و هێزی باڵایە، لە ڕابردوودا ئازاری زۆری لەم ماڵە جیاوازانە بینیووە و دەزانێت قەرەباڵغی ئەم ماڵانە لەئێستا و داهاتووشدا، واتای چی دەگەیەنێت.
ئێستا ڕقی پارتی گەشتۆتە ئاستی کۆشکەکان، پارتی بەدیدی زاڵبوونی هەیمەنەی کۆشک و وتاری کۆشکیش لەگەڵ یەکێتی مامەڵە دەکات، پارتی دەیەوێت تەنها کۆشکی بارەگای بارزانی هەبێت و پێیناخۆشە واقیعێک هەیە ناوی (ماڵی مام)ە.

لە ئێستا ئەوەی گەورەترین ئازاری بە پارتی گەیاندووە ئەوەیە (ماڵی مام) لەبەغدا و هەرێمیش، ماڵی کۆکەرەوەی ئاراستەکانە و ماڵی قەرەباڵغییە سیاسییەکان و دیدارە چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەکانە، ئیدی ئەم کوانووی ماڵی مامە سارد و سڕنابێت، ئیدی کوانووی حزبایەتی و درێژکردنەوەی مێژووی کوردایەتی و تازەکردنەوەی واژووی بڕیارە چارەنووسسازەکان دەبێت. ئەمەش بە پارتی قبوڵ ناکرێت و ناچار جگە لە تۆمەتی هەڵواسراو لەڕێگەی کۆلکە قەڵەمە دەرکراوەکانی ئەوروپایەوە، شتێکی دیکەی نییە.

پارتی خۆی باش دەزانێت کە، بۆ هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی، دەبێت دواجار بچێتە یەکێک لە ماڵەکانی مام جەلال و بەبێ یەکێتی ناتوانێت باس لە حکومەتێکی یەکگرتوو بکات، لەدەرەوەی واقیعی ڕێککەوتن و پێکەوە کارکردن، هەر ئەوە ئەنجامەکەی دەبێت کە لە بەغداد بینیمان.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە