کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

نرخی مریشك و ماسی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە

.

08:25 PM - 23/05/2022


نرخی یەك كیلۆگرام ماسی لە هەرێمی كوردستان بۆ 10 هەزار دینار و یەك كیلۆگرام مریشك بۆ نزیكەی 4 هەزار دینار بەرزبوونەوە، فرۆشیارانیش دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە خواست لەسەر ماسی و مریشك زۆر كەمبۆتەوە، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانیش تەئكید دەكاتەوە، كە نرخی یەك كیلۆگرام مریشك لەسەر خۆیان 3250 دینار دەكەوێت

نرخی یەك كیلۆگرام ماسی لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 10 هەزار دینار و مریشكی زیندووش بە نزیكەی 4 هەزار دینارە، فرۆشیارانیش دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە خواست لەسەر ماسی و مریشك زۆر كەمبۆتەوە.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی مریشك نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكردوە، نرخی جوچك، دەرمان، عەلەف و گازوایل گران بوون، ئەمەش بۆتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی زیندوو.
هەروەها نەخۆشی نیوكاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی 70%ی مریشك و جوچكی هۆڵەكانی لەناوبردوە، بەكارهێنانی ڤاكسینیش بەهیچ شێوەیەك لەكوردستان كار ناكات، چونكە ئەو ڤاكسینانەی لە عێراق و كوردستان هەن خراپن.
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان باسی لەوەشكردوە، هەركیلۆیەك مریشك لەسەر خاوەنی پرۆژەكان 3250 دینار دەكەوێت، ئەگەر 30% مریشكی ناو هۆڵەكان بمرێت، ئەوا خاوەنی كێڵگە یەك كیلۆ مریشك بدات بە 7 هەزار دیناریش هەر لە زەرەردایە.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 1650 كێڵگەی پەلەوەر هەن، كە ساڵانە 165 بۆ 175 هەزار تۆن گۆشتی مریشك بەرهەم دەهێنن، ئەوەش لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە، هەروەها نزیكەی 800 پڕۆژەی بێ‌ مۆڵەت و مۆڵەتپێدراوی بەرهەمهێنانی ماسی هەن، كە ساڵانە 8 هەزار تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم دەهێنن، كە بەشی 60%ی پێداویستی ناوخۆ دەكات.
خاوەنی بەشێك لە حەوزەكانی ماسی و دوكانەكانی فرۆشتنی مریشك كە قسەیان بۆ گەلی كوردستان كردووە دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە خواستی هاوڵاتیان لەسەر مریشك كەمبۆتەوە، بەڵام نرخی ماسی هێندە گرانبووە لە توانای زۆر كەسدا نییە بیكڕێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە