کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سۆشیال میدیا پەروەردە و ڕۆشنبیری و کلتورمان بۆ کوێ ئەبات؟

.

11:28 AM - 02/10/2022

سۆشیال میدیا پەروەردە و ڕۆشنبیری و کلتورمان بۆ کوێ ئەبات؟

كاروان سامان

پێویستە هەموو بەئاگا بێت  لەوەی کاتێک راگەیاندن دەکرێتە ئامرازی ساغ كردنەوەی كاڵای خراپ و زیانبەخش، وەك ژەهر دەڕژێنرێتە فەزای گشتی و ژینگەی كۆمەلایەتی،بە جۆرێك هیچی کەمتر نیە لەو ڤایرۆس و پەتا جهانیانەی کە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە، هەندێک بە تەواوی دەبنە قوربانی و هەندێکیش گیرۆدەی دەستین، ئەوەی دەمێنێتەوە بەسەلامەتی خەڵکە هۆشیار و تێگەیشتتوو فکر فراوانەیە لە بەکارهێنان و بەکاربردنی.

ئەمڕۆ ئەگەر سەرژمێرییەک بکرێت ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵک بەکارهێنەری سۆشیال میدیان بەجۆرێک زیادەڕەوی تێدا ئەکرێت،بوار بۆ چالاکی تری ڕۆژانە لە ژیانی تاک ناهێڵێتەوە، ئەگەر دەرئەنجام و بابەت و بڵاوکراوەکان تەندرووست و پڕبەها بن،یان زانست و زانیاری درووست بن، دەکرێت فکر و ڕۆشنبیری مرۆڤ بەخێرایی و بەئەندازەیەکی زۆر پەرە پێبدات، ئەگەر پێچەوانەکەشی بێت ئەوا تاک و کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی خراپی کۆمەڵایەتی و پەرەوەردەی و ئاسایشی دەبات.

ئەزموونی پەرتەوازەیی و بێ سەروبەری لە سۆشیال میدیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی نوێیە و خەریکە تێگەیشتن لەو بێسەرووبەرەی میدیا  دێتە ئاراوە، گرنگ هەنگاوی جدییە بۆ کۆنترۆڵکردن و سنوردارکردنی لەلایەن فەرمانگە پەیوەنددارەکانی حکومەت و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتری وەرگرەکان.

 ئەزموونی خراپ و بێ کۆنترۆڵی سۆشیال میدیا لەوڵاتانی تر تێپەڕێوە،کار لەسەر ئەوە دەکرێت وەرگر هۆشیار بکرێتەوە وەک چۆن خواردنێکی زیان بەخش زیان بەتەندرووستی جەستە دەگەیەنێت، ئاوهاش هەواڵ و بابەتی ناڕاست زیان بە کەلتور و ئاداب و ئاسایش و پەروەردە و لایەنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.

لە ئەڵمانیا، كۆمپانیای ڤۆدافۆن توێژینەوەیەكی لەسەر گەنجان كردووە كە %75 ی گەنجان پێیان باشبووە لە خوێندنگەكاندا باس لە چۆنێتی هەڵسوكەت لەگەڵ هەواڵی درۆدا بكەن، چونكە پێیانوایە هەواڵی درۆ پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و یەكگرتوویی كۆمەڵگە لە ئەڵمانیادا تێكدەدات، كە زۆربەی هەواڵەكان بریتین لە بڵاوكردنەوەی رق و كینە و جیاوازیی رەگەزیی و ئایینی و مەزهەبی.

بە پێی ئەو تویژینەوەیە %58ی ئەو گەنجانە پێیان باشە ئەوانەی لەسەر پێگە ئەلكترۆنییەكان كاردەكەن، رووبەڕووی هەواڵی درۆ ببنەوە. %46 پێیان باشە هۆیەكانی راگەیاندن ئاگاداری ئەم كێشەیە بن و كاری پێویستی لەسەر بكەن.

هاوکات لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنانی یوتوبیش لە دەڵێت: "بە داخەوە نزیكەی 10 ملیۆن ڤیدیۆی هەواڵی ناراست لە سەر كۆرۆنا بڵاوكراوەتەوە و زۆربەشیان بینەریان ناگاتە 10 بینەر، بەڵام یوتوب ستراتیژییەكی تازەی داهێناوە لەسەر سڕینەوەی ئەو ڤیدیۆییانە و لەمەودا رێكاری پێویست دەگرێتەبەر بەرامبەر ئەو كەناڵانەی ئەو جۆرە كارانە دەكەن.

بابەتەکە جیهانییە،کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی بەشێوەی تەندروست و بەکارهێنانی بۆ ماوەیەکی دیاری کراو لەلایەن تاکەوە بەشێوەیەک نەگاتە ڕادەی ئالودەبوون،بەشێک لە ئەرکەکە لەسەر حکومەتە، کارکردنی دامەزراوە و کەناڵە میدیا ڕەسمییەکان بەشێوەیەکی تەندرووست و پابەندکردنیان بە بڵاونەکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست لە بەرژەوەندی لایەنێک یان یان کەسێک،وەرگرتنی ڕۆژنامەنوسی ڕاهێنراو لە میدیا و دامەزراوە میدیایەکان، سنووردارکردنی میدیاو پێدانی مۆڵەتی کرکردن لە وڵات بەشێکن لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بێسەروبەری سۆشیالمیدیا، لەلایەکترەوە پێنەدانی زانیاری و لێدوان و لە لایەن فەرمانگەکانی حکومەتەوە بەدەزگا و میدیایی نارەسمی و نەناسراو و بێ مۆڵەت. 

ڕێکخستنەوەی ئەرکی حکومەت و ڕێکخراوەکان و تاکە، تیایدا پەروەردە و مامۆستایانی ئاینی و ناوەندە ئەکادیمیەکان و دامەزراوەکانی تایبەتمەند لەحکومەت ئەتوانن ڕۆڵی تێدا بگێرن.

چونکە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بوتە بەشێکی گەورەی ژیانی هەموان، کاتی بەکارهێنان سنوردارنیە، بەپێی نوێترین توێژینەوە لە ئێستادا لەسەرئاستی جیهان (520) ملیۆن كەس ئالودەی بەكارهێنانی ئینتەرنێت بوون ، بۆ ئەوەی لانی کەم ئالوودەبوونی تاک بە سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێژەکەی کەمبکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان.

 ئەگەر تەماشایەکی دەوروبەری خۆشمان بکەین،بەتایبەت  ئەوەی کەسانەی  رۆژانە زیاد لە پێویست ئینتەرنێت بەكاردەهێنن، هەروەك لەكاتی بچڕانی هێڵی ئینتەرنێت هەست بە نائارامی دەكەن و لە سەفەرو گەشتەكانیاندا بەر لە هەموو كارێك بەدوای هێڵی ئینتەرنێتدا دەگەڕێن و كاروباری ماڵ و ئەركی خێزانی و كۆمەڵایەتی و كارگێڕی پشتگوێ دەخەن، دەکرێت ئەم کەسانە هۆشیار بکرێنەوە دوبارە وردە وردە دەست بەكارەكانی پێش ئالودەبوونی بكاتەوە، لەهەمانكاتدا كاتی بەكارهێنانی ئینتەرنێت دابنێ و ئەو وێبسایتانەش رابگرێ كە ئالودەیان بووە، هەروەك هەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە راستەوخۆكان و گەڕان و سەردان و دیدارەكانی بكاتەوە.

ئەگەر نا مەترسییەکی گەورە لە سەر تەندرووستی، خێزان ، كێشەكانی بوواری كاركردن ،  لادان لە داب و نەریت و كەلتوور تەشەنە دەکات و کۆنترۆڵیان ئەستەم دەبێت، چونکە بەپێی دواین ئاماری سایتی (داتا ریپۆرتاڵ) لەعێراق کە هەرێمی کوردستانیش بەئەندازەی قەبارەی دانیشتوان تێدا بەشدارە، کۆی گشتی دانیشتوانی عێراق لە کانوونی دووەمی 2022دا 41.67 ملیۆن کەسە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022دا 20.58 ملیۆن بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە عێراق هەبووە، ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە عێراق لە سەرەتای ساڵی 2022دا یەکسان بوو بە 68.0 لە سەدی کۆی دانیشتوان، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022دا 28.35 ملیۆن بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق هەبوون، هەروەها ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەکانی ڕیکلامی مێتا بڵاوکراونەتەوە ئەوە دەردەخات کە فەیسبووک لە سەرەتای ساڵی 2022دا 18.85 ملیۆن بەکارهێنەری لە عێراق هەبووە، ڕیکلامی فەیسبووک لە عێراق یەکسان بوو بە 91.6 لە سەدی بنکەی بەکارهێنەری ئینتەرنێتی ناوخۆیی (بێ گوێدانە تەمەن) لە کانوونی دووەمی 2022دا ، ئینستاگرام لە سەرەتای ساڵی 2022دا 15.45 ملیۆن بەکارهێنەری لە عێراق هەبووە، سناپ لە سەرەتای ساڵی 2022دا 13.80 ملیۆن بەکارهێنەری هەبوو لە عێراق.

بۆیە مەترسییەکە لەسەر نیوەی ڕێکی کۆمەڵگەی عێراقی و کوردیش هەیە، لێرە چی دەگوزەرێیت کاریگەری باش و خراپی لەسەر بەکارهێنەرانی دەبێت، هەواڵی ساختە بڵاو کردنەوەی ئەنقەستی زانیارییە تەواو هەڵەکان یاخود چەواشەکارییەکان، وێنە و فیلم لە ڕێگەی میدیا کۆمەڵایەتییەکان،هەواڵ و زانیاری  هەڵە و ناڕاست لە ژێر ناوی هەواڵی بڕوا پێکراو، بەشێکی گەورەن لەوەی پێشکەشی بەکارهێنەران دەکرێت لە ناو ئەم دنیایەدا، دیسان گرنگی هۆشیارکردنەوە لێرەدا دەردەکەوێت،بە پشتگوێخستنی ئەم بابەتە  نازنرێت نیوەی ڕێکی کۆمەڵگەکەمان بەرەو باش یان خراپ لە ناو ئەو فەزایەداهەنگاودەنێت، بەئەزمونێکی کەمی بەکارهێنانەوە، بە نەشارەزایی لە جیاکردنەوەی هەواڵی درووست و نادرووست و بە پشت بەستن بەحەز و ئارەزوو، یان بەرژەوەندییە تایبەتەکان.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە