کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پاراستنی سەروەری خاکی عێراق

.

09:11 PM - 23/07/2022

پاراستنی سەروەری خاکی عێراق




بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ، حکومەتی عێراق مافی ئەوەی هەیە کە بەرگری لە تەواوی خاکی عێراق بکات لە هەر کارێکی دوژمنکاری کە لەلایەن هەر وڵاتێکەوە لەکرێتە سەر نەخشەی سیاسی عێراق و لەو ڕوەشەوە بۆی هەیە سکاڵای یاسایی خۆی تۆمار بکات لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێی دراوە لە ماددەکانی 39 و 51 لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند بژاردەیە لەبەردەمیا هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پاراستنی سەقام گیری لە جیهاندا و بەرگری کردن لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان .
وە لە نێو ئەو بژاردانەش ڕاگرتنی پەیوەندی دبلۆماسی و ڕاگرتنی پەیوەندیە ئابوریەکان و ڕاگرتنی هەموو جۆرە پەیوەندیەکان بە شێوازێکی گشتی یان سنوردار و هەروەها بۆ جێ به جێ کردنی ئەم کار و ئەرکانەی کە پێی سپێردراوە دەتوانێت لە ڕێگەی بەکار هێنانی هێزی ئاسمانی و زەمینی و دەریایی بەکار بهێنێت دژی ئەو وڵاتەی کە کاری دوژمن کاری و ڕاگەیاندنی جەنگی کردووە بەرامبەر بە وڵاتێکی تری ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان وە دەبێت سەرجەم وڵاتەکان پابەند بن بەو بڕیارانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە دەردەچێت ، وە شایەنی باس و جێگای ئاماژە پێکردنە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێک هاتوە لە 15 ئەندام کە 5 دانەیان ئەندامی هەمیشەیین و 10 ئەندامەکەی تر کاتین ، وە هەر دوو ساڵ جارێک ئەندامە کاتیەکان دەگۆڕدرێن وە سیستمی بڕیار بە شێوازی زۆرینەیە و هەر ئەندامێک خاوەنی یەک دەنگە جگە لە 5 وڵاتە ئەندامە هەمیشەییەکە کە مافی بەکار هێنانی ڤیتۆیان هەیە واتە " حق الٳعتراچ" لەبەرامبەر هەر بڕیارێک کە بەلایانەوە پەسەند نەبێت .
بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئێستا حکومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە لە ڕێگای ناوەندەکانی بڕیاری نێودەوڵەتیەوە بتوانین ئەم مافە بەکار بهێنین بە زوو ترین کات بەرگری لە سەروەری خاکی عێراق و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیەکان بکەین کە لەلایەن تورکیاوە یان هەر وڵاتێکی هاوسێی تری عێراقەوە بێت کە پێشێل دەکرێت ڕۆژانە وە کاری دوژمنکاری و تاوانکاری بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل دەکرێت وە بە بەردەوامی خاک و سەروەری عێراق دەبەزێندرێت بە بیانو و پاساوی جیا جیا کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە و دوورە لە ڕاستیەوە وە بووەتە مایەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هاوڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان ، وە هەروەها دەکرێت عێراق داوای قەرەبوی ماددی یان مەعنەوی بکاتەوە لە دژی ئەم کارە تاوانکاریە و دوژمنکاریە جا لەلایەن تورکیاوە بێت یان هەر هاوسێیەکی تری عێراق و هەرێمەوە ئەکرێتە سەری  کە زیان بە ژیان و ڕۆح و سەروەری و حاڵی هاوڵاتیان دەگەیەنێت و خاکی عێراقی پێ داگیر دەکرێت وە دەکرێت ئەم قەرەبووە لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجام بدرێت ب ڕەزامەندی ئەو وڵاتەی کە ئەم کارە دوژمنکارانەی ئەنجام داوە یان بە ناچار کردنی لە ڕێگەی میکانیزمە تایبەتەکان کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا دیاری کراوە بۆ قەرەبوو کردنەوەی ماددی و مەعنەوی قوربانیەکانی ئەو وڵاتەی کە زیانی بەر دەکەوێت بەهۆی کاری نا یاسایی وڵاتێکی ترەوە .






پارێزەر : هێڤار محمد عمر

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە