کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ماڵئاوایی مام جەلال، باوكی رۆحیمان

.

02:34 PM - 03/10/2022

ماڵئاوایی مام جەلال، باوكی رۆحیمان

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

 

 

ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال_دا تێدەپەڕێت، سەرۆكێك لە دامێنی كێوی سەختی كوردایەتی و لە نسكۆی پڕ نائومێدیی شۆڕشی كوردییەوە كەوتەڕێ و تاكو لووتكەی بڵندی دەسەڵات لە خاكی نێوان دوو رووبارەكەدا نەسرەوت و كەمەكێكیش پشتی بە گاتلی ماندووبوون و وەڕسبوونەوە نەنا، دواجاریش هەر لە ترۆپكدا بۆ ئەبەد مایەوە و دەمێنێتەوە.

 

لە سەفەر خێری مام جەلالدا دەركەوت، هەموو ئەو ئەدگارانەی كە پێویستە لە باوكێكی رۆحیدا هەبێت، لە خودی مام جەلال-دا هەبووە، بۆیە كاتێك ماڵئاوایی دەكات، ئیدی هەموو گەلی كورد و هەموو عیراقییەكیش لای خۆیەوە پێیوابووە خودی «مام جەلال» لە هەموان رۆشتووە، نەك تەنها لە كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

 

ئەو چاوگێڕانەی ئێستای تاكی كورد و عیراقی بەشوێن رۆحی بەرزەفڕی مام جەلال-دا، پێماندەڵێت: مام جەلال لە دڵی هەموو پێكهاتەیەكی عیراقیدا بە نەمری دەمێنێتەوە و باڵا و قامەتی كەڵەگەتتر دەبێت.

 

ئەمڕۆ هەموو لایەك وەك یەك هەست بەو ونبوونە جەستەییە دەكەن و وەك یەك نائامادەیی جەستەیی مام جەلال دەبینن و بەیەك پانتایی نزیكن لە خەمی ژیانئاوایی مام جەلال ەوە. 

 

بە واتایەكی دیكە، ئەم باوكە رۆحییە سنوورەكانی ناسیونالیستیی بوونی تێكشكاندووە و لە دڵ و دەروونی هەموو كوردستانی و عیراقییەكدایە و رۆحێكی دابەشنەبووە.

 

بەهەر پێوەرێك لەو كێوی داخ و مەراقە بڕوانین كە كورد و عیراقییەكان بۆ سەرۆك مام جەلال هەیانە، دەردەكەوێت مام جەلال باوكی رۆحی هەموو كورد و تەنانەت عیراقییەكانیشە. 

 

ئەم خۆشەویستییە لەسەر ئاستی كوردستان و عیراقیش بۆ مام جەلال، خۆشەویستییەكی دروستكراو و گوماناوی، سەرزارەكی نییە بە زۆر خزێنرابێتە دڵ و رۆحی تاكەكانەوە، بەڵكو خۆشەویستییەكە لە رۆحیانەوە هەڵدەقوڵێت.

هەرچەندە جاڕی نەتەوەیی و نیشتمانیی و دینی عیراقییەكان بەهێزبێت لەبەرامبەر نەتەوەی كورددا، دواجار ناتوانن لەبەرامبەر باوكە رۆحییەكەیاندا بیشارنەوە و ئەو هەقیقەتە نەڵێن كە مام جەلال لە ناو مولوولەكانی خوێنی ئەواندایە و ناتوانن رقیان لێی ببێتەوە.

 

ئەم خۆشەویستییەی كورد و تەنانەت تەواوی عیراقییەكان بۆ باوكە رۆحییەكەیان، شتێكی یەك لایەن و تاك ئاراستە نەبوو، بەڵكو مام جەلال خەمی هەموو تاكێكی كورد و عیراقی لە رۆحی خۆیدا هەڵگرتبوو.

 

مام جەلال نەك تەنها بزوێنەری مێژوویی كورد بوو، بەڵکو بزوێنەری مێژوویی عیراقیش بوو، بزوێنەری سیاسی و ئەمنی و دیموكراسیی و ژیانی هاووڵاتیانی عیراقیش بوو، بزوێنەری ئەو دۆخە چەقبەستووەی عیراق بوو كە دەمێك ساڵ بوو عیراق وەك دوو ویلایەتی سەرۆكایەتی مام جەلال بەخۆیەوە نەبینی بوو، ئەو شاهیدییەی ئێستا عیراقییەكان بۆ سەرۆك مام جەلال دەیدەن راستگۆییە لەگەڵ ناخ و وێژدانی خۆیاندا، خۆشەویستییەكە ئەوەندە بەهێزە هیچ سنوور و لەمپەرێكی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی ناتوانێت لە دڵیاندا بیوەستێنێت و نەیدركێنن.

Write to Azad Ibrahim Ahmed

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە