کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

عیراقییەکان مام جەلالیان لەدەست دا و عیراقیش پێگەکەی

.

02:12 PM - 03/10/2022

عیراقییەکان مام جەلالیان لەدەست دا و عیراقیش پێگەکەی

 

بارزان شێخ عوسمان

 

سەرەتا بەو وتەیەی کاك نەوشیروان مستەفا دەستپێدەکەم کە رۆژی سێشەممە لە سێی مانگی مایسی 2016 لە میانی دیدارەکەیدا ئاراستەی سەرۆك مام جەلالی کرد، کاتێک فەرمووی «مام جەلال بە راستی جێگەت دیارە لە كوردستان و عیراق و پڕناكرێتەوە، لە كوردستان پێویستی زۆرمان پێتە، ئێستا لەوەتەی لە بەغدا نیت، ناكۆكییەكان قوڵبوونەتەوە، جاران جەنابتان هەموویانت كۆدەكردەوە».

بەڵێ وەك شەش ساڵ لەمەوبەر (مام جەلال وتەنی)، کاکە نەوە فەرمووی، ئێستاش عیراق و کوردستان پێویستیان بە کەسایەتییەکی سیاسیی پراگماتیگی وەک سەرۆك مام جەلالە کە لە دوای نەخۆشکەوتنەکەی لە 17ی دیسەمبەری 2012، نەك هەر عیراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە کوردستان و فوراتی ناوەڕاست و باشوورەوە خەمباربوون بۆ مام جەلالەکەیان، بەڵکو تەواوی ناوچەکە و جیهان نزای چاکبوونەوەی هەرچی زووتریان بۆ کرد. تەنانەت سەرۆك ئۆباما لە بروسکەکەیدا داوا دەکات «تکایە سەرۆك تاڵەبانی بەهێز بەو زوو چاک ببەوە، چونکە کاری زۆر ماوە پێکەوە تەواوی بکەین».

 

رێگری مام جەلال لە پێشێلکردنی سەروەریی هەرێم

ئەو مام جەلالەی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بوو کە هیچ بیانویەک نەمێنێت بۆ پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و عیراق، هەوڵی زۆریدا بە روانین و بۆچوونە دوورمەوداکانی تا هەرێمی کوردستان و عیراق بە گشتیی لە هەمو روویەکەوە لە گەشەسەندن و پەرەسەندندا بن .

سەرۆك مام جەلال سەرباری ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، سەرباری تێرۆریزم، سەرباری ملنەدانی هەندێک لایەن و کەسایەتیی بۆ ئاشتیی و پێکەوەهەڵکردن، بەڵام بە حیکمەتە سیاسییەکەی خۆی توانی پارسەنگی هێز بێت بۆ ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کە عیراقییەکان متمانە بە ئایندەیان بکەن لە سایەی رەوایی حوکمداریی سەرۆکە پەرۆش و دڵسۆزەکەیان، گەلی کوردستان و تەواوی عیراقیش بە ئارامیی لە ماڵەکانیان دادەنیشتن و دەخەوتن، خەمی سبەینێیان نەبوو، چونکە دڵنیابوون کە سەرۆك مام جەلالەکەیان زامنە، هەروەك ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانییش بە (سەمام ئەمان)ی عیراقی وەسفکرد.

تا سەرۆك مام جەلال لەکاتی نەخۆشییەکەشدا دەبینرا، کۆمەڵانی خەڵك و سیاسییەکانیش ئومێدیان لەدەست نەدابوو، هیوایان لەسەر ئەو هەناسەیەی مام جەلالی عیراق و کوردستان و ناوچەکە و جیهان هەڵچنیبوو کە لە دەباشانەوە ئارامیی و دڵنەوایی پێ دەبەخشین.

 

کوردستان و عیراق کاریزمایەکیان لە دەست دا

بە داخەوە لە رۆژێکی وەك ئەمڕۆدا و پێنج ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵانی خەڵك لە هەرێمی کوردستان و عیراقیش ئەو کارێزمایە، ئەو رۆڵە هەڵکەوتووەیان لە دەست دا، کە دەرمانی هەموو دەردەکانی عیراقی لابوو، وەك پزیشکێک بۆ هەر دەردێک دەرمان و هەتوانێکی لابوو.

قسەکردن لەسەر سەرۆك مام جەلال-ی مەزن نەک بە وتارێک و هەزاران وتار و سەدان کتێب تەواو نابێت، بەڵکو پێویستی بە دامەزراوە و کتێبخانەیەکی زۆر فراوانە، کە خۆشبەختانە وا «دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی» خەریکە دەکەوێتە کار بۆ کۆکردنەوەی گەنجینە فیکرییەکەی مامی خۆمان. ئاخر سەرۆك مام جەلال سەرباری ئەوەی موفەکیر و بیریاربوو لە سیاسەت و دیپلۆماسییەت و حوکمداریدا، لە بوارەکانی تریشدا قاڵبوویەکی بێ وێنە بوو.

کاتێکیش باسی پۆستی سەرکۆمار هاتە پێش لە سەرۆك مام جەلال زیاتر کەسی تر نەبوو ئەو ئەرکە قورسەی پێ بسپێردرێت، کەسی تر نەبوو کە بیری تەسکی حزبی و نەتەوەیی و مەزهەبی لە خۆی دابماڵێت و ئامانجی راستەقینەی تەنیا و تەنیا خزمەتکردنی گەل و وڵات بێت، بۆیە کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار رووی تێکرد و چووە بەردەمی و ئەوی بە شایستە زانی، واتە سەرۆك تاڵەبانی پێویستی بە کورسییەکە نەبوو، بەڵکو کورسییەکە بوو چووە خزمەتی.

کەسایەتیی سەرۆک مام جەلال لە کەس نەدەچوو، واتە زادە و ئیلهامی کەسایەتییەکی تر نەبوو، بەڵکو خۆی بە درێژایی شەست ساڵ زیاتر لە خەبات، ئەزموونێکی گەورەی بەدەستهێنابوو، هاوکاتیش کەس نەیتوانی و ناشتوانێت لە بەڕێزیان بچێت. بەڵام گرتنەبەری رێگە و رێبازەکەی نەبۆتە رێگر لەبەردەم هەر کەس و سەرکردەیەک کە بیەوێت بە بیر و فیکری مام جەلال کاری سیاسیی بکات و خزمەتی گەل بکات.

 هەر ناوی مام جەلال خۆی فەرهەنگێکی گەورە و فراوانە. چونکە ئەو تەنیا یەک بوار نەبوو کە تیایدا قاڵ بوبێت، دەبێت لە باسی ئەودا لەیادمان بێت لە کامە بواریان قسەی لەسەر بکەین و لێی بدوێین. ئەوکاتە دەبێت بەم شێوەیە ریزبەندیی بۆ بکەین مام جەلال و :

خەباتی سیاسیی و چەکداری

دیموکراسیی و بیری چەپ 

نووسین و رۆژنامەگەریی

خەباتی جەماوەریی و پیشەیی

خەباتی سەندیکایی (خوێندکاران، جەوانان، ژنان و کرێکاران و ئەوانیتر)

خەباتی دیپلۆماسی

خەباتی پەرلەمانیی

 دەوڵەتداریی

 

ئاشتیی و ئارامیی و مام جەلال و قانون

کەواتە بلیمەتیی و زاڵبوونی سەرۆك مام جەلال بەسەر ئەو هەموو بوارەدا بەو مانا قووڵەیە کە ئەم کەسایەتییە مەزنە بە بیر و فیکرەکەی قوتابخانە و رێبازێکی پێکهێناوە کە پەیڕەوکردن و چاولێکردنی گەل و وڵاتمان بەرەو کەنارێکی ئارام دەگەیەنرێت و دەپارێزرێت لەو بارودۆخە نالەبار و شێواو و پاشاگەردانییەی کە عیراق و کوردستانیشی گرتۆتەوە .

لە پێنجەمین ساڵڕۆژی کۆچەکەیدا دەنگم دەگەیەنمە مەزارەکەی دوای درود و هەواڵ پرسین ئەم چەند دێڕەی دەخەمە خزمەت و دەڵێم:

رووداوە نەخوازراوەکانی عیراق و کوردستان لە دوای ماڵئاوایی یەکجارەکیت زیاتر پەرەیان سەندووە، هەروەك کاك نەوشیروان مستەفا فەرموی «ئێستا لەوەتەی لە بەغدا نیت، ناكۆكییەكان قووڵبوونەتەوە»، بۆیە هەموان لەهەر کات زیاتر پێویستیان بە فکر و میتۆدە بەرفراوان و ئەزموونی پڕ لق و پۆپی ئێوەیە بۆ قوتاربوون لە قەیران و نەهامەتییەکان، پێویستیان بە چەپکە گوڵەکەی سەر مێزەکەتە، پێویستیان بە وتە بەنرخەکانتە لەبارەی هەورازخستنی بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵك.

 

مەدرەسە فیکرییەکەت هەر ئاوەدان بێت

یەکێتییەکانیش پێویستیان بە وتە نەستەق و بەناوبانگەکەتە کە فەرمووتە «سەروەرییمان، مانەوەمان، گەشەکردنمان بەندە بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە».

هیوادارم بتوانرێت رۆحە پاك و سافەکەت ئاسوودە بکرێت بە هەنگاونان بە شوێن هەنگاوەکانی ئێوەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان .

مەرج نییە تەنیا هەر یەکێتییەکان چاوت لێ بکەن، چونکە جەنابتان هەر موڵکی ی.ن.ک نەبوون، بەڵکو مام جەلال-ی هەموو کوردستان و عیراق و ناوچەکە و جیهانیش بوون.

لە کۆتاییدا دەڵێم مامە گیان ئاسوودە و ئارام بە، هێشتا زۆرن ئەوانەی کە بۆ چرکەیەکیش لە بیرت ناکەن و هەمیشە ئامانجیان ئاسوودە کردنتە، ئەوەتا بۆ زیاتر و هەمیشە زیندوویی ئێوە، هەڤاڵەکان و هاورێبازەکانت دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی-یان پێکهێناوە تا ناوی مام جەلال بۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوە و مەدرەسە فیکرییەکەت هەر ئاوەدان بێت و نەوە دوای نەوە سوودی لێ ببینن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە