.
07:36 - 22/09/2022
بانكی ناوەندی توركیا بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو سوودی بانكی بەبڕی 100 خاڵی بنەڕەتی كەمكردەوە، بەوهۆیەشەوە بەهای لیرەی توركی نزمترین ئاستی لە مێژوودا تۆماركردو نرخی گۆڕینەوەی 100 دۆلار گەیشتە هەزارو 838 لیرە.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی لە بانكی ناوەندی توركیا نۆهەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداو تیایدا ڕێژەی سوودی بانكی لەسەدا 13وە بۆ لەسەدا 12 كەمكردەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ڕێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە لەسەدا 80ی تێپەڕاندوە.
لە راگەیەنراوێكیشدا بانكی ناوەندی توركیا ئاماژەی بەوەكردوە، لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە تا ئێستا بەهۆی كاریگەری كەمبوونەوەی خواستی دەرەكییەوە، گەشەی ئابووری هێواش بوونەوەی بەخۆوە بینیووە.
هاوكات بەكاریگەری بەرزكردنەوەی سوودی بانكی لە ئەمریكاو دابەزاندنی ڕێژەی سوود لەلایەن بانكی ناوەندی توركیاوە، بەهای لیرەی توركی لەژێر فشارێكی گەورەدایەو ئەمڕۆ نزمترین ئاستی مێژوویی تۆماركرد، بەجۆرێك بەهای 100 دۆلار گەیشتە هەزارو 838 لیرە.
ئەوە لەكاتێكدایە كە بەهای لیرەی توركی لە ساڵی 2021دا بەڕێژەی لەسەدا 54و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە تائێستا نزیكەی لەسەدا 28ی بەهاكەی لەدەستداوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە