کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆك مام جەلال و كارەبای هەڵەبجە

.

04:16 PM - 28/07/2022

سەرۆك مام جەلال و كارەبای هەڵەبجە

سەلام قەزاز

‎ساڵی ۱۹۹۲ قەڵاچوالان كارەبای نەبوو، سەرۆك مام جلال ئەمری كرد كارەبای قەلاچۆلان چاك بكەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە بانگی كردم منیش پێم وت: ئیشەكە زۆر قورس نیە و ئەكرێت دائیرەی كارەبا مەوادی هەیە و هیچی وامان ناوێت بیكڕین.
مام جلال زۆر دڵی خۆش بوو كە هیچ بەربەستێك نیە و كارەكە بە ئاسانی دەكرێت،  منیش وتم: مام جەلال بەیەك شەرت ئەم كارە دەكەم كە دواتر كارەبای ناو هەڵەبجەش چاك بكەین، مام جلال پێكەنی و وتی: سەلام كەس لە سەر مام جەلال شەرت دانانێت (زانیم كە باشم نەوتووە) وتی: هەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنێتی، منیش وتم مامە بەردەكە هەرچەندە گەورە بێت لەبەر خاتری هەڵەبجە شان ئەدەینە بەری، وتی: قسەم نەما، كەشفێكم بۆ بكە و بزانم چی پێویستە ئەزانم بۆتان ئەكرێت.
لەو كاتەدا لە دائیرەی كارەبا زۆر كەسی دڵسۆز هاتنە پێشەوە، رەنگە ناوی هەموویانم لەیاد نەبێت ئەبێت بمبورن.
كاك حەمە سەعیدی محاسب هەبوو كە پیاوێكی دڵسۆز و دەستپاك بوو، كردمانە محاسب و وەك پڕۆژەیەكی رەسمی سجلی بۆ مصاریف كردەوە، وەك بیرم بێت كە كەشفمان بۆ كرد كولفەی تەخمینی ۱٥٠ هەزار دیناری سویسری دەویست، كەشفەكەم برد بۆ مام جەلال، وتی: سەلام تۆ موتەئەكیدی هەر ئەوەندەی تێئەچێت، وتم: بەڵێ.
وتی: من ئەو پارەیەتان ئەدەمێ، بەڵام دوایی یەك فلسی تر زیاد ناكەم (بەپێكەنینەوە وتی: ئەتانەوێت لە سەرەتادا بڵێن: ۱٥٠هەزار و رازیم بكەن لە ناوەڕاستی ئیشەكەدا داوای پارەی تر بكەن و بیگەیەنن بە سێ سەد و پەنجا هەزار دینار)، وتم: بەس مام جەلال ئێمە پارەی خواردنی ستاف و چاڵ هەڵكەندنمان نەنووسیوە لە كەشفەكەدا.
وتی: باشە لە مقەڕی هێز لە هەڵەبجە ئازوقە وەرگرن و خواردن دروست بكەن، پێشمەرگەش هاوكارتان ئەبێت بۆ چاڵ هەڵكەندن.
جێگەی سوپاسە كاك جەمال ناوێك لە بەنزینخانە زۆر زۆر هاوكارمان بوو، بۆ دابینكردنی بەنزین و گاز، ئەو پیاوە نەبوایە كارەكەمان سەخت ئەبوو.
‎مامۆستا جەمال عەزیزیش دانرا وەك سەرپەرشتی سەرف و هێنانی سولفە لە سكرتارییەت، لەو كارمەندە زۆر دڵسۆزانەی بیرم بێن، هەردوو شوفێر كاك حسێن (حسێن هیاب) باوكی عیرفان و كاك رەحیمی كرین و بە رەحمەت بن كاك عەبدولڕەحمان عزەت و كاك جەلال عەلی صادق هەورامی و كاك تایەری موهوندیس و موهەندیسێكیش وابزانم ناوی ئازاد فەرەیدون بوو، هەروەها كارمەندەكانی كارەبای هەڵەبجەی تازەش كە لە هەڵەبجە دائەنیشتن و چەند كەسانێكی تریش كە رەنگە ناویانم بیر نەبێت.
‎وەك بیرم بێت لە خوشكانیش ئاڤان خان و سەمیرە خان زۆر هاوكار بوون، یاسین دەروێشیش زۆر هیلاك بوو بەدەست من و بەدەست پرۆژەكەوە و هەروەها ئەنجومەنی ئەو كاتەی هەڵەبجە و كاك هۆشیاری حاجی كەریم كە هەر خەڵكی هەڵەبجە بوو زۆر هاوكارمان بوو،كە هەر خەلەلێك لە كرین و لۆریەكاندا رووی بدایە خۆی پارچەی لە سلێمانیەوە بۆ دەهێناین و نەیدەهێشت پەكمان بكەوێت، كەسانی تریش زۆر هەبوون كە لە پڕۆژەكەدا هاوكارمان بوون كە بە داخەوە ناوی زۆریانم لەیاد نەماوە.  
‎بۆ مێژوو دەیڵێم: ئیسلامییەكانیش لە هەڵەبجە هەڵوێستیان باش بوو، وتیان ئامادەین هاوكاریتان بكەین و یارمەتیان بدەین، پێم وتن: مەوقیفتان جێگەی پێزانینمە، بەڵام الحمد للە مام جەلال قصوری نەكردووە و هەموو شتێكی دابین كردووە.
‎لە سلیمانی تەلمان وەرگرت و بردمان بۆ هەڵەبجە لە دائیرەی دابەشكردنی كارەباش، عەمود و فنجان و پێداویستییەكانی ترمان پەیداكرد (هەر چەندە حكومەت و وەزارەتی پیشەسازی كێشەیان بۆ دروست كردین، بەڵام كاك دكتۆر فوئاد مەعصوم چارەسەری كرد).
‎دەستمان بە كارەكە كرد و ژمارەیەكی زۆر عەمودمان دانا، كارەبامان بۆ بامۆكیش برد، لە هەڵەبجە مۆلیدەیەكی زۆر گەورە هەبوو (من نەمهێنابوو، بەڕەحمەت بێت كاك شەوكەتی حاجی موشیر لە سەربازگەی بێستان سور هێنابووی).
بەهۆی (محەویلەیەكی٤٠٠ كەی ڤی ئەی) كارەبای مۆلیدەكەمان لە ۳۸٠ ڤۆڵتەوە بەرزكردەوە بۆ ۱۱هەزار ڤۆڵت، واتە محەویلەكەمان بە پێچەوانەوە ئیشپێكرد، لەوەوپێش كەس كارەبای مۆلیدەی بەمحەویلە لە ۳۸٠ ڤوڵتەوە بەرزنەكردبۆوە بۆ ۱۱هەزار ڤۆڵت، ئەمە داهێنانێكی خۆمان بوو كردمان.
‎كارەبای ۱۱ هەزار ڤۆڵتیمان خستە سەر خەتەكان و محەویلەكانی داماننابوون، وابزانم ۸ محەویلە بوو، كاری خۆیان كرد و گڵۆپی ئینارەمان لە چەند شوێنێك  بەست، جێگای باسە كاك عەبدوڵای ئینارە و كاك تەیبیش لەم كارەدا هاوكارمان بوون.
كارەكەمان ئەنجامدا و زۆر دڵخۆش بووین و دڵی خەڵكی هەڵەبجەشمان خۆش كرد، چونكە دوای وێران بوونی ئەو شارە، ئێمە ئەو شەرەفەمان هەبوو كە رووناكی بكەینەوە، وەك بیرم بێت دواتر لە بازاڕەكەدا لەوحەیەكی گەورەمان دانا و ئەم شیعرەمان لەسەر نووسی: (خوایە وەتەن ئاواكەی چەند دڵگیر و شیرینە ... هتد)
لە كۆتایی كارەكەدا بووین پارەمان لێبڕا و قەرزدار بووین، بە مامۆستا جەمال عەزیزم وت بەڵكو سجلی حسابات لە گەڵ كاك حەمە سەعیدی موحاسب بەرێت و بچێت بۆ لای مام جەلال.
مامۆستا جەمال وتی: وەڵا پارەی بە تۆ نەیابێت بە منیشی نادات، بە هەرحاڵ هەندێ چیمەنتۆی زیادمان هەبوو، فرۆشتمان و قەرزمان سوك كرد، هەر چۆن بوو بەهیممەتی هەموان كارەكە ئەنجام درا.
لەو كارەدا لە هەڵەبجە زیاتر لە هەزار عەمودمان دانا، ئیشەكەش ئاسان نەبوو، چونكە سەقفی زۆر لە خانووە ڕوخاوەكان ببوونە بەربەست لە دانانی عەمودەكاندا، بەڵام دڵسۆزی خەڵك و هاوكاریكردنیان كارەكەی بۆ ئاسانتر كردین، زۆرجار هەرچەند ئیمكانییەتیەش نەبێت، بەڵام بە دڵسۆزی كارەكە دەكرێت.

‎ئێمە رووناكیمان بۆ هەڵەبجە گێڕایەوە و دوای ئێمەش ستافێكی تر كارەبایان بۆ شارەكە راكێشایەوە، كە كاك حەمە تاهیری موهەندیس لە نامیلكەیەكدا باسی كردووە و من دەوری هاوكاری و پەیداكردنی هەندێ لە پێداویستییەكانم هەبووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە