کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

گرنگە قەوارەی هەرێم بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە

.

04:08 PM - 25/05/2022

گرنگە قەوارەی هەرێم بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە

هەستیار مارف ئاغا

قەوارەی هەرێم بە ئاسانی دروستنەکراوە تا بە ئاسانی بڕوخێنرێت، بەڵکو کۆمەڵیک سەرکردە و تێکۆشەری مەزنی وەک سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی، هەوڵیان بۆ دا تا گەیشت بە ئەم قەوارەیە.

 

کورد دەڵێت قەدری زێڕ لای زێڕەنگەرە، بۆیە کەمترین کەمتەرخەمی بەرامبەر بە لە دەستدانی قەوارەی هەرێم گەورەترین بەرپرسیارێتی مێژوویی دەخاتە ئەستۆی ئەنجامدەرانییەوە.

بە واتایەکی دیکە لە قەوارەی هەرێم گرنگتر خەڵکەکەیەتی، بۆیە ئەگەر خەڵکی کوردستان چیتر لەژێر باری برسێتی و نەهامەتی و بێ مووچەیی و بێدادی و نەبوونی خزمەتگوزاریدا بن، ئەوا ئەوکات کەس بەلایەوە گرنگ نییە داهاتوومان چی بەسەردێت و قەوارەکەمان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە یان نا؟

کورد لە مێژە خەبات دەکات و قوربانی داوە تاوەکو بگات بە مافەکانی، لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا توانی خۆی سازبکات بۆ راپەڕین و پاش ماوەیەکی کورت توانی هەڵبژاردن بکات و حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دروست بکات.

بەهۆی شەڕی ناوخۆوە قەوارەی هەرێم دابەشبوو بۆ دووبەرە و چەندین ساڵی خایاند تاوەکو لەسەردەستی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی و هەوڵ و نێوەندگیری نێودەوڵەتی دیسانەوە هەرێمی کوردستان پێکهێنرایەوە.

دوای ئەوەی پڕۆسەی ئازادی لە عیراقدا سەری گرت و کۆتایی هات بە رژێمی دیکتاتۆری، کورد بە یەکگرتوویی و بە ویستی خۆی بەشداری کرد لە پڕۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقدا و رۆڵی کاریگەریان هەبوو لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراقدا و مافەکانی گەلی کورد وەک نەتەوەی دووەم لە عیراقدا لە دەستووردا جێگیر کرا.

ئەم هەوڵ و ماندووبون و خەبات و قوربانیدانە لە دووتوێی قەوارەی هەرێمدا بەرجەستەکراوە و هەموو کورد خۆی بەخاوەنی هەرێم دەزانێت و دامودەزگا و قەوارەکان و خێروبێری هەرێم بەتەنها موڵکی کەس نییە و کەس بەتەنها تاسەر نابێت بە خاوەنی.

بۆیە زۆر گرنگ و چارەنووسسازە قەوارەی هەرێم بە یەکگرتووی لەسەربنەمای ئازادی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ بمێنێتەوە و ئەولەویەت بدرێت بە خەڵکی کوردستان، زۆر گرنگە بەرپرسانی ئەمڕۆی هەرێم خەبات و تێکۆشانی رابردووی میللەت وەک سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵانیان لەبەرچاوبێت و پەند لە ئەزموون و خەبات و سازان و دڵسۆزییان وەربگیرێت، تاوەکو مەترسییەکانی بەردەم لێکترازانی قەوارەی هەرێم نەهێڵین و یەکگرتوویی خاک و حکومەت و میللەت بپارێزین و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە بە بەرنامە و کار لەسەر تۆکمەکردنی برایەتی و ئاشتی و تەبایی سەرتاسەری بکەن بە ئامانج، نەوەک ببین بە پاشکۆ و دڵی ناحەزانمان پێخۆشبێت و دەستی داگیرکەران بگات بە خاک و ماڵ و میللەت و سەر و سامانمان.  

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە