کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سلێمانی پشتگوێ ناخرێت

.

10:31 AM - 14/09/2022

سلێمانی پشتگوێ ناخرێت

هەستیار مارف ئاغا

سلێمانی لانکەی شۆڕشی نوێ و سەرکردە و شۆڕشگێڕەکانیەتی، بۆیە ئەم شارە هەمیشە لە دڵ و دەروونی دڵسۆزانیدا بە زیندووی دەمێنێتەوە و هیچ کات و زەمانێک، لەبیرناکرێت.

هەموو ناوچە و شار و گوندێکی ئەم کوردستانە موڵکی کوردە و بست بە بستی پارێزراوە و بە درێژایی مێژوو بە خوێنی شەهیدەکانی بەرگری لێکراوە، هیچ داگیرکەرێک نەیتوانییەوە تا سەر لەم وڵاتەدا بمێنێتەوە، هەر دەرکراوە.

لەسەردەمی فاشیزمی بەعسیەکاندا، لە شاڵاوی ئەنفال و قڕکردن و پاکتاوکردنی نەژادی میللەتی کورددا، گۆڕە بە کۆمەڵەکان بوون بە شاهیدی بەڵگە نەویست، کە دوژمن بە بێ جیاوازی دەمانکوژێت و زیندەبەچاڵمان دەکات، هیچ جیاوازییەک ناکات لە کاتی رشتنی خوێنی کورددا، چونکە لەوسەری بارزانەوە تا ئەم سەری گەرمیان و هەڵەبجە و قەرەداغ و سەنگاو، خەڵکەکەی بوون بە قوربانی دەستی دیکتاتۆریەت و بە بێ جیاوازی لە بەرگ و ناوچە و زمان و شۆڕشدا، قات و قڕ کراون.

بە هۆی یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەیی حکومەتی هەرێمەوە، بەهۆی کێشمە کێش و ململانیێی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵاتەوە، بەهۆی ئازادکردنی  ناوچەکانی تری کوردستان دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق، بەهۆی هاتنی تیرۆرستانی داعش و هاتنی ژمارەی زۆری ئاوارەکان و کەوتنەوەی ماڵوێرانی، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی پلە و پۆستی حزبی و حکومی و قۆرخکارییەوە، شارە حەیاتەکەش، بێبەشکرا لە خزمەتگوزاری و لە پێڕاگەیشتن و ئاوەدانکردنەوە دواکەوت.

پشتگوێخستنی مەڵبەندی شار و پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەی شەهید و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین،  بە روونی دیارە و بەشی هەرە زۆری لە ئەستۆی حکومەتدایە.

ئەگەر بە تەنها سێکتەری رێگاوبان وەک نموونە وەربگرین دەبینین تەنها رێگای هەولێر - سلێمانی نەبێت وێرانەیە، سەرجەم شا رێگاکانی هەولێر - پیرمام، هەولێر - دهۆک، هەولێر - کەرکوک و موسڵ، باشترین ئۆتۆبان و رێگای جووت سایدیان هەیە.

سەرکردایەتیی یەکێتی هەر زوو لەم دیاردەیە تێگەیشت و لە رێگەی هەڤاڵ سەرۆکی یەکێتی و لێپرسراوی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری لە حکومەتدا، رێگە و شوێنی توندوتۆڵیان گرتۆتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی خزمەتکردنی شارە حەیاتەکە.

چاودێرانی دەباشان، دڵنیایی دەدەن بە دانیشتوانی شارە حەیاتەکە، ئەو شارەی سەرۆک مام جەلال خەباتی بۆ کرد و تێیدا ژیا و ئاوەدانیکردەوە و بۆ دواجاریش شار بوو بە مەنزڵگای هەتاهەتایی.

 ئەم شارە ئاوەدان دەکرێتەوە، بەڵێنی سەرۆک مام جەلال ئاسا دەدەن، کە کار و فەرمانی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی شار چالاکتر دەکرێتەوە، پڕۆژە وەستاوەکان دەخرێنەوەگەڕ، بەربەستەکانیان لادەبرێت، سستی و تەمەڵی و رۆتین نامێنێت و دەستی خزمەتگوزاری بۆ شار دەگەڕێتەوە، پایتەختی رۆشنبیری  دووبارە دەبێتەوە بە شاری شاران لە خزمەتگوزاریدا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە