کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە ئەمریکا وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن دەکات

.

04:57 PM - 29/09/2022



بەمەبەستی سەرخستنی هەنگاوەکانی پرۆسەی ڕیفۆرم و چاکسازی لە کەرتی خوێندنی باڵای کوردستان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەگەڵ زانکۆکانی ئەو وڵاتەو بەرپرسانی حکومی و سێنتەرەکانی توێژینەوەو لێپرسراوانی پەروەدەیی و دەزگاکانی دڵنیای جۆری و متمانە بەخشین کۆدەبێتەوە.

لەم چوارچێوەیەداو لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەو وڵاتە کردو لەلایەن بەیان سامی عبدالرحمن، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا کە بەئامادەبونی لە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکاری وەزارەت و د. هونەر عیسی نوێنەری دامەزراوەی متمانەپێدانی خوێندن لە کوردستان بەڕێوەچو، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ڕیفۆرم لە کەرتی خوێندنی باڵای کوردستان بەتایبەت بەستنەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن بە بازاڕی کار و پەرەپێدانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ئەکادیمیاو ناوەندەکانی خوێندن لە کوردستان. هەروەها پرسی ریفۆرمی سیستمی وەرگرتن لە زانکۆکانی کوردستان و دروستکردن و ستاندار و پێوەر بۆ پەرەپێدانی کواڵتی خوێندن بەشێکی دیکەی وتەکانی وەزیری خوێندنی باڵای پێکهێنابو.

دواتر ئامانجی سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا خستەڕو و وتی: هاتوین تا پەرە بە پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی هەرێمەکەمان لەگەڵ دامەزراوە زانستیەکان و زانکۆکانی ئەم وڵاتە بدەین، بۆ باشترکردنی ستانداردی دامەزراوە ئەکادیمیەکان و پێداچونەوە بە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و سود وەرگرتن لە سیستمی خوێندن لەم وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش لەگەڵ زانکۆکان و بەرپرسانی حکومی و سێنتەرەکانی توێژینەوەو لێپرسراوانی پەروەدەیی و دەزگاکانی دڵنیای جۆری و متمانە بەخشین لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی هاوکارمان بن لە پرۆسەی ڕیفۆرم و چاکسازی لە کەرتی خوێندنی باڵای کوردستان.

د.ئارام محمد قادر بەشێکی دیکەی قسەکەی تەرخانکرد بۆ دیدگەی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتی خوێندن، بۆ ئەوەش وتی: لە ئێستادا بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوەی کوردستان بۆ متمانەپێدانی خوێندن دامەزراوە. ئامانج لە دامەزراندنی ئەم دامەزراوەیە بۆ بەهێزکردنی کواڵتی خوێندنە لە زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بەرامبەردا بەیان سامی عبدالرحمن نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن دوای بەخێرهێنانی وەزیری خوێندنی باڵا و وەفدی هاوڕێی، ستایش و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ باشترکردنی بەرنامە و سیستمی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان، هیواشی خواست لە ماوەی مانەوەیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوود لە توانا و ئەزمونی زانکۆ و کۆلێژەکانی ئەمریکاو دامەزراوەکانی خوێندن و سیستمی خوێندن لەو وڵاتە وەربگرن، هەروەک پشتیوانی نوێنەرایەتیەکەی بۆ هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دامەزراوە زانستیەکانی ئەمریکا دوپاتکرەوە، تا هەموان پێکەوە بتوانن نەوەیەکی کارا بۆ داهاتوی کۆمەڵگە دروست بکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە