کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی: ئاسانكاری بۆ گەنجان دەكەین ببنە خاوەنی كاری خۆیان

.

05:44 PM - 04/10/2022


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدێكی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، حكومەتی هەرێم ئاسانكاری تەواو دەكات بۆ ئەو گەنجانەی كە بیرۆكە و پڕۆژەیان هەیە و دەیانەوێت ببنە خاوەنی كار و بزنسی خۆیان.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئێرڤ هیكس كۆنسوڵی گشتی ئەمریكا  ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوكارییەكانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكای كرد بۆ هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش لەڕووی ناردنی راوێژكار بۆ یارمەتیدانی حكومەتی هەرێم لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ریفۆرم و چاكسازی لە دامەزراوەكانی حكومەتدا.
جێگری سەرۆكی حكومەت داواشی كرد لە هاوكارییەكانیان بەردەوام بن و بە تایبەتیش هاوكاری گەنجانی خاوەن بیرۆكە و پڕۆژە بكرێت، لەم چوارچێوەیەدا راشیگەیاند، حكومەتی هەرێم لەڕێگەی كەمكردنەوەی رۆتین و چاكسازییەكان و هەمواركردنەوەی یاسا و رێنماییەكانەوە زەمینەیەكی باشی ئامادەكردوە تا گەنجان ببنە خاوەنی كار و بزنسی خۆیان و بە هەموو تواناشمانەوە پشتگیریان دەكەین و هەوڵیش دەدەین بازاڕی پێویستیان بۆ بدۆزینەوە.
لەلایەن خۆیانەوە وەفدەكەی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتگیری خۆیان دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی گەنجانی كوردستان و تەئكیدیانكردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێم و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە