کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

تووڕەبوون یان نیگەرانی لە سیاسەتی چەپکەگوڵەکە؟

.

01:07 PM - 02/07/2022

تووڕەبوون یان نیگەرانی لە سیاسەتی چەپکەگوڵەکە؟


جەمال نوری

ئەم وێنەیەی مام، وێنەیەک نییە به فۆتۆ گیرابێت، بەڵکو زادەی بیری داهێنەرانەی هونەرمەندی شێوەکار ئەحمەد بورهانە، ئەگەر لاپەڕەکانی وێستگەی ژیانی مام هەڵدەینەوە لە تەواوی وێنەکانیدا، وێنەیەک نابینیتەوە کە تیایدا مام تووڕەبوونی پێوە دیاربێت، لەکاتێکدا تەواوی ژیانی سیاسی بە چەندین هەوراز و نشێو و کەوتن و هەستانەوەدا رۆیشتوە، بەڵام رێگەی بەخۆی نەداوە لە یەکێک لە وێنەکانیدا بەم شێوەیەی ئێستا هێندە نیگەران و تووڕەبێ، لە کاتێکدا لە ژیانی رۆژانەیدا چەندین جار بەهۆی چواردەورەکەیەوە، ئاستی هەستە باڵاکانی گرژبووە و بە ئەندازەی تووڕەبوون بۆ شیکار و سەلماندنی ئەم وتەیەشمان گۆچانەکەی مام کەس نییە ئاشنای نەبووبێت. بە جۆرێک وەک عەساکەی موسا موعیجیزەی دەخوڵقاند.

گۆچانەکەی مامیش، کاتێک بەکاریهێناوە دۆخەکەی هێورکردۆتەوە و ئەو هەڵەیەش کە کراوە لەلایەن ئەو کەسەی کە گۆچانەکەی بەرکەوتووە، بۆتە ئەزموونێکی بەسوود تا جارێکی دی هەڵەی لەو جۆرە دووبارە نەکاتەوە. بەم شێوەیەش ئاو بە ئاگری سینەی پڕ تووڕەیی مامدا کراوە.
ئەم تابلۆیە یەکێکە لەو تابلۆ ناوازانەی ئەحمەد بورهانی هونەرمەند، کە لەسەر بنەمای رێبازی هونەری واقیعی تەواو کاری تێدا کردووە.
ئەگەر سەرنج بدەینە تابلۆکە، هونەرمەند بەشێوەیەک کاریکردووە و کێشاوێتی، وەک بڵێی لە بواری زانستی توێکاریی پزیشکیدا شارەزایی تەواوی هەبێ و خوێندکارێکی کولێژی پزیشکی بێت لە کاتێکدا، هونەرمەند تەنها هونەرمەندێکی شێوەکارییە، ئەم شێوە کارکردنەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی ئیشکردنی لەم بوارە هونەرییە گەورەیەدا، کە لە دنیای هونەری شێوەکاریدا رەگی خۆی داکوتیووە و زۆرێک لە هونەرمەندانی شێوەکاری جیهانی لەسەری ریۆشتوون، ئەم شێوازەی هونەر، نابێتە پۆرترێت، بەڵکو هونەری واقیعی تەواوە، پشت بە هونەرێکی سروشتی و واقیعی دەبەستێ، بەڵام ئەوەی جیای دەکاتەوە لە هونەری واقیعی کلاسیک، ئەوەیە لەم شێوازەدا ئەندێشەی هونەری و فەنتازیا ئاوێزانی یەک بوون، بابزانین نۆستاڵجیا لەم تابلۆیەی هونەرمەنددا لە کوێدایە؟
نۆستالجیا لە تابلۆ واقیعییەکەدا
ئەگەر تەماشای تابلۆکە بکەین، دەبینین مام تووڕەبوون و نیگەرانیی پێوە دیارە، بەڵام ئەوەی وایکردووە کە بڵێین ئەم وێنەیە دوای کۆچی دوایی مام جەلالە کە هونەرمەند کێشاوێتی ، واتە مام لە دوای کۆچی دوایی خۆی گەلێک نیگەرانە لە شێوازی کارکردنی هەڤاڵەکانی، تووڕەیە لەو دۆخە شپرزە و بێمتمانەییەی کە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا دروستبووە، بەمەرجێک مام هەر لە سەرەتای کاری سیاسییەوە لەناو ی.ن. ک-دا تێزی چەپکەگوڵەکەی تەوزییف کرد بۆ ژیانی سیاسیی هاوچەرخ چ لەناو یەکێتی خۆیدا و چ لەناو هەرێمی کوردستان و چ لەعیراقیشدا، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە لەلایەن مەرجەعی گەورەی شیعەکان ئایەتوڵڵا سیستانییەوە بە (صمام الامان) ناوی هێنرا. واتە تووڕەیی مام لە دۆخی ئێستای هەرێم و یەکێتی نیگەرانییە لەو هەموو تێکۆشانەی کە لە دێر زەمانەوە ئەم گەلە ستەمدیدەیە دەیکات بۆ ئەوەی بە مافە رەواکانی خۆی شاد بێت، لەکاتێکدا بە هەوڵی دڵسۆزانەی تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی ئەم گەلە و بە عەقڵی حەکیمانەی مام و خوێنی سەدان فەرماندە و هەزاران پێشمەرگەی گیانباز گەلەکەمان بە ئازادی گەیشت و توانی یەکەم بونیادی حوکمڕانیی کوردی لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا دابنێ، بەڵام ئەمێستا لەبەر تموحی شەخسی و حزبی خەریکن مەترسیی گەورە دروست دەکەن بە ئاراستەی لەناوچوونی قەوارەی سیاسیی هەرێم.
بەڵێ مام تووڕەیە لە ناشەفافی، لە نەبوونی مووچە و قووتی خەڵک، لە نەگەڕانەوە بۆ سیاسەتی خانووە قوڕەکان.
لەناو تابلۆکەدا ئاسمان نیگەرانە و خەم و پەژارە ئاسمانی داگرتووە و بە لەدەستاندانی مام، خۆر شوێنەکەی خۆی بەجێهێشتووە و کشاوە تا ئەو جێگایەی بەرەو ناوەڕاستی ئاسمان و لە وێدا و لەسەر سەری مامەوە وەستاوە.
خەم و پەژارە و ئاهی دایکی شەهیدان ئاسمانی سوورکردووە و رۆحی پاک و بێگەردی مام وەک کۆترێکی سپی لە ئاسماندا هەر لە شەقەی باڵ دەدات و بیرو رێبازەکەی مام لەوێدا و لەسەر ئەرزی واقیع سەوزدەبێتەوە و گوڵی ئازادی دەگرێت.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە