کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

چۆن کۆمەڵگە کلتووری مام جەلال دەگوازێتەوە بۆناو خۆی؟

.

08:09 PM - 01/10/2022

چۆن کۆمەڵگە کلتووری مام جەلال دەگوازێتەوە بۆناو خۆی؟
دەلیل جەمال

 لەساڵیادی ژیان ئاوایی مام جەلالدا  جۆرێکی تر خوێندنەوەی بۆبکەین، چۆن کار لەسەر تێزو فکرو پاشخانە مەعریفی و تێزەکانی بکەین؟

بۆئەوەی مرۆڤ وەک خۆی بناسیت، پێویستە لە ڕایەڵەبەرجەستەو ئاساییەکانی دەرچیت و لەئاکاروو تێزو کردەکانی سەیری بکەیت. لەو سۆنگەوە تێدەگەیت مرۆڤ چۆن دەبێتە فکرو مەدرەسەو ڕێباز؟ چۆن دەبێتە نەریت و کلتوورو فەرهەنگ؟

هیچ مەدرەسەو ڕێ و ڕێبازو تەریقەتێک نییە، لەخۆوەو بێ بوونی ڕابەرێک درووست بووبێت و هاتبێتە ناو ژیان و واقع.
مام جەلال لەدەرەوەی کارەکتەرەسیاسی و شۆڕشگێڕییەکەی دەتوانین بڵێین مام جەلال کلتوور ونەریتە.
ئەم قسەیە بەڕووکەشی و بۆ کەسێک سەپێیانەو لەدیدی حزبییەوە لێی بڕوانێت قورسە و وەک موجامەلەیەکی سەدحی سەیری دەکات،
بەڵام ئەگەر لەپێوەری فکرو ئاکارو ڕەهەندەکانی تری بەکلتوورکردن و نەریتەوە سەیری بکەین تێدەگەین و ئەو حەقەش بەخۆمان دەدەین بڵێین مام جەلال تەسەوفی سیاسی و کلتوورێکی پڕ بەهایە.

یەکێک لەخەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی مام جەلال ئەوەیە لەکەسایەتییەکی ماتریاڵەوە دەبێتە ئایدیاو فکرو تێزی دیار. بەجۆرێک خۆی و فکرو ئاکاری دەچێتەوە ناو کۆمەڵگەو لەخاوەندارییەتی کەسییەوە دەبێتە خاوەندارییەتی جڤات ئەمەش خەسڵەتی کلتوور و تێزی گشتییە. بەمروری زەمەن ئەم ئاکارو فکرو دنیابینییەی مام جەلال دەبێتە ڕێباز و کلتووری کۆمەڵگە.

ئێستا کۆمەڵگە لەقۆناغی گواستنەوەی ئەو تێزو دنیابینییەی مام جەلالە بۆ ناو خۆی دواجار کردنی بەکلتورو فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی،
(هەروەک چۆن دەوترێت ئەدەبی میللی ئەو ئەدەبەیە کە خاوەنی هەیە کەسێک یان گرووپێک خاوەنداری دەکات، بەتێپەڕبوونی زەمەن ئەم ئەدەبە دەبێتە ئەدەبی فۆلکلۆر و خاوەنداری کەسی نامێنێت و کۆمەڵگە دەبێتە خاوەنی)

کۆمەڵگەی هوشیارو بەئاگا کار لەسەر فکرو تێزەکانی ئەم کەسایەتییە دەکات. بۆ بە جیهانی کردنی و بەکلتوورکردنی وەک بەخشندەیی دەستپێشخەری ڕاڤەی کردارو چەمکەمەدەنییەکان بۆ ناو فەرهەنگی ژیان وژیاری، چۆنییەتی سیاسەتکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکان، دنیابینی و دوورنمایی.

ئێستا ئەگەر سەیربکەین هەمووان دەڵێن دوای مام جەلال ئەم چەمکی دوای مام جەلالە ڕاست و ڕەوان واتە مێژووی پێش مام جەلال و مێژووی دوای مام جەلال. لێرەوەیە ئیتر کۆمەڵگە دەکەوێتە خۆیی و کنەو پشکنین دەکات بۆ ئەو قۆناغەی غیابێکی گەورە هەیە، ئەویش ئامادەنەبوونی کارەکتەرێکە کە دەیتوانی گەل و کۆمەڵگەکەی لەڕووداوو پێشهاتەکان بپارێزێت و بەرەو کەناری ئارامیان بەرێت، هەروەک چۆن دەوترێت ئەگەر مام جەلال بمایە ئەم گەلە بەم دەردەی ئێستا نەدەچوو.

پێشتر وتمان کۆمەڵگە لەقۆناغی گواستنەوەی کلتوورو تێزی مام جەلالە بۆناو خۆی. ئێستا گەرچی مام جەلال وەک ماتریاڵ ئامادەگی نییە، بەڵام دەکرێت تێزوو فکرو مەنهەجی سیاسی بگوازینەوە بۆناو ڕەهەندەکانی کۆمەڵگەو کاری لەسەربکەین.
گەرچی داخەکەم هێشتا ئێمە نەمانتوانیوە مام جەلال وەک مەدرسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکری سودی لێببینین. هەرئەمەش وای کردووە لەبەردەم ڕووداوو پێشهاتەکان دۆشدادەمێنین و دەستەوەستان دادەنیشین،

مێژووی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان بەم قۆناغەی کۆمەڵگەی کوردی تێپەڕیون ئەوانەی هوشیارانە دەرکیان بەم کەسایەتیانەکردووەو کاریان لەسەر تێزو فکریان کردوون گەشتوون بەخاڵی وەرچەرخان و ئامانجی خۆیان پێکاوە. ئەوگەلانەش سودیان لەم جۆرە سەرمایە نەتەوەییە نەبینیوە، لەمێژوودا دواکەوتوون و توشی نسکۆو نشوستی بوون.

هەربۆیە پێویستە کۆمەڵگە هەنگاوەکانی گواستنەوەی ئاکارو فکری مام جەلال خێرابکات و وەک مەدرەسەی دوونیابینی سودی  لێببینێت..
ڕاستە مێژوو بەسەدساڵ یان هەر ئەم کەسایەتیانە دووبارە ناکاتەوە، بەڵام خۆدەکرێت لەدووبارەنەبوونەوەی مام جەلال و لەفەراغ وغیابەدا کۆمەڵگە لە فکرو ئەندێشەو کرداری مام جەلال. هەوڵبدات کلتوور بەرهەم بهێنێت و لەزهن و زاکیرەی کۆمەڵگەو نەتەوەدا مام جەلال ئامادەگی هەبێت و سوود لەو دونیابینینیەی ئەو ببینێت...

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە