کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پێشنیارێک بۆ وەزیری پەروەردە

.

09:24 AM - 30/07/2022

پێشنیارێک بۆ وەزیری پەروەردە

 

سەردەشت محەمەد

 

بەهۆی ئەوەی خۆم مامۆستام و ئەزمونی زیاتر لە دەساڵی کاری مامۆستایم هەیە و هەروەها زیاتر لە شازدە ساڵیش خوێندکاربوم دەزانم پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن چەندە پێویستی بە پێداچونەوە و سەرلەنوێ دیراسەکردنی ورد و زانستیانەی هەیە و لەهەموی گرنگتر چەند گرنکە کە ڕێگایەک هەبێت بۆ پێکەوە بەستنەوەی  مامۆستا لەناوەندەکانی خوێندن و هەروەها وەزیری پەروەردە لەناو وەزارەتدا، کەبەداخەوە لەهەرێمی کوردستان بەزەحمەت ئەم ڕێگایە دەدۆزرێتەوە و هەندێک سەردەم هەبووە  مامۆستا نەیتوانیوە دەستی بگات بە جەنابی وەزیر و  ڕێگایەک نەبووە بۆ گەیاندنی داواکاری و پێشنیارەکانی مامۆستا بە  وەزیری پەروەردە، 

 

ئێستا کە سەروەختی بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندنی نمرەی خوێندکارانی پۆلی دوازدەی ئامادەییە و چی خوێندکاران و چی کەسوکاری خوێندکارانیش لە دۆخێکی دەرونی ناجێگیردان و هەموان لەچاوەڕوانی ئەوەدان تابزان هەوڵ و ماندوبونی خوێدکاران پاش دوازدەساڵ لە خوێندن و خۆماندو کردن بەکوێ گەیشتوە و بەکوێ دەگات،

 

 ئا لەم کاتەدا توێژێک لە خوێندکاران  و کەسوکاری بەشێک لەخوێندکاران لە دۆخێکی دەرونی زۆر خراپ و ناجێگیرتردان کە من دڵنیام ئەم چینە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ڕێژەیان ئێجگار کەمە،بەڵام لەهەموان زیاتر دوچاری دڵەڕاوکێ و شڵەژانی دەرونی دەبنەوە، 

 

ئەوانیش ئەو خوێندکارانەن کە ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی سەرنەکەوتنیان لە تەنها یەک وانەدا چانسی ئەوەیان نابێت دەستیان بگاتە زانکۆ و پەیمانگاکان و تەنها یەک وانە بووە بەبەربەست لەبەردەم بەدیهاتنی خەونەکانیاندا، بۆ نمونە من خوێندکار دەناسم ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە تەنها بەهۆی دەرنەچونی لە وانەی ئینگلیزی یاخود لەوانەیەکی دیکە نەیتوانییوە ببێت بە خاوەنی بڕوانامەی پۆلی دوازدە و ئەم شکستە بووە بەگرێیەکی دەرونی و نەک بەتەنها خۆی،بەڵکو خێزان و کەسوکار و تەنانەت دۆستەکانیشی خستۆتە دۆخێکی خەمهێنەرەوە و هەندێکجار  بەهۆی ئەو هەمو تانەو تەشەر و گاڵتەیەی کە لەلایەن چواردەورەکەیەوە ڕوبەڕووی دەبێتەوە  سەد هێندەی دیکە  دۆخە دەرونییەکەی خراپ و خراپتر کردووە و هەموساڵێک و لەکاتی ڕاگەیاندنی نمرەی کۆتای پۆلی دوازدەدا دیسانەوە خۆی حازردەکات بۆ سەرەکۆنەی هاوڕێ و دۆست و کەسەنزیکەکانی و هەندێک جاریش خۆی لەناحی خۆیەوە سەرزەنشتی خۆی دەکات بەهۆی ئەوەی کە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە ناتوانێت بەسەر یەک وانەدا  زاڵ بێت

 

بۆیە لێرەوە وەک مامۆستایەک و وەک کەسێک کە ساڵانە بەرکەوتنم لەگەڵ ئەو توێژەی ناو پرۆسەی پەروەردەدا هەیە پێشنیاردەکەم وەزیری پەروەردە  پێداچونەوەیەکی ورد و تەندروست بۆ ئەو پرسە بکات و ڕێگاچارەی گونجاو یاسایی بۆ ئەو حاڵەتە بدۆزێتەوە و ئەو بەربەستە لەبەردەم ئەو خوێدکارانەدا لابدات کە دوچاری وەها دۆخێک و بابەتێکی لەوجۆرە بونەتەوە،

 

من لێرەوە پێشنیاردەکەم وەک چۆن لە ئاستەکانی دیکەدا و لە پۆلە ناکۆتاکاندا بابەتی پەڕینەوە و نمرەی هاوکاری دەدرێت بەو خوێندکارانەی کە لەوانەیەکدا  نمرەی چل بەدەست دەهێنن و دەربازیان دەبێت بۆ پۆلێکی دیکە، ئا بەوشێوەیە  نمرەی هاوکاری کردن و دەرفەتی پەڕینەوە  بۆ ئەو خوێندکارانە زیاتر بکرێت و دەرفەت بەئاوانیش بدرێت  بگەن بەزانکۆ و پەیمانگاکان، چونکە ناکرێت خوێندکارێکی پۆلی دوازدە بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵ لەیەک وانەدا  سەرکەوتن بەدەست ناهێنێ ئیدی فەرامۆش بکرێت و  ناچار بەوەبکرێت  دەستبەرداری ئەو هەمو ساڵەی خوێندن و ماندوبون و شەونخونییە ببێت و ئەم بابەتە ببێت بەگرێیەکی دەرونی لای

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە