کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی (ی ن ک) لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە ئێلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عیراق.

.

04:51 PM - 04/10/2022

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە ئێلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عیراق.

لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان تاوتوێکران و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عیراقی تێکەوتووە گفتوگۆی لەبارەوەکرا.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی هەرێمی کوردستان کرد و وتی، بەخۆشحاڵییەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هاتووەتە ئاراوە و هیوادارم هەموومان بە گیانێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە لەپێناو گەل و قەوارەی هەرێم سازش لەسەر داواکارییەکانمان بکەین. بە گوتارێکی نیشتمانی و وەک یەک تیم بچینە بەغدا لەپێناو داکۆکیکردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان.

لەبارەی ئەو دۆخە سیاسییە نەخوازراوەی عیراق و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر، سەرۆک بافڵ وتی، هەمووان هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانن و لەسەرەتاوە بەئاشکرا وتوومانە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانە. هەموو هەوڵەکانیشمان لەپێناو کۆکردنەوە و نزیککردنەوەی دەنگە جیاوازەکاندایە لەپێناو سەقامگیریی وڵات و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە