کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سندوقی شار بۆ بەتەنگەوەچوونی سێکتەرە گرنگەکانى سلێمانى پێشنیاز کرا

.

09:55 PM - 01/09/2022


خاتوو شاناز لەکاروبارى وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و بازرگانانی سلێمانی دەکۆڵێتەوە

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەدوو کۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ بەڵێندەران و وەبەرهێنەران و بازرگانان هەوڵەکان بۆ سەرلەنوێ بوژاندنەوەى کەرتی ئابوری تاوتوێ دەکات و پشتیوانی یەکێتییان بۆ دەردەبڕێت.

لەمیانی ئەو کۆبوونەوانەدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە ١ى ٩ى ٢٠٢٢ ، لەهۆڵی دادە هێرۆ لەبارەگاى مەڵبەندی ١ى رێکخستنی سلێمانی بەرێوەچوو، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕى مەکتەبى سیاسی و سەرپەرشتیارى مەڵبەندەکانی (سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوور، گەرمیان و راپەڕین)ى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، تاوتوێى شێوازی دۆزینەوەى میکانیزمی پێویستی کرد بۆ کاراترکردنی کارەکانى وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و بازرگانان بۆ خزمەتکردنی شارى سلێمانى و جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان لەپێناو جوڵاندنی بازاڕى کار و وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان، هاوکات بەووردى گفتوگۆ کرا لەبارەى ئاستەنگەکانی بەردەم جموجوڵى بازرگانی لەسنورى سلێمانی و کێشەى بازرگانان و خاوەن کارە خۆماڵییەکان.

لەکۆبوونەوەکەدا، وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و بازرگانانی سلێمانی راشکاوانە باسیان لەو کێشانە کرد کە رووبەڕوویان دەبێتەوە و بۆ ئەوەش داوایان کرد کە خاتوو شاناز وەک دڵسۆز و خەمخۆرێکی سلێمانی پشتیوانیان بێت تا زەمینەى لەبارتر بۆ کارکردنیان بێتەکایەوە و بەدڵنیاییەکی زیاترەوە سەرمایەکانیان بخەنە خزمەت جێبەجێکردنی پرۆژەکانەوە.

دواى گوێگرتن لەگرفت و پێشنیازەکانیان، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێى راگەیاندن وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانتان بەمەبەستی هاندان و پشتیوانیی بۆ بەردەوامیدان بەکاروانی خزمەت لەپێناو رەخساندنی هەلى کار و جوڵاندنی بازاڕ و بوژاندنەوەى ژێرخانی ئابورى تا بازاڕى کار لەسلێمانی جموجوڵى ئاسایی خۆی بەخۆوە ببینێتەوە و بەبنیاتنان و ئاوەدانی لەسێکتەرە جیاوازەکاندا، خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان فەراهەم بکەین.

هاوکات خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ بەڵێندەران و وەبەرهێنەران بیرۆکەى دانانی (سندوقی شار)ى پێشنیازکرد تا بەتەنگ سێکتەرە گرنگەکانی پایتەختی رۆشنبیرییەوە بچن و بەهەوڵى هەموو لایەک شارى شاران ئاوەدانتر بکرێتەوە و کلتور و شارستانیەتی بپارێزرێت.

خاتوو شاناز وتیشی، دەبێ حکومەت بەدەنگ داواکارى بازرگانانەوە بچێت و دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و متمانە لاى وەبەرهێنەران و بەڵێندەران دروست بکات، بەجۆرێک خستنەگەڕی سەرمایەکانیان و بەهێزکردنی سێکتەرى بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵى هەرێمى لێبکەوێتەوە.

کۆبوونەوەکان بەخستنەڕووى پێشنیازى وەبەرهێنەر و بەڵێندەران و بازرگانان کۆتایی هات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە