.
09:46 - 03/08/2022
شەنگال برینێکی سارێژنەکراو
دێرین عیزەدین
ئەمڕۆ ٣ی ٨ ی ٢٠١٤ یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی نوێ و تاوانێکی گەورە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی وەبیر دەهێنینەوە جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن تیرۆرستانی داعش کە پێشتریش هاووڵاتیانی کریستان و شەبەک و تورکمانە شیعەکانی ناوچەی موسڵ ئەنجامدا، کە نموونەی ئەم تاوانانە لە 100 ساڵی رابردوودا لەجیهاندا نەبووە ، ئەمڕۆ کە دەبێت یادی شەنگال بکەینەوە، ئێمە یاد ناکەینەوە چونکە شەنگال پرسیاری ئەخلاقی و دینی و سیاسی قورسمان روبەرو دەکاتەوە. هەر یادەوریەکیش ئەم جۆرە پرسیارانەی وروژاند
ئەوا ئێمە خۆمانی لێبەدور دەگرین!
گەورەترین درۆ له دونیای ئێمەدا درۆی فرەکەلتوری و توانای ژیانە لە گەڵ جیاوازدا ئێمە دەتوانین له گەڵ کەسێکی هاودینی جیاوازدا بژین، چونکە هەمو ئەخلاق و دونیابینی ئێمە لە دینەوەیە بەڵام پێوەری ڕاستەقینەی توانای پێکەوە ژیان یان فرەیی بریتیه لە ژیانکردن له گەڵ کەسێکی خاوەن دین و ئەخلاقی جیاوازدا.
لەم رۆژەدا پێویستە بۆ جارێكی تر دەنگی هەزاران ژنی یەزیدیو مەسیحیو كوردو عێراقیو سوری كە كەوتنە بەر شاڵاوی جینۆسایدی داعش، دەنگی ئازارو ئەشكەنجەو مەرگی دەرونی بەدنیا بگەیەنین و هەروەها پێویستە ئەو تاوانانەی لەرابردوودا لەرێگای 72 فەرمانەکەوە بەرامبەر بە ئێزیدی و کریستان و پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستان کراوە، تۆمار بکرێن وەک مێژوو و بچێتە بواری میتۆدەکانی خوێندنەوە دەبێت سنورێک بۆ تەجاوزات بۆ سەر ناوچەکانی ئێزیدی و کریستان و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان دابندرێت، تایبەتمەندی ناوچەکانیان بپارێزرێت و لەدەسەڵاتدارێتی کوردستاندا رۆڵی زیاتریان پێ بدرێت
تاوانی جینۆسایدی شەنگال هەرگیز لێخۆشبون هەڵناگرێتو دەبێت هەموو تۆمەتبارانی ئەم كارەساتە دوور یان نزیك لە دادگای نێودەوڵەتیدا، دادگایی بكرێن
بۆ ئەوەش پێویستە كورد وەك دەسەڵات كاری لەسەر بكاتو چیدی نەیخاتە بەردەم لافاوی فەرامۆش كردن وەك گشت ئەو تاوانانەی تر كە لە مێژوودا بەرامبەر بە گەلەكەمان كراوە..
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە