.
04:34 - 28/09/2022
(محەمەد شیاع سودانی) كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: كارنامە و خواستی راستەقینەی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەماوەی شەش مانگی دەستبەكاربوونیدا یاسای نەوت و غاز بەهاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەنێرێتە پەرلەمان و لە بودجەی فیدڕاڵیشدا بودجە و موچەی كوردستان جێگیر دەكرێت.
محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشكرد: دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كاری لەپێشینەی حكومەت و پەرلەمان ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەبێت، كە تیایدا بودجە و مووچەی كوردستان جێگیر دەكرێت، چونكە نابێت هیچ ڕێكار و بڕیارێك گەل لێی زەرەرمەند بێت.
كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئەوەشی خستەڕوو: لە كابینەی حكومەتەكەیدا بەرنامەیەك بۆ دژایەتی و بنبڕكردنی گەندەڵی دادەڕێژێت و بەرپرسیاریەتی شكستی هیچ وەزیر و بەرپرسێكیش هەڵناگرێت ئەگەر سەر بە هەرلایەنێك بێت.
وتیشی: ئیرادەیەكی راستەقینەمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، لەوانەش دەركردنی یاسای نەوت و غاز و جێگیركردنی بودجە و موچەی هەرێم. ئێمەش لەو جۆرە خەڵكانە نین تەنها پێش پێكهێنانی حكومەت بەڵێن بدەینو دواتر جێبەجێی نەكەین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە