کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری و ناوبانگی هەرێم

.

02:56 PM - 03/05/2022

سێی ئایاری هەموو ساڵێك وەك رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری،دیاری كراوە لە جیهان، ساڵانە ئەم یادە دەكرێتە پێوەرێك بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی میدیایی و ئاستی ئازادی رۆژنامەگەری لە جیهان.
 ئەوەی پەیوەستە بە عیراق و هەرێم بەپێی راپۆرتە جیهانییەكان لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەن كە پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان تێیدا بڵاوە و ئازادی رۆژنامەگەری لە دۆخێكی خراپدایە .
بەپێی دواین راپۆرتەكان پاشەكشەی دیموكراسی لە عیراق و هەرێم زیاتر بووە بە تایبەت لە سنووری هەولێر و بادینان.
رۆژنامەگەری هەر نەتەوەیەكیش جۆرێك لە تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، میدیای كوردیش لە هەرێم رەنگدانەوەی ئەو واقعە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییە كە هەرناوچەیەك هەیەتی ، هەربۆیە بە شاهێدی دۆست و دوژمن و بە پشتراستكردنەوەی لە رێگەی ئامارەكانەوە سنووری پارێزگای سلێمانی كەمترین پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكرێت و كەمترین حاڵەتی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان هەیە.
 بەڵام ئامارە جیهانی و نێوخۆییەكانیش ئەوە پشتراست دەكەنەوە كە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك رۆژنامەنووسان و دۆخی میدیا بەگشتی بە قۆناغێكی دژوار و سەخت تێپەڕ دەبێت، ئازادی رۆژنامەگەریش تەواو بەر تەسك بۆتەوە.
ئەگەرچی یاساناسانی كوردستان چەند یاسایەكیان بۆ رێكخستنی كاروباری میدیایی دەركردوە و مافیان بە رۆژنامەنوسان بەخشیوە بۆئەوەی ئازادانە روماڵ بكەن و دەستیان بگات بە زانیاریەكان، بەڵام بەهیچ شێویەك كار بەو یاسایانە ناكرێت، یاسای مافی بە دەستهێنانی زانیاری هەیە، بەڵام زۆر بە ئەستەم رۆژنامەنوسان دەستیان دەگات بە زانیاریەكان بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە كەیسەكانی گەندەڵی .
هەرێمی كوردستان پێویستی بە شەفافیەت و كرانەوەی زیاتر هەیە بە تایبەت سنووری دەسەڵاتی پارتی، پێویستی بە سەروەری یاسا و رێزگرتنی زیاتر لە ئازادیە گشتیەكانە، پێویستی بە چاكسازی ریشەیی هەیە،  هەموو ئەم پێویستیانە وا دەخوازێت كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە دیدگایەكی نیشتمانیانەوە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوسان بكات خۆی لە كۆت و بەندی حزبی خێڵكی بكاتەوە و دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشتن بە زانیاریەكان بڕەخسێنێت،هەروەها دەبێت كاری جددی بكرێت لەسەر سزادانی رۆژنامەنووسان لە سنوری هەولێر و دهۆك كە لە ماوەی رابردوو دەیان رۆژنامەنووس بەهۆكاری ئازادی رادەربرین سزا دراون و هەندێكیشیان لە زیندانەكاندان و تاكو ئەم ساتەش دادگایی نەكراون.مەترسدارترین كێشەش كە رووبەرووی رۆژنامەنوسان دەبێتەوە ئەوەیە لە كاتی زیندانی كردنیاندا بە پێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت،ئەمەش ناو ناوبانگی هەرێمی كوردستانی لە ناوخۆ و دەرەوە ناشرین كردووە و بۆتەهۆكاری پاشەكشەی ناوبانگی دیموكراسی لە هەرێم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە