کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆمپانیایەكی تر لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كشایەوە

.

05:59 PM - 30/06/2022


كۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتی ئەمریكی (هالیبێرتۆن) پابەندبوونی خۆی بەبڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق راگەیاند‌و بڕیاریدا خۆی لە تەندەری خزمەتگوزاری كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بەدوور بگرێت.
ماڵپەڕی (عیراق ئۆیڵ ڕیپۆرت) ئاشكرایكرد، كۆمپانیای (هالیبێرتۆن)ی ئەمریكی كە لەبواری خزمەتگوزاری كێڵگەكانی نەوتدا كار دەكات، ڕۆژی 28ی حوزەیرانی 2022 نامەیەكی بۆ وەزارەتی نەوتی عیراق ناردوە‌و تیایدا ئاماژەی بەوەكردوە، خۆیان لە گرێبەستی نوێ یان بەشداریكردن لە تەندەری بەردەوام لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا بەدوور دەگرن.
پێشتریش هەردوو كۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتی شلومبێرگر و بەیكەر هیوزی ئەمریكی، پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق راگەیاندبوو.
هاوكات جووتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕۆژی 29ی حوزەیرانی 2022 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا تەئكیدی كردەوە، هیچ كۆمپانیایەكی نەوت كە گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەبێت نەكشاوەتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لە 15ی شوباتی 2022 بڕیاری نادەستووری بوونی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی دەركرد‌و حكومەتی هەرێمی پابەندكرد كە نەوتەكەی تەسلیمی وەزارەتی نەوتی عیراق بكات، لەدوای ئەوەش وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق‌و كۆمپانیای نەوتی بەسرە، سەرجەم كۆمپانیاكانی نەوتییان ئاگاداركردەوە، چیتر مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكەن، بەپێچەوانەوە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە