کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەكڵاشینكۆف و ڕوومانە شەڕی درۆن ناكرێت

.

04:13 PM - 18/06/2022

 

درۆنەكانی ئێمە و ئەوان...

بەكڵاشینكۆف و ڕوومانە شەڕی درۆن ناكرێت

 

گۆران قادر 

درۆنەكان (فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان) لە ئێستادا لە هەموو تەكنەلۆژیا جەنگیەكانی دیكە زیاتر بەكاردەهێنرێن،چونكە تێچوی هەرزانە دەستكەوتن و بەكارهێنانیشی ئاسانە و بەكارهێنانی هەمەجۆرە،بۆیە لە یەك كاتدا بۆتە چەكی بەهێزی دەوڵەتان و هێزە چەكدارییەكان،لە ڕووبەڕووبونەوەكاندا بڕیاری كۆتایی لەوەیە لای هێزی درۆنەكان بێت،بەو پێیەی ئەوان بڕیار لەسەر سەركەوتن و شكست دەدەن،بەبێ ئەوەی بپرسێت ئەو براوەیە دەوڵەتە یان هێزێكی چەكدارییە. 

بەهێزترین كاریگەری درۆنەكان لای حوسییەكانی یەمەن بوو،چونكە بەهۆی هێرشەكانیان بۆ سەر شوێنە ستراتیژییەكانی سعودیە وەك كۆمپانیا نەوتیەكان و فرۆكەخانەكان، سعودیە ناچاركرا لە ئازاری 2021 هێرشەكانی بۆ سەر حوسییەكان لە یەمەن ڕابگرێت، كە ماوەی شەش ساڵ هێرشی ئاسمانی دەكردە سەریان، هەروەها ئێستاش لە جەنگی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا لەلایەن هەردوو دەوڵەتەوە وەك هێزێكی كاریگەر بەكاردەهێنرێت، ئەمریكاش سەرسەخترین دوژمنی خۆی هەر بە درۆن لەناو برد، توركیاش بۆ تیرۆركردنی سەركردەكانی پەكەكە درۆنی بەیرەقدار بەكاردەهێنێت و تاوەكو ئێستا سەركەوتنی زۆری بەدەستهێناوە،مەبەستم لە هێنانەوەی ئەم نموونانە بۆ ئەوەیە تێبگەین كە درۆنەكان وەك فڕۆكەی جەنگی نیە كە تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت و تەنها لە جەنگدا بەكاربهێنرێت، دەكرێت بەدەست هێزی چەكداریشەوە بێت و بۆ هەموو مەبەستێك بەكاربهێنرێت و دەوڵەتێكی بەهێزیش ناچار بە پاشەكشە بكات. 

ئەوەی كە لێرەدا غائیبە، هێزی ئەم درۆنەیە لای كورد، كە نەبۆتە هێزێكی كاریگەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دەوڵەتانی نەیار و میلیشیا و گروپە تیرۆرستیەكان،كە دەكرا وەك حوسیەكان بتوانین بیكەینە هۆكارێك بۆ سەركەوتنمان بەسەر هێزی دەوڵەتدا، یان بەلانی كەمەوە نەیارەكەمان لە ترسی وەڵامی درۆنەكانمان نەتوانێت  بەویستی خۆی و بێ ترس هێرشی ئەنجام بدات ،بەڵام نەك ئەمە نەكراوە، بەڵكو درۆنەكان بوونەتە هۆی لاوازبوونمان و لە ماڵ و شەقام و ئۆتۆمبێل و سەر چیاكان و هاوینەهەوارەكان سەركردەكان دەكەنە ئامانج، هەموو هێزی كوردیش دوای ڕووداوەكە  ئەوەیە بە بەیاننامەیەك یان چەند وشەیەكی عاتیفی وەڵامی هێرشەكە دەدەنەوە،كە ئەمەش وەڵامدەرەوەی واقعی هێرشەكە و خەباتی ئێستا نیە، كە خەباتی هێزی درۆنەكانە،بۆیە كورد پێویستە خەباتی ئێستای بە عەقڵیەتی ڕابردوو نەكات، تێبگات كە هاوكێشەی هێزەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دەكرێت زیاتر لە دەوڵەتان سود لە تەكنەلۆژیا وەربگرین ، بەكڵاشینكۆف و ڕوومانە هەرگیز شەڕی درۆن ناكرێت، لە باشوورەوە شەڕی توركیا ناكرێت،ئەمە سەردەمی نوێیە و دەبێت لەو ڕاستیە تێبگەین و دانی پێدابنێین، پەكەكەش دەبێت باش ئەو ڕاستیە بزانێت كە خەباتی هەرچەندە ڕەواش بێت، ڕێگای گەیشتنی بە ئازادی هەڵەیە، ئەم شێوازەیە نایگەیەنێت بە كەناری ئارامی، بەڵكو دەبێت دانی پێدا بنێت كە ئێستا بنكە و بارەگا و جموجۆڵەكانی لای توركیا ئاشكرایە و هەمووی لە ژێر رەحمی هێرشی درۆنەكاندان، گرنگ و پێویستە ئەم هێرشانە رایبچەڵكێنێت و بە خەباتی خۆیدا بچێتەوە،كە دوو بژاردەی لەبەردەستدایە و سێیەمی نیە، یان دەبێت وەك هێزە چەكدارییەكانی دیكەی جیهان سود لە تەكنەلۆژیا وەربگرێت و لە دڵی دوژمن بدات، یان دەبێت واز لەم شێوازە بهێنێت كە تەنها قوربانیدانی زۆری بۆ دەمێنێتەوە، دوژمنەكەشی بە ویستی خۆی سەركردەكانی دەكاتە ئامانج، هەروەها بەبیانوی ئەوانیشەوە ڕەز و باخی هاوڵاتیان وێران دەكات و ڕۆژ بە رۆژ ڕووبەری داگیركارییەكانی فراوانتر دەكات.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە