کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سێیەم زەنگی خەتەر بۆ سەر ئەزموونی هەرێم

.

04:57 - 18/05/2022

سێیەم زەنگی خەتەر بۆ سەر ئەزموونی هەرێم

ئارام هادی

لە دنیای سیاسەتدا دبلۆماتکارەکان بە فێڵبازترین چین ناسراون و لە پشتی پەردەوە جۆرەها سیناریۆ دژی دەسەڵات و حوکمڕانی وڵاتانی خانەخوێ دادەنێن، لە بەختی کورد کە ڕەنگە پەیوەندی بە دڵسافیمانەوە هەبێت ژمارەیەک لە دبلۆماتکارە بیانیەکانی هەرێم ڕاستەوخۆ پیلان و مەترسیە دەرەکیەکانمان بۆ دەخەنەڕوو هەروەها ئامۆژگاریشمان دەکەن کە تەنها بە یەکڕیزی و یەکگوتاری دەتوانین بەرەنگاریان بینەوە. دووجار بلاسخارت و جارێکیش باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق زەنگە مەترسیدارەکەیان بۆ کورد ئاشکراکردووە، لەسەر ئەوەی هێز و لایەنە سیاسیە کوردیەکان خاوەن پرۆژە و ڕوئیا و ستراتیژی هاوبەش نین، زیاتر گرفتەکەش ئەوەیە لایەنی دەستپێشخەر بۆ لێکترازان و قوڵکردنەوە و بە بنبەست گەیشتنی کێشەکان نادرێتە بەر ڕەخنە و سەر زەنشتی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی ستۆپ لەسەر هەڵە بەردەوامەکانی بکات، ئاخر چۆن دەکرێت لە هەرێمێکدا کۆیگشتی دەسەڵات و سیستەم و ژیان و گوزەران و چارەنوسی خەڵک یاری کۆنکەنی دەستی یەک لایەنی سیاسی بێت و لە نەزانیدا لەسەر مێزی قومار بیدۆڕێنێت؟. لێکترازاوی ناوماڵەکەمان دەمودانی دوژمنانی زیاتر لێ تیژکردووین و بەچڕی دەستیان خستۆتە بینەقاقامان و هەڕەشەی مان و نەمانمان لێدەکەن، لەبری خۆ خەریککردن بە پرسە چارەنوسسازەکان داڕشتنی پلان و بەرنامەی پێشخستنی سیاسەتی حەکیمانە بۆ دیاربونی ئایندەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەداخەوە وزەی خۆمان لە زیادکردنی جیاوازیەکان بە هەدەردەدەین، کە سەرجەمیان پارتی بەرپرسیاری سەرەکیە. ئێستاش "نەچوە بچێت" تا کار لە کار نەترازاوە لەم قۆناغەدا سەرکردایەتی سیاسی کوردی دەتوانن لە دەوری پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کار بۆ عیراقێک بکەن کە وزەی خۆیان لە جێبەجێکردنی دەستووری عیراق و شەراکەتی ڕاستەقینە بکەنەوە و سەرجەم ناکۆکیە سیاسی و ئیداریەکان لەگەڵ بغداد کۆتایی پێبهێنن، گەرنا هۆشداری دبلۆماتکارە بیانیەکان لە بلاسخارتەوە بۆ ماسیۆ تولەر نزیکە و تەڕ و وشک لەگەڵ خۆی دەسوتێنێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11636 - 27500

سەرەوە