کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كێ كوشتی ..؟

.

10:07 AM - 29/06/2022

كێ كوشتی ..؟

كە ڕووداوێكی كوشتن ڕوودەدات, هەموو پرسیارەكان ئەوەیە كێ كوشتی ؟ هەمووان بەدوای بكەری ڕووداوەكەوەن و دەیانەوێت ناسنامەی كەسێك یان گروپێك بزانن، كە تاوانەكەی ئەنجامداوە..بێ ئاگاین لەوەی كە خۆشمان بەشێكین لە تاوانەكەو ئێمەش بەشی خۆمان تاوانەكەمان ئەكەوێتە ئەستۆ...!
- بكوژی راستەقینە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵایە، كە ناتوانن، پەروەردە بخەنە پێش فێركردنەوە...ئەم دوو ناوەندە بەشی زۆری مامۆستاكانیان پێویسیتیان بە پەروەردەو ڕاهێنانەو هی ئەوە نین، مناڵ و هەرزەكارەكان پەروەردە بكەن.

- بكوژی راستەقینە داداگاكانن، یاساكان وەك یەكێك بەسەر هەموواندا جێ بەجێ ناكەن...ئەوانەی كوڕە هەژارو بێ پشت و پەنان لە سەر تاوانێكی بچوك لە گونجی زیندان توندی دەكەن و ئەوانەی پشت و پەنایان هەیە، گەر كەسێكیش بكوژن بە ئاسانی ئازاد دەكرێن...

- بكوژی راستەقینە...ئەو كۆمەڵگایە، كە هەمیشە رێز لە كەسی خاوەن دەسەڵات و پلەو پایە دەگرێت و پێیوایە پیاو ئەو كەسەیە كە عیزەت و شەرەف و كەرامەتی دەپارێزێت و بەدەستی خۆی ماف وەر دەگرێت و تۆڵە دەكاتەوە...ئەو كۆمەڵگایەی كەسە لاوازو هەژارو بێدەرەتانەكانی ، لە پەراوێزدا دەهێڵێتەوەو پێیوایە سەرچاوەی زۆربەی خراپە كارییەكانی كۆمەڵگان.

- بكوژی راستەقینە خێزانەكانن ، بەداخەوە بەشێكیان بە تەواوی لە بەریەك هەڵوەشاونەتەوەو بەشەكەی تریشی تەنها سەقفی خانووەكەیان كۆی كردوونەتەوە، ئەگینا هەر یەك لە ئەندامانی خێزانەكە لە دنیای تایبەتی خۆیەدا ئەژی و كەس ئاگای لە كەس نییە.

- بكوژی راستەقینە كەناڵەكانی راگەیاندنن، كە رۆژانە دەیان هەواڵی كوشتن و خۆكوشتن و توندوتیژی بڵاودەكەنەوە، ئەوان فێرمان دەكەن، چۆن خۆمان بكوژین و لە كوێ چەكی قاچاخمان دەست دەكەوێت و چۆن بە ئاسانی دەستمان دەگات بە مادەهۆشبەرەكان، چۆن خیانەت لە هاوسەرەكانمان بكەین و چۆن دزی بكەین و چۆن قۆڵی خەڵك ببڕین.

- بكوژی راستەقینە سۆشیال میدیایە، كە بە بەرنامەیەكی ورد، نەیارو دووژمنانی كورد، بە زمانی كوردی و هەر لەرێی پەیجەكانەوە، رۆژی كەیسێك یان چەند كەیسێك دەوروژێنن بۆ بێ هیواكردنی خەڵكی و بەلارێدابردنی گەنجەكان و هەرزەكارەكان ...لە سۆشیال میدیاوە ژیانمان لە بەرچاو دەخەن و كەرامەتمان دەشكێنن و پیرو گەنج و منداڵەكانمان بەو شێوە خۆیان دەیانەوێت ئاراستە دەكەن.

- بۆ تێگیشتن لەوەی كە ڕوودەدات لە كۆمەڵگای ئێمەدا، پێشنیارتان بۆ دەكەم ئەم دوو كتێبە بخوێننەوە دڵنیام كۆمەكتان دەكات بۆ ئەوەی تێ بگەن چی ڕوودەدات و پێتان دەڵێت، سەرچاوەی تاوانەكان لە كوێیەو كێ بەرپرسی راستەقینەی تاوانەكانە..

- كتێبی(كەسایەتی تاكی عێراقی) بخوێننەوە كە د. عەلی وەردی ، بە زمانێكی كۆمەڵناسییانەی سادە و جوان، هەوڵی لێكۆڵینەوە و شڕۆڤەكردنی زۆر بەی دیاردەكانی ناو كۆمەڵگای داوە،ئەم كتێبە، گەرچی لە شێوەی وانەیەك پێشكەش كراوە و نیو سەدە زیاتری بە سەردا تێپەڕیوە، كەچی دەكرێ بڵێین كتێبێكە، بۆ هەموو سەردەمێك و قۆناغێك،چونكە هەمان ئەو سیما كەسییانەی پەنجا ساڵ زیاتر لە مەو بەر، وەردی ڕەخنەی كردوون، ئێستا بە شێوەیەكی قووڵترو بەرفراوانتر لە كۆمەڵگەی عێراقیدا بوونی هەیە.

- كتێبی دووەم ناوی (كەسێتیی تاكی عێراقی) ئەم كتێبە نووسەری عێراقی باقر یاسین بە عەرەبی نووسیویەتی، نووسەر لەم كتێبەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە كەسێتیی عێراقی بە درێژایی پێنج هەزار ساڵ لە جەنگ و كوشتوبڕ و توندوتیژی خوێناوی و دیكتاتۆری و داگیركاریی هێزە دەرەكییەكاندا لە هەزارەی سێیەمی بەر لە زاینەوەو تائێستا بەردەوام تووشی پرۆسەی وێرانكردن هاتووە.
نووسەر كەسێتیی عێراقی بە دەرووننەخۆش دادەنێت، كە بەدەست سێ سیفەتی نالەبارەوە (ناكۆكی و دیكتاتۆری و خوێنڕێژی) دەناڵێنێت، ئەم نەخۆشییانەش لە بنەچەدا لە بونیاتی كەسێتیی عێراقیدا نین، بەڵكو بە تێپەڕبوونی كات وەرگیراون، بۆیە ئەگەر بەرنامەیەكی چاكسازی هەبێت و نیەتی راستەقینەو جددیی تێدا بێت، ئەوا توانای چاكبوونەوەی هەیە.

سامان حەمەغەریب

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە