کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی عیراق خەرجییەكانی حكومەتی ئاشكراكرد

.

04:30 PM - 22/09/2022


وەزارەتی دارایی عیراق تەواوی خەرجییەكانی حەوت مانگی یەكەمی ئەمساڵی ئاشكراكرد، كە بڕەكەی 58 ترلیۆن و 200 ملیار دینار بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی، لە كۆی گشتی خەرجییەكان بڕی 53 ترلیۆن و 700 ملیار دیناری بۆ خەرجی بەكاربردن بووە و 4 ترلیۆن و 400 ملیار دیناری تری خەرجی وەبەرهێنان بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە 7 مانگی یەكەمی ساڵی 2022دا خەرجی وەزارەتی دارایی زۆرترین بووە كە برەكەی 18 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بووە، دوای ئەویش خەرجی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هاتووە كە 4 ترلیۆن و 100 ملیار دینار بووە، لە پلەی سێیەمیشدا خەرجی وەزارەتی بەرگری بووە كە 3 ترلیۆن و 900 ملیار دینار بووە.
راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی عیراق باسی لەوەشكردووە، لە كۆی گشتی خەرجییەكانی حكومەت كە 58 ترلیۆن و 200 ملیار دینار بووە، بڕی 25 ترلیۆن و 190 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران رۆشتووە.
وەزارەتی دارایی عیراق رونیشكردۆتەوە، لەكۆی گشتی ئەو خەرجییانە رێژەی لەسەدا 96ی داهاتی فرۆشتنی نەوت بەدەست هاتووەو رێژەی لەسەدا 4ی لە داهاتی نا نەوتی كۆكراوەتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە