کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پاکانە ....

.

05:50 PM - 20/05/2022

پاکانە ....
شیعری موزەفەر نەواب
وەرگێڕانی : شەهید دڵشاد مەریوانی
گفتی دایکێک،
ڕۆڵە گیان، ڕۆڵەی زیندان.. گەرچی کوێرم
بەڵام بە چاوی دڵمەوە بۆ لات هاتووم
مەگەر نازانی ڕێی زیندان بەچاوی دڵ بەدی دەکرێ؟
هەناو و بەندی جگەرم.. خۆ بیرت دێ
کە منداڵ بوویت، دەمکردیتە قەڵادۆشکان
دەستە نەرمونۆڵەکانت لەسەر عەبا شڕەکەوە
لە سەر و پرچم دەئاڵان
ئێستاکەش هەر ئەو پرچانەن بەڵام سپین
هۆن هۆن هەمووم هۆنینەوە
بۆ ڕەوابوونی تۆ بۆ ژین
چاوەکانت شەربەتی زیندەگانیم بوو
گڕوگاڵت بەزمی شایی لۆغانیم بوو
سپێنەی ئەو دوو چاوانەت شیری مەمکی داماویمە
ڕەشێنەیان شەونخونی شەوانی کوللەمەرگیمە
تا چاوە بچکۆلەکانتم کرد بە دوو گڵۆپی ڕووناک
گڕوگاڵتم کرد بە قسەی جەماوەری خاوێن و پاک
تا ڕام هێنای لەگەڵ دەریای بێداری ژیان
بووی بە شێرێک لە مەرگ نەترسی بۆ ژیان
مەبەستت هێند فراوان بێ ڕزگاری بێ بۆ گشت گەلان
*
ئێستا کوڕەکەتم لایە
شەوان بە دەم لایلایەوە دەڵێم لایە
کۆرپەم لایە.. لایە لایە
سەرفرازیم لە خۆگرتنی باوکتایە
ڕزگاریمان لە خەباتی هاوڕێیانی بابەدایە
جەرگی جەرگەکەم لایلایە
خەفەت مەخۆ، حزب لانکی مناڵێکە کە بێ لانکە
حزب باوکی مناڵێکە کە بێ باوکە
ئەو پشتێنەی هەڵواسراوە
بەخەتی ورد لێی نووسراوە
هی باوکتە، کە گەورە بووی لە پشتی کە
کارەکانی ئەو تەواو کە
لەسەر پەراسووت بیبەستە و بیپارێزە
ئەوە پەساپۆرتی ڕێگەی سەر بڵندی و مەردی و ڕێزە
ڕۆڵە ئەمانەت پێ دەڵێم
تا، کە مردم.. بە ئیسراحەت چاو لێک بنێم
*
ڕۆڵەی شیرین، هەناسەکەم
خەمی کۆرپەت مەخۆ «لایەی» وای بۆ دەکەم
کوڕم، زامداری نەنووستوو
لە زیندانا ئازاریان دای ؟
سنگت بێنە، زامەکانت لە سنگی کفتم هەڵبسووم
تا، وەک گوڵاڵە بۆنیان کەم
بڵێم ئۆخەی، شوکر ڕەنجم بەبا نەچوو
باوانەکەم تۆی کۆڵەکەی خانووی هیوام
تۆی بەهاری تەمەنی خەزانی تەنیام
کوڕم نائومێدم نەکەی
ڕەنجی ژینی کوللەمەرگیم بەبا نەدەی
ڕۆڵە نەکەی ورە بەردەی
ڕۆڵە نەکەی بە مەرهەمی خۆفرۆشی
زامەکانت ساڕێژ بکەی
زامدارێک خاوەن ورە بێ.. زامەکانی دژی مەرگ
وەک ڕەشەبا، وەک برووسکە.
وەک گەردەلوول دەگرمێنن
مەرهەمەکان ڕەفز دەکەن
سارغییەکان ڕەت دەکەنەوە و نەفرەت دەکەن
مەرهەم و سارغییان تەنیا ئاگر و ئاڵای شۆڕشە
هەڵمەتی سەخت و هێرشە
باوانەکەم، برینەکانت ئەوانە مەرهەمیانە
نەک «پاکانە»
چونکە دەڵێن:
بە بیانووی نان پەیداکردن
بۆ برسێتی ژیانی من
پاکانە پڕ دەکەیتەوە
وا هاتمە لات لە خۆمی ببیستە ڕۆڵە
شیرم بە تووتک حەڵاڵ بێ
نەک ئەو کوڕەی پاکانەی لە خەیاڵ بێ
کوڕم من حەز دەکەم گەڕ بم لە چڵکانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم بمرم لە برسانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم چاوەکانم کرمەڕێز بن لە زیندانا
بەڵام کوڕەکەم بەر نەبێ بە پاکانە
ڕۆڵە ئەوەی پاکانە پڕ دەکاتەوە
دووبارە کۆست دەخاتەوە
شەهیدەکان لە نوێ شەهید دەکاتەوە
ناوی پاکانە نەهێنی
سەرباری ئەم زەبوونییەم نەکەی شەرەفم بشکێنی
ڕۆڵە نەکەی ڕێگەی خۆت و هاوڕێکانت بیر چێتەوە
بمگووشە توند بە خۆتەوە
تەماشای پرچەکانم کە هەموو سپین
هۆن هۆن هەمووم هۆنیوە بۆ ڕەوابوونی تۆ بۆ ژین
بڵێ دایە.. سوێند بێ بەو پرچە سپییانەت
دڵۆپ دڵۆپ سوێند بێ بە شیری حەڵاڵی ئەو مەمکانەت
تۆ دایکمی سەری دایکێک نانەوێنم
بە شیری گۆشی کردبم
بینای حزبێک ناڕووخێنم
بە خوێنم گۆشم کردبێ
*
قسەی خوشک:
کاکە گەرمی و ساردی هەموو زیندانەکانم چەشتووە
هاتوومە لات، جنێو و تف و نەفرەتی
یاساوڵم بە داوێنم هەڵگرتووە
نزا و نزام ڕژانۆتە ژێر پۆستاڵی ژەندرمەوە
شیشی ژەنگاوی زیندانم بە زمانم لستۆتەوە
کەچی ئەنجام لە سووچی ڕۆژنامەیەکدا بە
پاکانە پڕکردنەوە
پاداشتەکەم دەدەیتەوە؟
ئەو خەڵکەش بیخوێننەوە!
هەتا ماوین قێز و بێزمان لێ بکەنەوە
بەبنی پێڵاوی نەفرەت شەرەفمان بپلیشێننەوە
ئاوا پاداشتی ئازار و شەونخوونی
من و دایکم دەدەیتەوە؟
چۆن لە ڕووم دێ بچمە لای ئەو
خوشکانەی کە چاوەڕوانن
تۆڵەی جەرگی سووتاویان بۆ بسێنی
وا هاتمە لات، لە خۆمی ببیستە کاکە
من حەز دەکەم ڕووم ڕەش کەیت و پرچەکانم بقرتێنی
بەڵام هەرگیز ناوی پاکانە نەهێنی
کاکە چی بکەین، بیر بکەوە کاکە چی بکەین؟
مەگەر زەوی قووتمان بدا
مەگەر ئاسمان هەڵمانکێشێ
ئەگینا چۆن لە ڕوومان بێ
دوای پاکانە، ڕوو نیشانی خەڵکی بدەین؟
لە ئاستی ژنی گەڕەکدا سەرهەڵبڕین؟
چۆن باست کەین؟
چۆن لایلایە بۆ تاقانەکەی خۆت بکەین؟!
کە تۆ هەموو گیانت پیسی بێ، سەرشۆڕی بێ
کاکە گەر ئەوە نیازتە بۆ لای ئێمە نەیەیتەوە
سیکتر.. سیکتر
پاکانەی ناو ڕۆژنامەکە و خۆشت.. سیکتر
ئێمە پیاوێکمان بۆ چییە.. کە پارچەیە
پیاوەتی پێشێلکراوی جەریدەیە
هەر بە ڕۆژنامەکەی لای خۆت
بێ ئابڕوویی و سەرشۆڕی خۆت بپێچەوە
هەتا تۆ هەی لە زەلکاودا بتلێرەوە
بەڵام هەرگیز بۆ لای ئێمە مەیەرەوە
چۆن پاکانە لە گەل دەکەی
ئێمەش هەروا پاکانە لە ناوت دەکەین
دەڵێین ئەی گەل: ئەم سەرشۆڕە چاوان پڕ لە زەلیلییە
کوڕمان نییە، کاکمان نییە کەسمان نییە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە