کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حكومەتی هەرێم: مانگانە بەبڕی 31 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی نرخی بەنزین دەكەین

.

08:50 PM - 02/07/2022

حكومەتی هەرێم: مانگانە بەبڕی 31 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی نرخی بەنزین دەكەین
حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 3 ملیۆن لیتر بەنزین بەنرخی پاڵپشتیكراو بەسەر شۆفێراندا دابەش دەكات، تێچووی ئەو پرۆسەیەش مانگانە 31 ملیۆن دۆلارە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكردوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جگە لە كەمكردنەوەی رسوماتی هاوردەكردنی بەنزین و هاندانی بازرگانان بۆ هاوردەكردنی بەنزینی زیاتر، بە دوو شێوازی راستەوخۆ بەنزین بۆ هاوڵاتیان بە نرخی پاڵپشتی كراو دابین دەكات.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری لە پاڵاوگەی كار بەرهەم دەهێنرێت، كە ئەوەش لەو بڕە نەوتەیە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابینی دەكات كە 25 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا. نرخی ئەم بەنزینە لەسەر حكومەت 1050 دینارە، بەڵام دەدرێتە چەند كۆمپانیایەك بە 630 دینار بۆ هەر لیترێك، ئەوانیش دەیدەنە بەنزیخانەكان بە 670 دینار و  بەنزینخانەكانیش بە 690 دینار دەیدەنە هاوڵاتیان. بەوپێیەش پاڵپشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ هەر لیترێك بەنزین 430 دینارە، كە مانگانە دەكاتە نزیكەی 9 ملیۆن دۆلار.
ئاماژەی بەوەشكردوە، رۆژانە 2 ملیۆن لیتر بەنزینی 800 دیناری لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە بەرهەم دەهێنرێت، هەر لیترێك لەو بەنزینە 750 دیناری بۆ كۆمپانیای ناوبراو تێدەچێت‌و بە نرخی 800 دینار دەدرێتە هاوڵاتییان. پاڵپشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش بۆ هەر لیترێك لەم بەنزینە 530 دینارە، كە مانگانە دەكاتە 22 ملیۆن دۆلار.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە