کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مانگی رابردوو عیراق رۆژانە 5 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئوردن كردووە

.

05:09 PM - 02/10/2022

كۆمپانیای سۆمۆ ئاشكرایكرد: لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا عیراق  150 هەزارو 552  بەرمیل نەوتی هەناردەی ئوردن كردووەو نرخی هەر بەرمیلێكیشی 15 دۆلار كەمتر بووە لەو نرخە رەسمیەی كە عیراق هۆی فرۆشتوویەتی.
كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق ناسراو بە سۆمۆ رایگەیاندوە: مانگی رابردوو لە كێڵگەكانی كەركوكەوە رۆژانە زیاتر 5 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی تانكەرەوە بۆ پاڵاوگەی زەرقا لەئوردن گوازراوەتەوە، تێكڕای داهاتەكەشی 11 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە: هەر بەرمیلێك بە 73 دۆلارو 87 سەنت بە ئوردن فرۆشراوە، بەراورد بەو نرخە رەسمییەی كە عیراق خۆی لە بازاڕەكانی جیهاندا فرۆشتویەتی و 88 دۆلارو 83 سەنت بووە، نزیكەی 15 دۆلاری كەمتر بووە.
عیراق و ئوردن لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2018وە یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزاكردوە، بەمەبەستی هەناردەكردنی 10 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە، بەپێی ئەو یاداشتەش عیراق هەر بەرمیلێك نەوت بە 16 دۆلار كەمتر لەنرخی نەوتی برێنت بە ئوردن دەفرۆشێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە