کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

فراكسیۆنی یەكێتی وەڵامی شاخەوان عەبدوڵا _ ی دایەوە

.

04:17 PM - 03/08/2022

بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردی رادیۆی دەنگی ئەمریکا، هەندێ لێدوانی داوە، لەسەر کێشەکانی پرۆسەی سیاسی عیراق و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردنە.
١/ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا کە دەڵێ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرکەوتەی پێکهاتەی کوردە، پێویستە بەڕێزیان ئەوە بزانن پۆستەکەی بەرێزیشیان بەرکەوتەی کوردە و نەدەبوو بەو جۆرە لایەندارییە حزبییە زەقە قسە بکات.
٢/ ئەم قسانەی بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا لەکاتێکدایە کە هەموو هێزە سیاسیەکانی عیراق بە ئاراستەی چارەسەر و هێوربوونەوە کار دەکەن، ئەم قسانەی پێچەوانەی پەیامی سەرکردە باڵاکانی حزبەکەیەتی کە بۆ گفتوگۆ و چارەسەر بڵاوی دەکەنەوە.
٣/سەبارەت بەوەی کە بەرێز شاخەوان عەبدوڵڵا چوارچیوەی هەماهەنگی بەوە تاوانبار دەکات کە نێوانی یەکێتی و پارتی تێکداوەو یەکێتی «ئیغرا» کردووە بە پۆستی سەرۆک کۆمار. هەموولایەک دەزانن کە پارتی دەستپێخەری کرد لەوەی بچێتە ناو هاوپەیمانی سێقۆلی و کێشەکانی نێوماڵی شیعە و کوردیشی قووڵکردەوەو بەبێ رێکەوتنی یەکێتی و پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرن و کاندیدی سەرۆک کۆمار تۆمار بکەن و ئەوە پارتی بوو تەماحی لەپۆستی سەرۆک کۆمار کرد کە بەرکەوتەی کورد و یەکێتی یە و تاکلایانانە لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ پۆست رێککەوتنی ئیمزا کرد بەبێ ئەوەی یەک خاڵی لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان تێدا بێت، یەکێتی هێزێکە بە هیج دەستکەوت و پۆستێک ئیغرا نابێ و رێگەی نەدا هیچ لایەنێک ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت.
٤/ لە قسەکانیدا بەرێز شاخەوان عەبدوڵڵا دەستەواژەی «کەمینە»ی بۆ یەکێتی بەکارهێناوە، ئەم دەستەواژە و دەربڕینانە بۆ هیچ هێزێکی سیاسی گونجاو نییە بەکاربهێنرێت، بەتایبەت بۆ هێزێکی وەک یەکێتی کە ژمارەی شەهیدەکانی زیاتر لە بیست هەزار شەهیدە، سیاسەت و پێگە و سەنگی یەکێتی لە عیراقدا بە قسەی هیج کەسێک نادیدە ناگیرێ.
٥/ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا بەناوی بەڕێزان لە ڕەوتی سەدرەوە قسە دەکات، لە کاتێکدا بەرێزیان ئێستا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانن و گونجاو نییە بەناوی کەس و لایەنی ترەوە قسە بکات.
سەرباری ئەو جۆرە لێدوانانە، کە ناهەقین بەرامبەر بە یەکێتی، لەروانگەی بەرپرسیارێتیەوە، یەکێتی جەخت لەبژاردەی گفتوگۆ و چارەسەر دەکاتەوە لەئاستی نێوماڵی کوردی و لەئاستی هەموو هێزە سیاسیەکانی عیراق، بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییە سیاسییەکان و بنبەستی سیاسی.

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
٣/٨/٢٠٢٢

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە