.
12:08 PM - 03/07/2022
میدیا ببەین بۆ کوێ ؟
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
لەمێژە لەکوردەواریدا وتراوە "ئەگەر کەسێ شێت بوو، بیبەن بۆ ئۆمەرمەندان، ئەی ئەگەر ئۆمەرمەندان خۆی شێت بوو بیبەن بۆ کوێ؟
لەم ساڵانەی دواییدا، ئێمەی ڕۆژنامەنووس و خەڵکانێکی ئاساییش پێمانوابووە میدیا خراپ مامەڵە دەکات و دۆخی کۆمەڵایەتی و خێزانی تێکداوە و پێویستە ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییە چاک بکرێت، بەڵام ئەی ئەگەر دۆخی میدیا خۆی شێوا و خراپ بوو، یان لە ڕێگە زانستییەکەی خۆی لایدا، چۆن چارەسەر بکرێت؟
هەنووکە نەک کایەی سیاسی، هونەری و هتد، بەڵکو کایەی میدیا و ڕاگەیاندنیش پڕ قەیران و پڕ زەرەر و زیانە، جیاواز بە هەر کایەیەکی دیکە، بواری ڕاگەیاند و ڕۆژنامەنووسی لە هەر بوار و کارێکی دیکە، ئاسانتر کارەکتەر پێدەگەیەنێت، واتە ڕۆژنامەنووس بوون بە پێوەرەکانی ئێستای هەندێک میدیا و پەیج ئاسانە و ماندووبوونی زۆری ناوێت.
ئەم زروف و زەمانەی میدیای تێکەوتووە، گەلێک خراپ و مەترسیدارە!، لە بۆشایی میدیایەکی نیشتمانیدا و بازدان بۆ دەستپێکردنی میدیای ناپێویست و بێبەرنامە، یەکێکە لەو پاڵنەرانەی دۆخی میدیای کوردی بەم ئاستە گەیاندووە، ئێستا میدیا خۆی بۆ خۆی هۆکاری شپرزەبوون و تێکچوونی بوارەکەیە و نازانرێت ببرێتەسەر چی مەرقەدو شەخسێک تاکو دۆخە شێواوەکەی چاک بکرێت.
ئاسان بوون بە ڕۆژنامەنووس و نەوەستانی ئەو لێشاوە قەڵەم بەدەست و فەیسبووکوانە بۆ ناو میدیا و دەرخستنیان بەبیانووی خزم خزمێنە و هاوڕێتی!، پیشەکەی ئەوەندە بێ ئەرزش و بێتام کردووە، ئەستەمە ڕۆژنامەنووسێکی باش و پرۆفیشناڵ لە قەڵەم بەدەستێکی دنیای سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جودا بکرێتەوە.
ئێستا ڕۆژنامەنووسی جددی و کارا، شەرمنترین جۆری مرۆڤە لە ناو ئەم دۆخە خراپەدا کە میدیای کوردی تێدایە، هەرچی قەڵەم بەدەست و ناپرۆفیشناڵ و ئەهلی بازاڕە میدیاییەکەیە، دڵخۆش و بە کەیفن و دڵگەرمن بە کارکردن لەو بازاڕەدا کە کاڵایەکە و بەباڵایاندا دووراوە!
وێنەی دۆخەکە وا دەبینم، وەک زۆرێکی کایەکانی دیکە، بواری میدیا و ڕاگەیاندنیش بووەتە دووبەرەوە و جەنگی ئەم دوو بەرەیە بەزیان بۆ میدیای کوردی و ڕاگەیاندن بە گشتی شکاوەتەوە. لەم دوو بەرەیەدا، بەرەیەک دەیەوێت میدیا بەبنەما ئەخلاقییەکانی کاربکات و بازاڕێکی هەرزان نەبێت هەموو بابەت و کاڵایەک نرخی پێبدرێت، هاوکات بەرەی دووەمیش بەرەیەکی تیژپەڕە و هەڵپەهەڵپی زوو دەرکەوتن و بوون بە ئەهلی شاشە دەکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە