کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

رێككەوتنی پێكەوەبەستنی كارەبای عیراق و سعودیە ئیمزاكرا

.

04:24 PM - 25/01/2022

رێككەوتنی پێكەوەبەستنی كارەبای عیراق و سعودیە ئیمزاكرا
عیراق و سعودیە بەشێوەیەكی رەسمی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان لە بواری پێكەوەبەستنی تۆڕی كارەبای هەردوو وڵات ئیمزاكرد، بەپێی رێككەوتنی هەردوولا لەقۆناغی یەكەمدا سعودیە 500 مێگاوات كارەبا بۆ عیراق دەنێرێت، ئەوەش نیوەی ئەو كارەبایە كە ئێران هەناردەی عیراقی دەكات و بڕەكەی هەزارو 100 مێگاواتە.
كەناڵی ئەخباریەی سعودیە رایگەیاند، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنەكە لەنێوان شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان وەزیری وزەی سعودیەو (حەمید غزی) ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئیمزاكراوە و لە كاتی كردنەوەی كوڕبەندی كارەكانی عیراق- سعودیە لە ریازی پایەتەختی سعودیە بووە.
هاوكات (حەمید غزی) ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاند، دامەزراندنی ئەنجومەنی هەماهەنگی عیراقی - سعودی چەندین دەستكەوتی بەرجەستەكراوی هەبووە لەوانە كردنەوەی دەروازەی عەرعەر كە چەندین ساڵە داخراوە، هەروەها بەستنەوەی كارەبا و گەشەپێدانی شارە پیشەسازییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
لای خۆشیەوە عادل كەریم وەزیری كارەبای عیراق ئاماژەی بەوەكردوە، بەزووترین كات پێكەوەبەستنی تۆڕی كارەبای هەردوو وڵات دەستپێدەكات و بەغدا خوازیارە بە كەمتر لە دوو ساڵ پرۆژەكە جێبەجێ‌ بكرێَت و بەتەواوكردنیشی عیراق دەبێتە خاڵی پێكەوە بەستنی كارەبای وڵاتانی عەرەبی بە ئەوروپاوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە