کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

زۆربوونی ئۆتۆمبیل خۆشگوزەرانییە یا ماڵوێرانی

.

09:45 AM - 22/06/2022

زۆربوونی ئۆتۆمبیل خۆشگوزەرانییە یا ماڵوێرانی..

ژینگە، یەکەم زەرەرمەندە لە زۆربوونی ئۆتۆمیلدا. لە کۆتا دیداری لەگەڵ ڕۆژنامەنووسدا، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە بوونی دوو ملیۆن ئۆتۆمبیل کرد لە هەرێمی کوردستان، کە ئایا ئەوە نیشانەی ئەوە نیە خەڵکی باروودۆخی ئابورریان باشە... خۆزگە ڕۆژێک لە ڕۆژان، ڕاوێژکارە ژینگەیی و تەندروستییەکانی سەرۆکی حکومەت چەند خولەکێک باسی مەترسی زۆربوونی ئۆتۆمبیلیان بۆ دەکرد. من لە سەرۆکی حکومەت و ڕاوێژکارەکانی دەپرسم، ئایا نیشانەی پێشکەوتنه بوونی ئۆتۆمبیلی تایبەت، یا نیشانەی بێبەرنامەیی حکومەتە کە نەیتوانیوە هۆکاری گواستنەوەی گشتی ئەکتیڤ بکات بەتایبەتی هاتوچۆی نێوان شارەکان، خۆ ئەگەر بوونی ئۆتۆمبیلی تایبەت نیشانەی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن بێت ئەوا ئێمە پێش وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبیمان داوەتەوە. ئایا سەرۆکی حکومەت، ڕۆژێک لە ڕۆژان پرسیاری کردووە، ساڵانە چەند کەس بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان لە دەست دەدەن و بریندار و کەمئەندام دەبن،(ئەو کەسانە لە ئۆتۆبیلی تایبەتن یا گشتین)، یا قەت پرسیاری ئەوەت کردووە، ساڵانە چەندان ملیۆن دۆلار پارەی ئەم هەرێمه دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی ئۆتۆمبیلی تایبەت. ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ڕاوێژکارە ژینگەییەکانت پرسیوە، ئایا سوتاندنی ئەم هەموو بەنزین و گاز و سوتەمەنیە چی زیان و کارەساتێکی ژینگەیی و تەندرووستی بەدوایخۆیدا دەهێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە، وێڕای بوونی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی، وڵاتانی پێشکەوتوو لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەن نەک ئۆتۆمبیلی تایبەت بگرە گشتییەکانیش‌بە کارەبا و تیشکی خۆر کارپێبکەن... دیارە سەرۆکی حکومەت ئاگای لەوە نیە ئێستاش بەشێک لەو ئۆتۆمبیلانە بە شێوەی نایاسایی دەهێنرێنە هەرێمی کوردسان، بەشێکیشی زۆریان بە ناوی گومرگ و دەیان ناوی ترەوە پارەیان لێوەردەگیرێ، کەواتە ئێستا هێنانی ئۆتۆمبیل گرنگ نیە ژینگەدۆستە مۆدیلی بەرزە کوالێتی باشە، سوتەمەنی کەم سەرف دەکات، گرنگ ئەوەیە چەند پارەی لێوەردەگیرێ لە خاڵە سنورییەکان. من کاتی خۆی پێشنیارم کرد، حکومەت هەرسێ وەزارەتی پەروەردە و تەندوستی و خوێندنی باڵا ناچار بکات هۆکاری گواستنەوەی گشتی بەکار بهێنن بۆ کاتی دەوام، بەڵام بە داخەوە گوێیان لێمان نەگرت. من پرسارێک دەکەم لە تۆ و ڕاوێژکارەکانت، لە کوێی دونیادا جگە لە مۆزەخانەکان نەبێ، ئۆتۆمبیلی ساڵی هەشتاکان و ئۆتۆمبیلی ساڵی 2022 بەیەکەوە لە یەک شەقامدا هاتووچۆ بکەن⁉ من پێم سەیرە ئێمە تەنها چالاکوانی ژینگەیین هەست بەو مەترسییانە دەکەین، ئاخۆ بۆچی ئەو هەموو ڕاوێژکار و فەرمانگە و وەزارەتانە هەست بە مەترسییە ژینگەییەکان ناکەن و پێتان ناڵێن؟ بۆیە من ڕوو لە تۆ و ڕاوێژکارە ژینگەییەکانت و کەسانی دڵسۆز دەکەم، تکایە بوونی ئۆتۆمبیلی زۆر نیشانەی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی نییە، دڵنیابە ماڵوێرانی و نەگبەتی و دوژمنی ژینگە و تەندروستییە.

مەعرووف مەجید

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە