.
03:23 PM - 27/06/2022
هاوکێشەیەکی ئاسانە
کەنار قاسم
زۆرێک لە هەژارەکان لە ژیاندا بەهۆی بیرە نەرێنییەکانیانەوە خۆیان دەچەوسێننەوە.خەمبارن و تووڕەن لە ژیان و لە خەڵکی دەوروبەریان.
زۆر رەخنە دەگرن و لە هیچ شتێک رازی نین، بیرکردنەوەکانیان لەسەر کێشەکە چڕ دەکەنەوە و گرنگی بە چارەسەرکردنی نادەن. دڕک بە دەستەوە دەگرن و چاویان لە جوانی گوڵ دادەخەن، بەهار وەک بیابانێکی بێ بەرهەم دەبینن و ئومێد بە پیرەپیاوێک کە خەریکە دەچێتە ناو گۆڕەکەیەوە .
هەندێکیان رێگای راست و دروستیان لێ ونبووە و لە نەزانی و تاریکیدا گیریان خواردووە.
لە گۆشەیەکی تاریکەوە ژیان دەبینن، بۆیە ناتوانن نهێنی و چارەسەری کێشەکانیان بدۆزنەوە.
بۆ ئەوەی تۆ یەکێک نەبیت لەوانە دەبێت لەوە تێبگەیت:
-ژیان سێ رۆژە.. دوێنێ مرد و هیچ رێگەیەک نییە بۆ گەڕانەوەی، رۆژێکی دیکەش دەژیت.
-دڵخۆشی یان بەدبەختی، ئەوەی بەدەستی دەهێنیت هەندێک جار هەوڵی خۆتە و هەندێک جار لە چارەنووسدا نووسراوە و لە تۆ شاراوەیە.
-ئەمڕۆ بە ئازار و دڵشکانەوە مەژی بۆ دوێنێ، نە خەم و ترست هەبێت لە سبەینێ.
-هەوڵ و ماندووبوون نهێنی دروێنە و سەبر و ئازارە، تیایدا ئەو چێژە هەیە وامان لێدەکات ئازار لەبیر بکەین.. تەمبەڵی و بێکاری گۆڕستانی مرۆڤە.
-مەوەستە لە شوێنی خۆت و تەنها داوا لە خودا بکەیت.. خەونەکانت لەسەر ئاو بنیات مەکە.
-نائومێدی تاریکییەکە مرۆڤ جگە لە رەشی هیچی تری تێدا نابینێت.
-رق و ئیرەیی و درۆ و فریودان دڵەکان دەکەن بە پارچە بەرد...
-لووتبەرزی و غرور مرۆڤ لە چاوی جۆرەکەی خۆیدا دادەبەزێنێت... سادەیی و لەخۆبردوویی هەژار دەکاتە پاشا..
-بەختەوەری ئارامی دڵ و ئارامی دەروونی مشتێک پارە و کۆمەڵێک هاوەڵی خراپ و چێژی فانی نییە.
ئەمانە هاوکێشەیەکی سادەن ...
ئەوەی لێیان تێبگات لە ژیان تێدەگات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە