کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەردەمی ئەمریكا لە سەردانەكەی بایدندا

.

02:14 PM - 18/07/2022

سەردەمی ئەمریكا لە سەردانەكەی بایدندا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

 

لەگەڵ سەردانەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە، بە یار و نەیاری ئەمریكاوە، كەوتوونەتە زیگزاك و جووڵەی نائاسایی و چاوەڕوانی دەرهاویشتە و لێكەوتەی سەردانەكەی دەكەن. 

جۆ بایدن ئەگەرچی لەگەڵ ئێرانییەكان و توركەكان كۆنەبووەوە، بەڵام ئێرانییەكان لەبارەی ناتۆی ئیسلامییەوە ئامادەی هاوكارین، چین دژی سەردانەكەی بایدنە و لە وەڵامی لێدوانێكی سەرۆكی ئەمریكادا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خاكی ئەو گەلانەیە كە تێیدان، نەك حەوشەی پشتەوەی خەڵكی دیكە».

 

فەلەستین، ئیسرائیل و سعودیە هەر دەوڵەتەی بە جۆرێك باسی گرنگی سەردانەكەی جۆ بایدن دەكەن و خەونی گەورەیان لەسەر سەردانەكە هەڵچنیووە، بەپێی زانیارییەكانی كەناڵی «ئەلشەرقییە»ی عیراقی سەردانەكەی «مستەفا كازمی» سەرۆك وەزیران لە مانگی رابردوودا بۆ سعودیە و دواتر بۆ تارانیش، گەیاندنی پەیامی سعودیە و ویستی بایدنە بۆ زانینی بۆچوونی ئێران لەبارەی ناتۆوە، بەڵام هێشتا نازانرێت كە عیراق چی لەم سەردانە بۆ خۆی دەخوێنێتەوە؟ ئایا كۆبوونەوەی بایدن و كازمی سوودی گەورەی بۆ عیراق لێدەكەوێتەوە؟ 

 

لە چوارچێوەی عیراقیشدا، كورد هیچ قسەیەكی نییە و بەجۆرێك لە جۆرەكان چاوەڕێی شتێك لەم سەردانە ناكات كە بە سوودی ئەو بشكێتەوە، ئەمەش جێگەی هەڵوەستەیە كە ئەو دۆستەی ساڵی 2009 وەك جێگری «باراك ئۆباما» لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە مام جەلالی وت «تەنها چیاكان دۆستی كورد نین، بەڵكو ئەمریكای بەتوانا و بەهێزیش دۆستی كوردە»، ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتە و نە بایدن هیچی هەیە بۆ كورد و نە كوردیش هیچی لێ چاوەڕێ دەكات.

 

لە وێنە گشتییەكەی ئەم سەردانەدا كورد نائامادەییەكی تەواوی هەیە و بە هیچ شێوەیەك هەگبەكەی بایدن شتێكی گرنگی تێدا نییە بۆ كورد، روون و رەوان ئەم سەردانە بۆ ئاشتەوایی «نێوان وڵاتانی هاریكاری كەنداو»، «نێوان فەلەستینییەكان و ئیسرائیلییەكان وەك بایدن خۆی لە سەردانەكەیدا بۆ فەلەستین رایگەیاند»، «نێوان سعودیە و ئێران» و «نێوان محەمەد بن سەلمان و جۆ بایدن»ە، هاوكات بە سەردانە راستەوخۆكەیشی لە ئیسرائیلەوە بۆ سعودیە واتا دەرهێنانی تەواوەتی ئیسرائیل لە چەقبەستوێتی و كەنارخستنێك كە لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە خرابێتە سەری.

 

یەكێكی دیكە لەو خوێندنەوانەی بۆ سەردانەكەی بایدن دەكرێت ئەوەیە، ئەمریكا ترسی هەیە لەوەی بەهۆی فراوانخوازییەكانی چین و روسیا و دووركەوتنەوەی توركیا لە ئەمریكا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی لە دەست بدات، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی «فەرید زەكەریا»ی نووسەری ئەمریكییە كە دەڵێت «هێشتا جیهان لەسەردەمی ئەمریكادایە»، بە بۆچوونی ئەو نووسەرە ئەگەر خۆرهەڵات بێت یان هەر كوێیەكی جیهان، لەسەردەمی ئەمریكا چووە دەرەوە ئەوا ئەگەری بەردەوام جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی تێدا دەكرێت، بۆیە ئەم سەردانە ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە ئەمریكا و خودی بایدن نایانەوێت خۆرهەڵاتیان لە دەست بچێت وەك چۆن بایدن لە وتارەكەیدا وتی «ئێمە لە خۆرهەڵاتدا دەمێنینەوە و جێتان ناهێڵین»

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە