کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دیارییەكی بەنرخی عەباس بەدری

.

08:02 PM - 23/06/2022


كتێبی "مقالات و رۆی فی (النور)" كە بەشێكە لەو وتارانەی پێشتر نووسەری ناودار مامۆستا عەباس بەدری لە ڕۆژنامەی (النور) لە بەغدا بڵاویكردووەتەوە، لە دووتوێی ئەم كتێبەدا كۆكراوەتەوە لەلایەن كاكە بەرزان-ی كوڕی مامۆستا عەباس-ی نەمرەوە.
بەلای منەوە ئەم كتێبە بایەخێكی یەكجار زۆری هەیە، هەڵبەت لەبەرئەوە نا كە بابەتەكان لەسەر بەرهەمەكانی منە، بەڵكو لەبەر زۆر هۆكاری لەوە لەپێشتر و گەورەتر، ئەوانیش ئەوەن كە سەرچاوەیەكی زۆر گرنگە بۆ ناساندنی ئەدەب و وێژەی كورد بە خوێنەرانی عەرەب، بەتایبەت كە ئێمە چارەنووس وایكردووە وەك دوو گەل بەیەكەوە بژین و سوود لە ئەزموونە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و كەلتوورییەكانی یەكتر وەربگرین.
هۆكارێكی دیكە بۆ بایەخ و گرنگیی كتێبەكە ئەوەیە كە بەقەڵەمی نووسەرێكی وەك مامۆستای كۆچكردوو عەباس بەدری نووسراوە، ئەمەیش بۆخۆی سەنگ و بەهایەكی تری دەداتێ‌، چونكە كەم نووسەر و ڕۆشنبیری كورد و عەرەب هەیە مامۆستا بەدری نەناسن و ئاشنایەتییان لەگەڵ بەرهەمە بە پێزەكانیدا نەبێت.
بۆ من عەباس بەدری هەر نووسەرێك نەبوو، بەڵكو هاوكارێكی دڵسۆزم بوو، بەپەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ بەرهەمەكانم كردووە و بەشێكی بەرچاویشی لێ‌ وەرگێڕاوەتە سەر زمانە دەوڵەمەندەكەی عەرەبی، جا بەو سەلیقە و لێزانی و توانا بەرزەی خۆیەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە