.
10:35 - 23/09/2022
لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەكێتی لەساڵیادی كارەساتی خێڵی حەمە پەیامێك بڵاودەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەكات لەسەر هەمووان پێویستە كە گیانی تەبایی و پێكەوەیی و یەكریزی بپارێزن، تا كەلێن و دەرفەت نەدەن بە گەشەی بیری توندوتیژی و تاوان و كارەسات بەتایبەت ئەو تاقم و گروپانەی نامۆن بە بەهاو كەلتورە باڵاكانی كۆمەڵی كوردەواری.
ئاسۆس عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ یادی 21 ساڵەی كارەساتی خێڵی حەمە كەلەلایەن تیرۆریستانی جندلئیسلام و انسار ئیسلامەوە 42 پێشمەرگەی ی.ن.ك بە دیلی شەهید كران دەڵێت: بیست و یەك ساڵ لەمەوبەر لەكاتی تێكۆشانی هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ ئارامی هەرێمی كوردستان و ئازادی هاوڵاتیانی ، پۆلێك پێشمەرگەو فەرماندەی تێكۆشەری یەكێتیی لەگوندی خێڵی حەمە ڕووبەڕووی تیرۆرستان بوونەوە و دوای شەرێكی مەردانە لەلایەن پێشمەرگه قارەمانەكان لەگوندی خێلی حەمە ، بە هۆی نابەرامبەری لەهێزدا، بەشێكیان شەهیدو ئەوانی تریش بەدیلی كەوتنە دەستی تیرۆریستان. دوور لەهەموو بەها مرۆییەكان بەشێوەیەكی دڕندانە لەلایەن تاریك پەرستان و تیرۆریستانی ئەنسارو ئیسلام شەهید كران و تەرمی پیرۆزییان شێوێندرا. لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەشڵێت: جێگای خۆییەتی رێزو سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی هێزەكانی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاژانسی پاراستن و زانیاری هەرێم و دژەتیرۆر بكەی كە لە رابردوود شێلگیرانەو چاوكراوە پارێزگارییان لە ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتییان كردووە، قارەمانانە رووبەڕووی ئەو مەترسیانە بوونەتەوە كە لەسایەدا بیری توندڕەوی گەشە بكات و چەندین پلانی تیرۆریستیان شكستپێهێناوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە