.
01:49 - 22/09/2022
هەماهەنگی مەڵبەندەكانی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەناوچە دابڕاوەكانی كوردستان لەگەڵ یەكتری و لە گەڵ دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتحادی بە پێویست زانرا
لەكۆبوونەوەیەكدا ئەمرۆ 22/9 بەسەرپەرشتی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند كارگێری مەكتەبی سیاسی و بە ئامادەبوونی لێپرسراوی مەڵبەندەكانی ناوچە دابراوەكان لە (شەنگاڵ و كەركوك و دووزخورماتوو و مەخمور و خانەقین) و سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گفتوگۆ لەسەر یەكخستی توانا و هەڵوێستەكانی یەكێتیی و هێزە سیاسیەكانی كوردستان كرا بۆ داكۆكیكردن لەویست و داخوازییەكانی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكان لەڕووی ژیان و خزمەتگوزارییەوە، چ لەلایەن حكومەتی ئیتحادی و چ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
هەڤاڵ ئاسۆ مامەند رایگەیاند، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان خەلك و خاكی ئەم ناوچانە بە بەشێك لەستراتیژی دوور مەودای خۆی دەزانێت و لەبەر رۆشنایی سیاسەتی راست و دروستی سەرۆك مام جەلال بۆ پێكەوەژیان و خزمەتكردنی میللەتەكەمان لەو ناوچانە بەهەموو شێوەیەك داكۆكی لێدەكات و وتیشی :پێویستە وەك یەكێتیی سیاسەتێكی گشتگیری كوردستانی لەسەرجەم ناوچە دابڕاوەكان رەچاو بكرێت و پێكەوە داكۆكی لێبكەین و بیكەینە بەشێكی دانەبڕاو لەسیاسەتی هەموو لایەنە كوردستانیەكان، بەتایبەتی یەكێتیی لەهەموو ئەو ناوچانە نوێنەری لەپەرلەمانی عێراق هەیە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر گەڵالەكردنی پرۆژەیەكی پێویست بۆ ناوچە دابڕاوەكان كرا و مەكتەبی راگەیاندن و كەناڵەكانی راگەیاندنی یەكێتیی راسپێردرا بایەخی زیاتر بەو ناوچانە بدرێت لەڕووی كێشە و گرفتە جۆراوجۆرەكانی كومەڵانی خەڵك.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە