کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئایندەی ڕووداوەکانی ناوچەکە بەرەو کوێ؟

.

10:02 AM - 29/06/2022

ئایندەی ڕووداوەکانی ناوچەکە بەرەو کوێ؟
زانیار ئیبراهیم

تێگەیشتن و شیکردنەوەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی قورسە،
ئەگەر بتەوێ شیکردنەوە بۆ ڕووداوەکان بکەیت، ناتوانی هەقی خۆیان بدەیتێ، بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی سیاسی پتەو، زاڵ بوونی حکومڕانی خێڵەکی لەناوچەکە .

بەردەوام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بووە، بەجۆرێک بچووکترین ململانێ لەهەر ناوچەیەک ڕووبدات، خێرا جەمسەرگیری لە نێوان وڵاتان دێتە کایەوە، تۆزێ بگەڕێینەوە بۆ دوا بۆ سەردەمی بلۆکی ڕۆژئاوای و بلۆکی ڕۆژهەڵاتی، بەئاسانی ئەم دابەش بوونەی وڵاتان بەسەر لایەنە ناکۆکەکاندا هەست پێدەکەین، ئێستەش بەتایبەتی دوای هێرشی ڕوسیا و بۆ سەر ئۆکرانیا، دووبارە هەمان دابەش بوون لەنێوان وڵاتان هەیە، ئەم دابەش بوونە بەشێوەیەکە هەموو ناوچە وهەرێمەکانی گرتووەتەوە، بەهەرێمی کوردستانیشەوە .
بەحوکمی ئەوەی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، بۆتە جێگەی ململانێ وڵاتان، وڵاتانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ڕوسیا و هاوپەیمانە کانی لەلایەکی تر، ورتر دوای ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد غازی سروشی هەناردەی دەرەوە دەکەن، فشارەکان لەسەری زیاتربوون، هەر لەبڕیاری دادگای فیدڕالی عێراق لەبارەی نایاسایی بوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، تا بەم دوایانە موشەک باران کردنی کێڵگەکانی نەوت و غاز، جوڵاندنی هێز بۆ دەستبەسەراگرتنی کێڵگەکانی نەوت و غاز، هەموو ئەمانە پێمان دەڵین هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان بەئاراستەی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت و غاز بەزیان بۆ هەرێم و نەوتەکەی دەشکێتەوە .
بەبروای من تورکیا هاوشێوەی نەوتەکەی چاوی لە غازی سروشتی هەرێمی کوردستانە، تاکو لەو ڕێگەوە پێداویستی لە غازی سروشتی پێ پڕبکاتەوە و پێویستی بەئێران و ڕوسیا نەمێنێ، سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپیش چاویان لەغازی سروشتی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت دوای فشارەکانی ئەوروپا بۆ سەر ڕوسیا، بەدوای جێگرەوەی تری غازی سروشتیدا دەگەڕێن .
لەلایەکی ترەوە وڵاتانی ڕوسیاو ئێران، نایانەوێت هەرێمی کوردستان بێتە نێو ململانێی وزەوە و جێگەی ئەوان بگرێتەوە لە دابینکردنی وزەی بۆ وڵاتان، دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لەو ململانێیە بەدووربێت .
ماوەتەوە بڵێم باشترین بژاردە لەئێستادا بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە نەچیتە نێو ململانێی نێوان وڵاتانەوە،چونکە بەزیان بۆ سەر خۆی و هاوڵاتیان دەشکێتەوە، پێویستە لەگەڵ بەغدادا ڕێک کەوێت لەسەر مەلەفی نەوت و غاز، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و موچە و بژێوی هاوڵاتیان نەکەوێتە مەترسیەوە .

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە