کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شوێنەوارەكانی عیراق لە مەترسیدان

.

03:24 - 04/07/2022

شوێنەوارەكانی عیراق لە مەترسیدان

 بورهان ڕەئوف‌

بەو پێیەی عیراق خاوەنی یەكێك لە كۆنترین شارستانیەتەكانی سەر رووی زەوییە كە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بۆیە ئاساییە كە زۆرترین شوێنەواری مێژوویی تێدابێت، سەرەڕای دۆزینەوەی هەزاران پارچەی شوێنەوار چ ئەوانەی لە مۆزەخانەكانی عیراقن یان لە مۆزەخانە ناودارەكانی جیهاندا پارێزراون ونمایشكراون .

بۆیە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت كنە و پشكنین بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری تر لە هەموو شوێنێكی ئەم وڵاتە، كەم رۆژ هەیە هەواڵی بیستنی دۆزینەوەی شوێنەوارێك نەبین.

بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی و شەرمەزاریشە زۆرێك لەم شوێنەوارانە كە موڵكی گشتین و پێویستە بپارێزرێن دەكەونە دەستی خەڵكانی نابەرپرس و چاوچنۆك و بازرگانی پێوەدەكەن، لەبەر ئەوە وەزارەتی  گەشتوگوزار و شوێنەواری عیراق پلانێكی داناوە بۆ پاراستن و پارێزگاری ئەو شوێنەوارانە و دابینكردنی سەلامەتی و ئاسایش بۆ تاقم و نێردە ناوخۆیی و دەرەكییەكان كە كنە و پشكنین بۆ شوێنەوارەكان دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە هەندێك لایەنی دەسەڵاتدار دەستیان بەسەر ئەو پێگە گرنگانەدا گرتووە.

خۆشبەختانە دامودەزگا بەرپرسەكانی حكومەت لە هەوڵی ئەوەدان پلانێك دابنێن بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارانە، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا لە هەوڵی گێڕانەوەی ئەو پارچە شوێنەواریانەدان كە دوای 2003 دزراون لە عیراق .

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و كەلەپور لە عیراقدا نزیكەی (20) هەزار پێگەی شوێنەواری هەن، ئەم ژمارەیەش زیاد دەبێت كاتێك پرۆسەی روپێوی  شوێنەوار تەواو دەكرێت، ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراق راگەیاندوە ك پلانێەكیان هەیە بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان بە تایبەتی ئەو شوێنانەی خەریكە دەبن بە شوێنی نیشتەجێبوون.

پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، هەنوكە تیمەكانی كنە و پشكنینی بیانی لە عیراقدا سەرقاڵی كارن لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق، ئەم هەنگاوەش رێگری كردووە لە دەستدرێژی بۆ سەر شوێنەوارەكان و بواریشی بۆ تیمەكانی كنە و پشكنین  رخساندوە بە شێوەیەكی زانستی و یاسایی و لە ژێر چاودێری دەستەی گشتی شوێنەوار  كارەكانیان بەڕێوەبەرن.

لە كۆتاییدا :

1.لە ساڵی 2003 تەنها لە مۆزەخانەی نیشتمانی بەغدا نزیكەی (15) هەزار پارچە شوێنەوار دزران، (32) هەزار پارچەی تر لە (12) هەزارپێگەی تر دزران، ئەو پارچانەشی كە دزراون لە مۆزخانە بە دۆكیۆمێنت كراون، هەندێكیان دواتر كە لە بازاڕەكاندا نمایشكرابوون بۆ فرۆشتن گەڕێنرانەوە.

2.داعش ساڵی 2014 بەشی زۆری شوێنەوارەكانی باكووری عیراقی لە موسڵ وێران و ورد و خاشكرد و هەندێكی تری فرۆشت.

3.بێگومان پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە گەورەیە بەگەڕخستنی هەموو تواناكانی دەوڵەتی عیراقی دەوێت 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11636 - 27500

سەرەوە