کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دادگای باڵای فیدراڵی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عیراقی هەڵوەشاندەوە

.

05:26 PM - 21/09/2022

دادگای باڵای فیدراڵی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عیراقی هەڵوەشاندەوە
دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی هەڵوەشاندەوە، كە تایبەتە بە دروستكردنی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق و پێدانی پۆستی سەرۆكی كۆمپانیاكە بە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ماڵپەڕی ڕەسمی خۆی بڵاویكردەوە، بڕیاریداوە بە پوچەڵكردنەوەی بڕگەكانی (2) و (3)ی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ژمارە (109) بۆ ساڵی 2020 و بڕیاری (311)ی ساڵی 2021 كە تایبەتن بە تەواوكردنی هەنگاوەكانی دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و ڕاسپاردنی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت بە سەرۆكی كۆمپانیاكە.
سەبارەت بە هۆكارەكانی دەركردنی ئەم بڕیارەش، دادگەی باڵای فیدراڵی باسی لەوەكردوە، بەردەست نەخستنی رێكارە پێویستەكان لە لایەن لایەنە راسپێردراوەكان بەپێی یاسا بۆ پاراستنی سامانی گشتی كە لە راستیدا سامانی هەموو رۆڵەكانی گەلە، بڕگەی یەكەمی ماددەی 27ی دەستوور پێشێل دەكات.
بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر سكاڵای هەرسێ ئەندامی پەرلەمانی عێراق عودەی عەواد، مستەفا جەبار سەنەد و باسم خەشان دەرچووە.
لای خۆشیەوە  باسم خەشان ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، پێدانی پۆستی سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق بە وەزیری نەوت بۆ ئەوە بوو لە دوای كۆتاییهاتنی كاری ئەم حكومەتە لە پۆستی سەرۆكی كۆمپانیاكە و ئیمزاكردنی گرێبەستی گەندەڵی بەردەوام بێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە