کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆبونەوەكەی دوكان ، بەگژداچونەوەی تاكڕەویی بوو لە كوردستان

.

01:15 PM - 26/11/2022

كۆبونەوەكەی دوكان
بەگژداچونەوەی تاكڕەویی بوو لە كوردستان

خەبات نەجمەدین
ئەگەر چی لەمێژە پارتی بەوە ناسراوە كە حزبێكی تاكڕەوی خۆسەپێنەو دژی فرەڕەنگی و فرەدەنگییە لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی خۆی.  ھەروەك فەزای ئازادیی لە كاری ڕێكخراوەیی و چالاكییە مرۆییەكان و ڕاگەیاندنیش  زۆر بەرتەسككردۆتەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە  ماوەی چەند ساڵێكە پارتی توشی غروری زۆرینە بووە بەجۆرێك لەئێستادا دەیەوێت ئەو سیستمی  تاكڕەوییە لە سنوری ھەولێرو دھۆك بگوازێتەوە بۆ سنوری سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە.

 هەڵبەت پێشتر ڕوون ئاشكرا بوو پارتی ھیچ حزبێكی كوردستانی نەدەخوێندەوە لە سنوری ھەولێرو دھۆك  بەڵكو بەعەقڵیەتی ھێزو دەستگیركردن و سڕینەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكردن بەڵام ئێستا لەدژی یەكێتی پەنای بۆ گەمارۆدان و سزای ئابوری و ئاوەدانی و و تەنانەت تەندروستیش بردووە لە زۆنی فرە ڕەنگ و فرەدەنگەكانی كوردستان.

ئەو زۆنەی كە بە عەقڵیەتی سەرۆك مام جەلال دیموكراسی ڕێژكراوەو ھەتا یەكێتیش مابێت ھەروا دەمێنێتەوە)

تموحی پاوەنخوازی و قۆرخكاری پارتی بۆ سنوری سلێمانی شتێكی تازە نیە پارتی چەند ساڵێكە ئاواتی بۆ دەخوازێت بەڵام بەڕێگەی  دەنگدان و دیموكراسی لەسەرجەم ھەڵبژاردنەكاندا شكستی ھێناوە ئێستا دەیەوێت بەڕێگەی سزای ئابوری  و ئیرهابی فكری ھەژمونی خۆی بەسەر زۆنی فرەحزبیەكان بسەپێنێت.

لە بەرامبەردا سەرۆكی یەكێتی مامەڵەیەكی زۆر ژیرانەی لەگەڵ دۆخەكەدا كردووە بەجۆرێك پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی خستۆتە پێش بەرژەوەندییە حزبییەكان ٸەگەرنا دەمێك بوو دەیتوانی بۆ بەٸستۆپكردنی مانۆڕە ملھوڕییەكانی پارتی كارتە جۆراو جۆرەكان بەكاربھێنێت.

پارتی ماوەیەكی زۆرە ھەردوو پۆستی سەرۆكی ھەرێم و حكومەتی لەژێر دەستە بە جۆرێك  دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ھەرێم و حكومەتیان بۆ خۆیان قۆرخكردووە زۆرینەی حزب ولایەنە كوردستانییەكان دركیان بەوە كردووە, پارتی نەیتوانیوە لەڕێگەی ٸەو پۆستانەوە خزمەت بەخەڵكی كوردستان بكەن بەڵكو بە پێچەوانەوە خەڵكی كوردستانیان ڕووبەڕووی دەیان قەیرانی نیوموچەو ڕوبعە موچە كردووە ھەروەك نەیانتوانیوە پەیوەندییە دەرەكییەكان لەخزمەت كوردستان بێت بەڵكو لە ڕوانگەی تەسكی حزبییەوە بەشێوەیەكی نھێنی مامەڵەیان لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمی و حزبە عێراقییەكانكردووە كە دواجار گوندو دێھات و خەڵكی سڤیل باجەكەیداوە,  بۆیە كۆبونەوەكەی دوكان ٸاشكرایكرد كە  ویستی حزبە كوردستانییەكان بەدەر لەپارتی ٸەوەیە چۆن بتوانن كوردستان ڕزگار بكەن لە سیستمی تاكڕەوی و سزا ٸابوریی و سیاسییەكانی  پارتی  بۆ ٸەو مەبەستە ڕێككەوتن كە بەرەیەكی كوردستانی یاخود ٸەنجومەنێكی باڵای سیاسی دروست بكەن كە نوێنەری سەرجەم حزبەكانی تێدا بێت و چیتر لەڕێگەی ٸەم بەرەیەوە مافە یاسایی و دەستورییەكانی كوردستان بپارێزرێت .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە