کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

روونکردنەوەیەک لە وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

.

10:21 PM - 18/07/2022

روونکردنەوە

لە وتەیەکی بەڕێز وەزیرى رۆشنبیرى باس لە بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى کراوە کە لە ساڵی ۲٠۱۷ سەبارەت بە هەردو وانەى کوردی و عەرەبی بە سوکایەتی کردن بە زمانی کوردی ناوی بردوە !!!

ئەم وتەیە چەندین هەڵەو نا تێگەیشتنی تێدایە لەکاتێکدا بڕیارێکی زانستی و ئەکادیمییە کە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى دەریکردوە، بۆیە بە پێویستم زانى ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ هەموو لایەک بخەمەڕوو:

یەکەم/ لە کابینەی پێشوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى چەندین بڕیاری بۆ پێشخستن و زیاتر ناساندنی زمان و ئەدەبى کوردی داوە، لەوانە دانانی پرۆگرامى خوێندنی کوردی بۆ ئەو خوێندکارو قوتابیانەى کورد نین، بۆ ئەمەش لەڕێگەى پرۆگرامێکەوە ئاشناى زمان و ئەدەبى کوردى کراون لە زانکۆکانى کوردستان.

دووەم/ جێبەجێکردنى پڕۆژەی ناساندنى نێودەوڵەتی زمانی کوردی، پڕۆژەکە بریتی بوو لە تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندنی بەکالۆریوس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان بۆ قوتابی و خوێندکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و ئەدەب و مێژوو کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی.

سێیەم/ بەمەبەستى پشتیگیریکردنی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان و ئایندەی خوێندکارە کوردەکانی ئەو ناوچانە، سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانى خوێندنگە کوردییەکان لەو ناوچانە بەهەمان پێوەرو مەرجى خوێندکارانى هەرێمى کوردستان بەبێ جیاوازى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان وەرگیراون.

چوارەم/ بەهیچ شێوەیەک زمانی کوردی لە بڕیارەکە لانەدراوە، بەڵکو دەرچوانى لقى زانستى پۆلى دوانزەیى ئامادەیى بۆ پێشکەشکردنى داواکارى وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانى (کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) ڕێگەیان پێدراوە کە بتوانن تەنها نمرەى وانە پەیوەندیدارەکانى (فیزیا، کیمیا، بیرکارى، زیندەوەرزانى، زمانى ئینگلیزی) ئەژمار بکەن و ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانى (کوردى و عەرەبى) بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت، بەڵام بەو مەرجەى دەبێ پێشکەشکار لەسەرجەم وانەکان بە کوردى و عەرەبیەوە دەرچوبێت.

پێنجەم/ لە خوێندنگە ئەهلی و ناحکومییەکان و قوتابخانە ئینگلیزییەکان و ئەوانەی لە دەرەوە دێنەوە هەرێمى کوردستان، دەیان ساڵە ئەم بڕیارە هەیەو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تەنها کە ئەم ئیمتیازە بۆ خوێندنگە حکومییەکان و خوێندکارە هەژارەکان جێبەجێ کرا، کراوە بە کێشە !!؟؟

شەشەم/ وەک لە ڕاپرسییەکان دەرکەوت، سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان پاڵپشتی بڕیارەکە بوونە، هەروەک چۆن ئەم جۆرە خوێندنە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکان بۆ خوێندنی زاستی باوە.

لە کۆتاییدا هیوادارم بۆ گەشەپێدان و پێشوەچونی زمانی کوردی، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئاوڕى جدى لە ئاستی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکان و خوێندنگەو قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمى کوردستان بدەنەوە، هەروەها هەوڵی بەستانداردکردن و یەکخستنی ئەم زمانە بدرێت وەک بەهێزترین خەسڵەتی ناسامەی نەتەوەییمان.
د يوسف گۆران
وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە