کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شەڕی بەرژەوەندی وجیھانی برسی

.

10:27 AM - 20/06/2022

 

شەڕی بەرژەوەندی وجیھانی برسی 

 

سۆزان حەمەتاتە

‎بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن رایانگەیاند نزیکەی 20 ملیۆن تۆن دانەوێڵە بەهۆی داخرانی بەندەرەکانەوە لە ئۆکراینا کەڵەکە بووە و ناتوانرێت بنێردرێتە بازاڕەکانی جیهان، ئەمە ھەواڵێکی سادە نیە، بەڵکو ھەڕەشەیەکی جدیە لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیھانی کە کارەساتی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت.

‎رووسیا و ئۆکرانیا بەھۆی بوونی زەوی لەبار بۆ چاندنی دانەوێڵە، بەشدارێکی کارا و کارگەربوون لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خۆراکی جیھان، ئامارە رەسمییەکان باسیان لەوەکرد ھەردوو وڵاتەکە، نزیکە زیاتر لە سی لە سەدی پێداویستیی گەنم و جۆی جیھانیان دابینکردووە، بۆیە دروستبوونی ھەر کێشەیەک لەو پرۆسەیەدا، ئاسایشی خۆراک دەخاتە مەترسییەوە بەتایبەت وڵاتە ھەژارەکان.

‎ھێشتا دیار نیە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا کەی و چۆن کۆتایی دێت، بەڵام بەڕوونی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئاسایشی خۆراک دەرکەوت و ھەڕەشەی مردن لە ملیۆنان مرۆڤ دەکات، کە لەدوای شەڕی دووەمی جیھانییەوە بارودۆخی وا مەترسیدار دەرنەکەوتووە.

‎دابەشبوونی جیھان بەسەر ھەردوو لایەنی شەڕەکەدا و نەبوونی ھەوڵی جدی بۆ چارەسەر، لەکارکەوتنی بەندەرەکانی ئۆکرانیا بۆ ھەناردەکردنی دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیھان، مەترسییەکانی زیاترکردووە، بەڵکو جیھان کەوتووەتە بەردەم قاتوقڕییەکی زۆر مەترسیدار.

‎گەنم و جۆ لە پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤن، ھەروەھا بنەمای سەرەکی ئابووریی ئۆکرانیان، زۆرێک لەو وڵاتانەی پشتیان بە ئۆکرانیا و رووسیا بۆ دابینکردنی گەنم و جۆ دەبەست، ئێستا کۆگاکانیان وردەوردە خاڵی دەبێت و دەکەونە دۆخی بێ خۆراکی و بەئەستەم پەیداکردنی و گرانبوونی نرخەکەیەوە، ئەوەش باری سەرشانی خەڵک زیاتر دەکات.

‎مەترسییەکانی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیھانی لە خودی شەڕی گەرمی نێوان ئەو دوو وڵاتە گەورەترن کە رۆژانە مرۆڤگەلێکی بێتاوانی تێدا دەکوژرێ، ژێرخانی بوارە جۆراوجۆرەکانیشی تێدا خاپوور دەبێ، دوور نیە ئەگەر شەڕەکە زوو کۆتایی نەیەت، ئەوا ملیۆنان مرۆڤ لە برسانا دەمرن و جیھان خوێناوی تر دەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە