کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كاریگەری‌ وشكەساڵی‌ لەسەر عیراق

.

10:33 AM - 16/05/2022

كاریگەری‌ وشكەساڵی‌ لەسەر عیراق

 

 بورهان شێخ ڕەئوف‌

 

عیراقییەكان  رووبەڕووی زۆر كێشەو گرفت  بوونەتەوە، بە هۆی‌ گۆڕانكارییەكانی‌ كەشو هەواوە، لە بابەتی‌ بەرزبوونەوەی‌ پلەكانی‌ گەرما و كەمی‌ باران بارین و كەم ئاوی‌ شۆرەكات بوونی‌ خاك و  زیادبوونی‌ خۆڵبارین، ئەم گۆڕانكاریانەش بەربەستن بۆ گەشەپێدان و باشتركردنی‌ دۆخی‌ گوزەرانی‌ خەڵك .

بە بیابان بوون كارەساتێكی‌ ژینگەیی ترە كە كاریگەری‌ زۆری‌ لەسەر كەرتی‌ كشتوكاڵ هەیە و بەرهەمی‌ ناوخۆیی‌ جوتیارانی‌ عیراقی‌ سنووردار كردووە، ئەمەش لە ئاكامی‌ بڕین و گۆڕینی‌ زۆری‌ رێڕەوی‌ ئاوی‌ رووبارەكان و بنیاتنانی‌ بەنداوی‌ گەورە بە تایبەتی‌ لەسەر هەردوو رووباری‌ دیجلەو فورات، لە لایەن ئێران و توركیاوە، لە كاتێكدا دەزانین 70% سەرچاوەی‌ سامانی‌  ئاوی‌ عیراقن، هەندێك ناوەندی‌ هەواڵ باس لەوە دەكەن تەنها هۆكار دروستكردنی‌ بەنداو و گۆڕینی‌ رێڕەوەی‌ رووبارەكان نییە، بەڵكو ئەنقەرە و تاران وەكو فشاری‌ سیاسیش بۆ سەر بەغدا  بەكاری‌ دێنن، هەر بۆ ئەو مەبەستەشە كاربەدەستانی‌ توركیا نكوڵی‌ لەوە دەكەن هەردوو رووباری‌ دیجلە و  فورات نێودەوڵەتی‌ بن، دەڵێن ئێمەش مافمان لە نەوتی‌ عیراقدا هەیە، ئەگەر ئەوان مافیان لە ئاوی‌ ئەو رووبارانەدا هەبێت .

هەر لە ئاكامی‌ ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییانەشەوەیە دەسەڵاتدارانی‌ تەندروستی عیراق لە 5/5/2022 رایانگەیاندووە بە سەدان كەس بە هۆی‌ خۆڵبارینەوە سەردانی‌ نەخۆشخانەكانیان كردووە و تووشی‌ تەنگەنەفەسی‌ بوون، هەر بە هۆی‌ ئەو خوڵبارینانەشەوە هێڵی‌ ئاسمانی‌ عیراق هەموو گەشتە ناوخۆیی‌ و دەرەكییەكانی‌ خۆی‌ لە فڕۆكەخانەكانی‌  عیراق راگرتبو، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ عیراقیش هۆشداری‌ بە شۆفێران دابوو كە زۆر وریابن بە هۆی‌ كەمی‌ ماوەی‌ بینین بەهۆی‌ تەپ و تۆز و خۆڵبارینی‌ زۆرەوە .

عیراق ئێستا لە ریزی‌ ئەو پێنج وڵاتەدا پۆلین كراوە لەسەر ئاستی‌ جیهان كە بەرەو رووی‌ بە بیابانبوون و گۆڕانكاری‌ كەشوهەوا دەبێتەوە، بەهۆی‌ وشكەساڵی‌ و بەرزبوونەوەی‌ پلەكانی‌ گەرما كە لە وەرزی‌ هاویندا هەندێك جار دەگاتە سەرووی‌ پەنجا پلەی‌ سەدی، هەر تایبەت بەم بابەتە بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ كاروباری‌ تەكنیكی‌ وەزارەتی‌ ژینگەی‌ عیراق هۆشداری‌ دا لە زیادبووونی‌ گەردەلوولی‌ خۆڵبارین لە دوو دەیەی‌ داهاتوودا كە ساڵانە 272 رۆژ غوبار و خۆڵبارین بێت، تەنانەت لە ساڵی‌ 2050 دا بگاتە 300 رۆژ خۆڵبارین .

 

چارەسەرچیە؟

چارەسەری‌ پێویست ئەوەیە كە ڕووبەرەكانی‌ سەوزایی‌ فراوان بكرێت لە هەموو شوێنەكانی‌ عیراق بە شێوەیەكی‌ چڕ بۆ بەرگرتن لە تەوژمەكانی‌ باو گەردەولوولی‌ خۆڵین، هۆكارێكی‌ سەرەكی‌ گۆڕانكاری‌ كەشوهەوای‌ عیراق، خراپ بەڕێوەبردنی‌ ژینگەی‌ وڵاتە لە چوارچێوەی‌ یاسایی‌ و كارگیڕیشەوە، لاوازی‌ رێكار و توانای‌ دامەزراوەكانی‌ .

لە كۆتاییدا عیراق كارتی‌ فشاری‌ زۆرە لە بەرامبەر هەردوو وڵاتی‌ ئێران و توركیا بەكاری‌ بهێنێت، بۆ ئەوەی‌ بەر بەو سیاسەتە بگرێت كە دەرهەق بە بەڕێوەبردنی‌ ئاو لەگەڵ عیراقدا پەیڕەوی‌ دەكەن، چونكە عیراق بازاڕی‌ سەرەكی‌ ساغكردنەوەی‌ كاڵای‌ توركی‌ و ئێرانیە، دەكرێت ئەو كارتە بەكاربهێنێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە